هەڵبژاردن و کاندید بوون قۆناغێکی سەختی هەرکەسێکە کە دەچێتە
نێو ئەو ململانێیەوە بە نیەتی دەرچوون و سەرکەوتن، بۆیە مرۆڤ لە نیەتی خۆکاندیدکردنیەوە تا نزیکتر بینەوە
لە هەڵبژاردن ڕەفتار و کردارەکانی لە ژێر کاریگەریەکانی کاندیدبون و دەنگ کۆکردنەوەدایە.
ئەگەرچی بۆ مرۆڤانێك لە دۆخی ئاسایدا پێگەو ڕێگەیەکیان لەسەر
بنەمای توانای خۆیان دروستبوون قۆناغی کاندید بوون کاریگەریەکەی کەمترە و بۆ هەندێکیش
دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بەدیوە ئیجابیەکەدا، بەڵام بەگشتی قۆناغێکە پێویستی بە زۆرترین
ئاگا لە خۆ بوون و ڕاوێژە بە دەوروبەر تا لە حاڵەتی دەرنەچوون و نەگەشتنە ئامانجیشدا
داهاتووی نەکەوێتە ژێر کاریگەری کردار و گوفتارە نائاساییەکانی قۆناغی کاندیدی، کە
پۆپۆلیست بوون لە خراپترین دەستبۆبراوە باوەکانی دنیایی کاندیدی ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمەیە
بەداخەوە کۆمەڵگەی ئێمە لە پرسی هەڵبژاردن و کاندیدبون و
دەنگدان و بانگەشەی هەڵبژاردندا کۆمەڵگەیەکی پێنەگەیشتووین، بۆیە زۆرترین کاریگەری
سلبی لەسەرمان هەیە، پێوەرەکانی کاندیدبون و دەنگپێدان و بانگەشەمان تەندروست نین و
دەکرێت ژینگەی قۆناغی هەڵبژاردنمان بە ژینگەیەکی زیانبەخش بناسێنین.
ئەوە هێشتا زۆرمان ماوە باس لەوە بکەین هەڵبژاردن کاریگەریەکەی
چیە و چۆنە و چەنە و چی لە دۆخی خەڵك دەگۆڕێت و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە کوێی ئەم پرسەدایە
کە ڕۆحی هەڵبژاردنە.
هەر بۆیە کاتێك سەرنجی کۆی پرۆسەکە بەوردی دەدەیت جێگای نیگەرانیە
و هیچ مایەی دڵخۆشی نیە ئەوە با شێوازی مامەڵەی کۆمەڵگەش بوەستێ لەگەڵ ئەو شێوازە ناتەواوەی
دیاریکردنی کاندید و پێش و پاشی بانگەش، لە بری ئەوەی هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن
ڕوو بە قۆناغە تەندروستەکە هەنگاو هەڵگرین و بیکەینە ئەزمونی بەرەو باشترچوونی ئەم
پرۆسە نوێیەی ژیانی سیاسی کۆمەڵگەکەمان کە مێژوەکەی کەمترە لە سەدەیەك، کەچی لە قۆناغێکی
ناتەندروستەوە پێدەنێینە قۆناغێکی ناتەندروستتر لەم پرۆسەیەدا.
ئەوە با باسی کۆمەڵگەی پێنەگەشتوو نەکەین کە ئێمە بەشێکین
لێی کە کەلێنی گەورەمان هەیە لە دەرگای هاتنە ناوەوەی پرسەکەدا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی