"بافڵ نا نێچیرڤان";پەیامی درۆنەكان

12 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد رەئوف

بۆیەكەم جار درۆنە خۆكوژەكان سەروەری هێزەكانی یەكێتییان بەزاند ئاسمانی "مەعەسكەر سەلام" كە تیایدا بارەگای سەرجەم هێزەكانی یەكێتی لێیە:
- بارەگای سەرەكی هێزەكانی 70ی یەكێتی (56 هەزار) پێشمەرگە
- بارەگای سەرەكی هێزەكانی دژە تیرۆری یەكێتی (4) هەزار
- بارەگای سەرەكی هێزەكانی كۆماندۆی یەكێتی (6) هەزار
- بارەگای سەرەكی هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن (26) هەزار
- بارەگای لیوكانی (لیوا ئەیوب)
- بارەگای هەواڵگری هێزەكانی پێشمەرگە
- بارەگای هێزەكانی ئەمریكا
- بارەگای حەرەس حدودی عێراق
دوو درۆنی (خۆكوژ) سەروەری هێزەكانی یەكێتی بەزاندوو درۆنێكیان خۆی كێشا بە نزیك بارەگای فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی، تا ئێستا درۆنی هیچ لایەك نەیتوانیوە ئەو ناوچەیە ببەزێنێت، ئەم درۆنانە ئەگەرچی هیچ نوسین و ئاڵاو ئاماژەیەكی پێوە نیە كە شوناسەكەی دیاری بكرێت، بەڵام (درۆنی خۆكوژ) بوون ئەو درۆنانەن كە لە عێراقدا بەدەستی گروپەكانی لایەنگری ئێرانن، واتا هەمان ئەو گروپانەن كە بە نزیكی ئێران ناسراون واتا (درۆنی توركی یان ئیسرائیلی و ئەمریكی نین).
هێرشە درۆنیەكەی سەر سەروەری هێزەكانی یەكێتی(مەعەسكەر سەلام) حەق و حیسابی دوای جەنگە، كە ئێران لە رێگەی گروپەكانییەوە دەیەوێت بە گوێی هەندێك هێزیدا بدات كە لێیان نیگەرانە یاخود لەكاتی جەنگەكەدا لە ئاستی داوا و خواستیدا نەبوون.
- كەسیان وەك محەمەد حاجی مەحمود روون و راشكاو نەبوو بەتەواوی بێسڵمینەوە تای ئێرانی گرتوو بەرەی دژ بە ئەمریكا و ئیسرائیلی هەڵبژارد.
- نێچیرڤان بارزانی بە پەیامەكەی بۆ ئێران و تەلەفۆنەكەی بۆ عێراقچی، تەرازووی لاسەنگی پارتی لەشەڕەكەدا بەرامبەر ئێران راستكردەوە، هەربۆیە كونسوڵی ئێران لە سلێمانی بەڕونی بۆ وەرگێڕەكەی راستكردەوە" سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەكەین، بافڵ تاڵەبانی نا نێچیرڤان بارزانی".
- بافڵ تاڵەبانی لە رێگەی نوسینگەكەیەوە بەیاننامەیەكی لەسەر شەڕەكە دەركرد، بەیاننامەكە هێندەی سەپۆرت و پشتیوانی لە سیاسەتەكانی ترەمپ بوو هێندەی پشتیوانی و لایەنگری بۆ ئێران نەبوو، لەكاتێكدا یەكێتی لە چوارچێوەی ئەولایەنانەدا ئەژمار دەكرێت كە نزیكە لە ئێرانەوە.
هەر كات هەوڵی فراوانكردنی كێڵگەی غازی كۆرمۆ دەدرا یان لێدوانێك لەسەر گرنگی غاز دەدرا، (درۆنە خۆكوژەكان) خۆیان دەكرد بە كۆرمۆردا، شوباتی رابردوو بافڵ تاڵەبانی لە بەغداد هۆشداریدا" ئەم جارە درۆن بنێرن وەڵامماندەبێت و قبوڵی ناکەین بەڵام ئەمجارە لەبری كۆرمۆری قادر كەرەم درۆنەكانیان ناردە ناو دڵی هێزەكانی یەكێتی.
درۆنەكان پەیامەكەی خۆیان گەیاند"نیگەرانن لەیەكێتی"، بەڵام ئەو هەموو هێزو دەزگای هەواڵگرییە پێیان نەوتین درۆنەكان لە كوێوە هاتوون و چۆن هاتوون و چییان دەوێت؟
محەمەد رەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی