پارە و پڕانسیپ!

14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارێز عەبدولڵا


ئەو دوو چەمکە دژی یەکتری نین، ئەگەر بێت و پارە بە پڕانسیپ بەدەستبێ و بە پڕانسیپیش خەرج بکرێ. پارە بە دوو ڕێگا پەیدا دەکرێ، ڕێگایەك بە هێزی باز و ژیری، واتە بە ڕەوایی و ڕێگای دووەمیش بەستەمکاریی. ستەمکاری بۆ پەیداکاردنی سەرمایە و پارە جۆراوجۆرە. بۆ نموونە: دەستبەسەرداگرتن، دزی، بەرتیل وەرگرتن، تەلەکەبازی، بەکارهێنانی سامانی گشتی، بەکارهێنانی هێز و...، هەموو ئەو جۆرانە ناڕەوان و لە مافی خەڵکی تر زەوت دەکرێن. لە پرۆسێسی سیاسی، بەتایبەت لە سیستمی دیموکراسیدا بیروباوەڕی جۆراجۆر، دروشمی جۆراوجۆر، پلانی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرێن، چەندی جێبەجێ دەکرێن گرنگ نییە، بەقەد ئەوەی ئەو پرانسیپانە دەخرێنەڕوو، چونکە ئەو جۆروجۆریە ململانێیەکی ئاشتیانە دروست دەکات و ئەنجامیش لە بەرژەوەندیی گشتی دەشکێتەوە.
کاتێك کۆمەڵگەیەک بە بارودۆخێکی نا هەمواردا تێدەپەڕێ و پارە و سەرمایە دەبێتە ئامانجی دەستەبژێرە سیاسی و باڵا دەستەکەی نە دروشم و بۆچوونە جیاوازەکان بایەخیان دەمینێ و نە یاساش سەروەر دەبێ، بۆیە گەل ڕووبەڕووی مەترسی گەورەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاسایشی دەبێتەوە. ئەگەر ئەو گەلە زوو بەخۆیدا بێتەوە زووتر بەڵایەک لە یەخەی خۆی دەکاتەوە، کە ڕەنگە چارەنوسێکی ڕەشی بۆ دروست بکات، خۆ ئەگەر درەنگتریش بی گۆڕانکارییەکە هەر دەبێ، بەڵام بە زەرەر و زیانێکی گەورەتر.
پشتگوێخستنی پڕانسیپ و لەبەرچاوگرتنی پارە لێکەوتەی وای بەدوادا دێ کە چاك بە خراپ و ئازا بەترسنۆک و گەندەڵکار بە لێهاتوو زانا بە دەبەنگ و گوێڕایەڵ بە ژیر و هاتوهاوار بە زیرەکی و پلان بەبێ ئومێدی وێنا دەکرێن، باڵا دەستەکانیش بەهۆی ئامرازەکانی بەردەستیان ئەگەر بە ڕووکەشیش بێ دەتوانن ئەم کارە بە ئاسانی بکەن، بەتایبەت لەم سەردەمەی پڕوپوچیەدا، کە بەداخەوە کاریگەری لەسەر کوردستان زۆر گەورە وکاریگەرە.
چەند باش دەبێ ئەگەر دەستەبژێری باڵا دەست درک بەو ڕاستیە بکا و خۆی بە خۆیدا بێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە