حکومەتی عیراق کوڵەجۆی خستە سەر قەرەتەپە!
کاتی خۆی هەوڵێکی مەدەنی وئیداری بەرفراوانمان
سەرپێ خست بەمەبەستی بەپارێزگا کردنی گەرمیان و وتمان هەڵپەساردنی دۆخی گەرمیان بەبیانووی جێبەجێکردنی
مادەی 140ەوە لەدوایدا زەرەرێکی زۆری بۆ کورد وقەوارەی هەرێمیش دەبێت .
ئەو کاتە برادەرێک کوردایەتی پێ دەفرۆشتین و
کردیە هەرا کە گوایە ئێمە باڵی کەرکوک ئەبڕینەوە، خۆش ئەوەبوو ئەو کاکەیە دوواتر خۆشی
سەری کردە خێراتی بەغا و بووە پەرلەمانتێر!
ئەگەر لە 20 ساڵی ڕابردودا بمانتوانیایە گەرمیانمان
بکردایەتە پارێزگا لەهەرێمدا، ئێستا شەڕی دانپێدانانی پارێزگاکەشمان لەعیراقدا تەواو
کردبوو، بەڵام ئەو دەرفەتەشمان دۆڕاند وگەرمیانیش لەم ڕۆژانەدا بەکردنە قەزای قەرەتەپە
و دابڕینی کوڵەجۆ وجەبارە بۆ ئەم قەزایە پارچەیەکی تری لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە
لێ پچڕێنرا
ئەڵبەتە لە دووای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە دۆخێکی
نمونەیی بۆ کورد لەناوچە دابڕێنراوەکان هاتە ئارا وبستێکی کوردستان بەدەست عیراقەوە
نەما و هە لەسنووری گەرمیانەوە خانەقین و جەلەولا و قەرەتەپە وجەبارە بەتەواوی کەوتنە
ژێر دەسەڵات وئیدارەی هەرێم
بەڵام وەک هەموو جارێکی تر کورد لەوێ بەئاراستەی
گەڕاندنەوەی یەکجارەکی ئەو ناوچانە بەردێکی نەخستە سەر بەردێ و دڵی هاونیشتمانیەکی
هیلاک وبەشمەینەتی ئەو ناوچانەیان بەهەنگاوێکی پەرۆشانە خۆش نەکرد ،
بەسیاسەتێکی
گەمژانە و حیزبایەتیەکی ناشیرین و تاڵان وبڕۆ و ئازاردانی خەڵک کارێکیان کرد کوردە
بەشمەینەتەکەشیان پەرێشان ونائومێد کرد
تا دۆخەکە گەنی و عەرەبی شۆفینی وهاوردەی ئەم
ناوچە کوردستانیانە دەستیان کردە جموجوڵ و لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەغدا یەک یەکی
ئەو ناوچانەی وەرگرتەوەو نیوەی خاکی کوردستانیان دۆڕاند.
وەک وتیشم دووا پەرەسەندنی ئەم ڕۆژانەش ئەوەیە
کە عەرەبی شیعە وسونە لە دیالە کە قەت لەسەر هیچ کۆک نەبوون دەستیان بەیەکا کردووە
و دووای بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە دوواید بەبڕیاری سەرۆک وەزیران قەرەتەپەیان
کردۆتە قەزا و جەبارە و کوڵەجۆ"کۆکس"یشیان خستۆتە سەری کە لە دووای ڕاپەڕینەوە
لەلایەن هەرێم وئیدارەی گەرمیانەوە ئیدارە ئەدرێت وناحیە و 12 فەرمانگەی سەر بە هەرێم
لە کوڵەجۆن و 30 ساڵە ئیدارەی ئەدەن ، لەپاڵ ئەوەشدا 1700 پێشمەرگە لەسنوورەکەن و
حکومەتی عێراق وحکومەتی خۆجێی دیالە بۆ سەرژمێری دانیشتووانیش نەهاتوونەتە کوڵەجۆ،
هەروەک لە دووای شەڕی داعشەوە عەرەب زۆرینەی دانیشتووانی کوڵەجۆ پێکدەهێنن.
سەیر ئەوەیە کە لەبڕیارەکەی سەرۆک وەزیراندا
لەجیاتی باسکردنی مادەی 143 ی دەستووری عیراق کە سنووری هەرێمی کوردستانی بەناوچەی
سەوز دیاری کردووە ، ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم لەجیاتی ناوجە کێشە لەسەرەکان
کە لەدەستوری عیراقدا هاتووە بە سنووری سوپا لە 19ی ئازاری 2003 ناو دەبات!
لەدیاریکردنی سنوورە ئیداریەکانی پارێزگاکەشدا
بڕیارەکەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئیستنادی کردۆتە سەر نووسراوێکی وەزارەتی
پلاندانانی عیراق کە هیچ دان نەک بەئیدارەی گەرمیان بەڵکو بە کەلار وکفریشدا وەک
شار وئاوەدانی نانێت و لەدووای ناوهێنانی جەلەولا وخانەقیدا کە دەوری قەرەتەپەیان
داوە لەنووسراوەکەدا هاتووە : قەزای قەرەتەپە لە باکوریەوە پارێزگای سلێمانیە!
ئەڵبەتە بەپێی یاسا بەرکارەکانی عیراق بۆ
کردنەوەی قەزا دەبێت ناوەندی قەزاکە 50000 کەس وهەموو سنوری قەزاکە 80000 کەسی تێدا
بێت کە هیچ کام لەم مەرجانە لە قەرەتەپەدا نیە، بۆیە ئەم کردنە قەزایە تەواو بڕیارێکی
سیاسی دژی کوردە و کوردیش بەوهەموو ساڵەی بوونی وەک هێز وئیدارە لە جەبارە وقەرەتەپە
نەیتوانی هیچ لەچارەنووس وئایندەی ئەو ناوچانە بگۆڕێ و بووە یادگاریەکی ناخوش بۆ
دانیشتووانەۆەشی!
لەکاتێکدا هەموو کورد لەهەرێم لە میحنەتی بێ
موچەیی و لێڵی ئاسۆی ئایندەی هەرێمەکەیان و لەبەر مەترسی پێشهاتە خێرا وخراپەکاندان
و حکومەتی عێراق هێزی زیاتری هێناوەتە دەروازەی قەزای کفری و هێزە عێراقیەکە لەو ڕۆژانەدا
هاتوونەتە ناو شارەکەش ، هەروەک پارێزگاری دیالە وەک ناحیە وێنەی نووسراو ئەداتە ئیدارەی
شاری کفری کە کۆنترین قەزای نەک هەرێم بەڵکو هەمو عێراقە!
هەر لەم کاتەدا عێراق 3 ناحیەی گەرمیان دادەبڕێت
وقەزایەکیان لێ دروست دەکات کە کوڵەجۆیان لەناودایە وا لەوەتەی حکومەتی هەرێم وئیدارەی
گەرمیان هەیە سەر بە هەرێم و گەرمیانە، بەمەش حکومەتی عێراق دێتە سەر سنووری کەلار
! تا ئەم لەحزەیەش کاردانەوە وکەوتنەجووڵە و تەنانەت لێدووانی بەرپرسێکی هەرێم لەسەر
ئەم پێشهاتە مەترسیدارە نیە! هەموو ڕوداوەکان وادەردەکەون بەرەو هەرەسێکی تر کەوتووینەتە
ڕێ!
عەرەبە
شۆفینیەکانی سەر سنوورەکانی گەرمیان بەم بڕیارەی بەغدا کەوتوونەتە شایی وهەڵپەڕکێ
ولەنەشئەیەکی سەیردان! کوردیش کە یەکێتی وپارتی نوێنەرایەتی دەکەن حەپەساو و بێدەنگ
و دەستەپاچە!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی