درۆن و موچە!

7 کاتژمێر پێش ئێستا

دڵشاد ئەنوەر

شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کۆتایی هات، دوو بۆچوون هەیە، بۆچوونی یەکەم پێیوایە شەڕ تەواو، ئەمەریکاو ئیسرائیل چییان ویست لە ئێران کردیان، ئێستا ژێر بەژێر سەرقاڵی دانوستانن. بۆچوونی دووەم پێیوایە هێشتا گەڕێکی تری لاوازی شەڕ بەڕێگەوەیە.
* هەموو ئەو درۆنانەی ئێستا لەدەوروبەرمان دەبارن، درۆنی حەشدو بە ئیعازی ئێران ڕەوانە دەکرێن..
* درۆنەکان بە دوو ئاراستەن، ئاراستەی یەکەم بۆ هەردوو زۆنەکەن، چونکە ئێران زۆنێک بەبێ هەڵوێست و گومانی دەست تێکەڵکردنی لە زۆنەکەی تریش هەیە، بۆیە ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات لە سیاسەت دا پێیدەوترێت تەمبێکردن یاخود گوێ ڕاکێشان.
ئاراستەی دووەمیش بۆ کەرکوک و هەولێرو ناوچەکانی تر، بۆ لێواری بنکەکانی ئەمەریکایەو سیاسەتی هۆشداری و بێ متمانەییە.
* کورد بە جامێک ئاو دەکەوێتە مەلە، ئیسرائیل و ئەمەریکا شەڕی بەرژەوەندی خۆیان دەکەن، کورد دەبێت باڵانس ڕابگرێت و پێویستی بەوە نییە زەرەیەک لایەنگری بکات، بەڵام لەم دۆخەدا لەزمەی داوە بەدەستەوە.
* درۆن، موچە نەناردن، هیچ رەبتی بە نەوت و داهات و چی و چییەوە نییە، هەرێم جەستەیەکی ماندووەو خۆی ڕادەستی بەغدا کردووە، بەغدا حساب ناکات و رۆژانەش سەقفی داواکاری بەرز دەکاتەوە، هەمووشی رەبتی بەهەڵوێستی دوو حزبەکەوە هەیە لەسەر شەری ئێران ئیسرائیل.
واتە ناردنی درۆن و نەناردنی موچە، تێهەڵکێشن و پەیامن یاخود بەشێکن لە سیاسەتی تەمبێ کردن، با ئێران بەرامبەر رۆژاوا لاواز بووبێت، خۆ چڕنوکی بۆ کورد تیژە..
بۆ موچەو درۆن، دەبێت بڵێین؛ خودایە دڵی ئێران نەرم بکەیت، چونکە  کورد نازانێت یاری بکات، رۆژاواش بەرژەوەندی و خۆپەرست و ناپاکن..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی