یاریکردن بە کات و
مووچە
لە شانشینی
(ئابوری سەربەخۆ) ی کوردییدا، کە خودی کات سەرلەنوێ لە بەرژەوەندی گەندەڵیدا پێناسە
دەکرێتەوە، مانگەکانی ساڵ گۆڕدراون بۆ وێنەیەکی سوریالی: مانگێک ٧٤ ڕۆژە، مانگێکی تر
٦٦ ڕۆژە، سێیەمیش ٥٨ ڕۆژ، وەک ئەوەی ساڵنامەی نوێی (هەرێم) شۆڕشێک لەدژی گەردوون ڕابگەیەنێت!
بۆچی پابەندبن بە ساڵنامەیەکی نەگۆڕی ۱۲ مانگی! لە کاتێکدا دەسەڵاتی هەرێم دەتوانێت
ساڵێک دابهێنێت، لەیەک کاتدا ٨ یان نۆ یان
١١ مانگ بێت؟ نهێنییەکە سادەیە: (دواخستنی مووچە) بۆ کاتێکی نادیار، بە بیانووی (بارودۆخی
نائاسایی یان سیاسەتی دوژمنکارانەی عێراقی عەرەبی) کە بۆ ماوەی دە ساڵی تەواوە بەردەوامە.
بەم شێوەیە فەرمانبەران وەک ئەوەی چاوەڕێی مەهدی بن، لە چاوەڕوانی مووچەکانیان دان،
ئەمە لە کاتێکدا داهاتی نەوت لە گیرفانی (شازادە) نوێیەکاندا لەچاوتروکانێکدا نامێنێت.
ساڵنامەی
گەندەڵی... کاتێک مانگ دەبێتە ٧٤ ڕۆژ!
داهێنانی کات: ئەگەر
گالیلۆ (گۆیی) زەوی دۆزیبێتەوە، ئەوا دەسڵاتدارانی هەرێم (کاتی لاستیکی)یان دۆزیوەتەوە!
مانگی (موچەی دواکەوتوو) ٧٤ ڕۆژە و بەدوایدا مانگی (پاشکەوتی ئیجباری) ٦٦ ڕۆژ و پاشان
مانگی (لێبڕینی بەزەیی) ٥٨ ڕۆژی دێت. هەموو ئەمانە داهێنانی بلیمەتەکانی مەملەکەتی
ئابوری سەربەخۆ بوون، ئەویش بۆ پاساوهێنانەوەی دیارنەمانی ٧٥% هەندێکجار و ٥٥%ی مووچە لە هەندێک کاتی تردا.
لۆژیکی ئەفسوناوی:
خواپێداوەکانی مەملەکەت دەڵێن: (ئێمە مووچەکانتان پاشەکەوت دەکەین، بۆ ئەوەی بەفیڕۆی
نەدەن!). وەک ئەوە وایە، هاوڵاتیان منداڵ بن و نەزانن چۆن پارەکانیان هەڵبگرن، لە کاتێکدا
دەسەڵاتی (بەبەزەیی) لەباتی ئەوان دەیخوات و بۆیان پاشەکەوت دەکات! پاشان لەناکاو پاشەکەوتەکە دەگۆڕێت بۆ (لێبڕین)ی ٢٢%
یان ١٨%، وەک ئەوەی بڵێن: (لەدەستدانی پارە کەمتر ئازاربەخشە، وەک لە لەدەستدانی کەرامەت!).
ئابووری
نەوت... کاتێک سامان بۆ قەرز دەگۆڕێت
وەهمی ئابووری سەربەخۆ: دوای جیابوونەوەی لە بەغدا،
دەسەڵاتی هەرێم (موعجیزە)یەکی ئەنجامدا، کە ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بۆ 31 ملیار
دۆلار قەرز گۆڕی. دەسەڵاتی شازادەکان سەلماندیان، کە دەتوانرێت نەوت بۆ سەراب بگۆڕێت، ئەگەر چرای گەندەڵی لەسەر بدرەوشێتەوە!
هونەری ژمێریاریی داهێنەرانە:
بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 59%ی داهاتی نەوت لەناو (خەرجییە ئیدارییە)
نهێنییەکاندا نامێنێت، لەکاتێکدا وەزارەتەکانی دارایی و کارەبا تۆمەتبار دەکرێن، بەوەی
زۆرترین ڕێژەی گەندەڵییان هەیە.
ستەمکاریی بە ناوی
کوردپەروەرییەوە!
ناڕەزایی = خیانەت:
کاتێک مامۆستایانی سلێمانی و هەولێر ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای مووچەیان دەکرد،
دەسەڵاتداران لە تۆمەتبارکردنیان بە (کارکردن بۆ دوژمنانی دەرەکی) یان (تێکدانی سەقامگیریی)
درێغیان نەکرد. بەشانازییەوە پەیکەری شەقهەڵدان لە مامۆستا و قوتابیان لە شەقامە
سەرەکییەکاندا دروستکرد! هەمان ئەو تاکتیکەی بەغدا بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەری
٢٠١٩ بەکاری هێنا، کە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ١٠٤ خۆپیشاندەریان کوشت.
قەدەغەکردنی خۆپیشاندان:
هەروەک چۆن بەغدا لە لوتکەی عەرەبی ئەمساڵدا، بە بیانووی (ئەمنی) خۆپیشاندانی قەدەغە
کرد، دەسەڵاتی هەرێمیش لە ڕێگەنەدان و سەرکوتکردن و دەستبەسەرکردنی ڕێخەران و خۆپیشاندەران
ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد.
شانشینی دەسەڵاتدار...
حوکمڕانی بنەماڵەکان لە سەروو یاساوە
لەم کابینەیەدا و لەسەردەمی
هاتنی شازادەکان، هەرێم بەتەواویی بەسەر دوو ناوچەدا دابەش بوو:
لە هەرێمی زەرددا بە مشتێکی ئاسنین حوکمڕانی دەکرێت.
ڕەخنەگرتن لێیان بە (سوکایەتیکردن) دادەنێن، بۆیە بەلای کەمەوە سزای زیندانیکردنی
٣ ساڵ و درێژکردنەوەیەکی حەتمی مسۆگەر دەکات، تەنانەت زیندانیکردن وەک سەربازیکردنی
سەردەمی حوکمڕانی سەدامی لێهاتووە! واتە کۆتایی نایەت!
لە هەرێمی سەوزدا: لەڕێگەی دەسەڵاتی ئەمنییەوە
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سنووری ئازادییەکان بەرتەسک دەکرێتەوە و ئێستا دوا هەناسەکانی دەدات.
ئەوا تەواوی خێر و بەرەکەتی زۆنەکەش لە پرۆسەیەکی نهێنی بەردەوامی ڕۆژانەدا هەمووی لووشدەدرێت.
هەڵبژاردن... گاڵتەجاڕیی
ژمارەکان: هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە ساڵ کابینەی (حکومەت!) پێکناهێنرێت!
کاتێکیش پێکدەهێنرێت، وەک شوێنی پیلانگێڕانێکی قێزەون بەدوای (فرسەت!)دا دەگەڕێن، هەتا
ملی میللەت بشکێنن! دواتر هەر ئەو پەرلەمانە ماوەی خولەکەی درێژ دەکاتەوە، وەک ئەوەی
دیموکراسی یارییەکی (بێهۆش)کردن بێت... هەرکاتێک شازادەکان بیانەوێت بە ئاگای بهێننەوە!
لە گاڵتەجاڕیی مێژووەوە
بۆ مەرگەساتی هاوڵاتی
وەک چۆن
گەنجان لە گۆڕەپانەکانی ناڕەزایەتیدا دەکوژرێن، ئازارەکانیان لە ئامارگەلێکی بێگیاندا
کورت دەکرێتەوە:
(لە
خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق ١٠٤ کوژراو و شەش هەزار برینداری لێکەوتەوە).
بەڵام
مەرگەساتەکانی کوردستان لەوە قوڵترە: خەونی سەربەخۆیی گەلێک کە لە جینۆسایدی ئەنفال
و کیمیاباران و ترسی سەدام ڕزگاری بوو، دزرا، ڕەنگە تەنها بە (هەژماری من) و (پاشکەوتکردنی
مووچە) بگەڕێنرێتەوە!
پێشنیارەکان
بۆ چارەسەرکردنی تەواوی ئەو کێشانە ئەم پلانە کە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە، بە
گونجاو دەزانین:
قۆناغی
یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سیستمی مووچە و گۆڕینی بە (کوپۆنی نیشتمانی)، بۆ ئەوەی
لە مۆڵەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان خەرج بکرێت.
قۆناغی
دووەم: پەسەندکردنی ساڵی ١٨ مانگی، ئەویش بۆ زیادکردنی دەرفەتەکانی (پاشکەوتی حکومەت).
قۆناغی
سێیەم: گۆڕینی گەندەڵی بۆ ناوچەیەکی گەشتیاریی: "سەردانی کوردستان بکە... لەوێ
دۆلارەکانتان بەشێوەیەکی سیحریی نامێنێت!".
گاڵتەجاڕییەکە
لێرەدا تاڵە، گەنجان بە بەلەمی مەرگ هەڵدێن، مامۆستاکان کتێبەکانیان دەفرۆشن، بۆ ئەوەی
منداڵەکانیان تێربکەن، لەکاتێکدا هەموو وتارێکی فەرمی دەسەڵاتدارێتی شازادەکان بەم
دەستەواژەیە کۆتایی دێت:
"کوردستان لە سەروو هەمووانەوەیە!"...
بەڵام وشەیەکیان لەو دروشمە شاردووەتەوە، ئەویش وشەی(تەرم)ە، واتە دەبێتە
(کوردستان لەسەروو تەرمی هەمووانەوەیە).
٦/٧/٢٠٢٥
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی