بەرلەوەی لەڕووی فەلسەفیەوە باسی ئەو دوو چەمکە بکەین ، دەتوانین زۆر بە سادەیی ئەوە بڵێین کە مولحید مانای ئەوەیە کە کەسێک بڕوا بە نەبوونی خودا بکات ، واتە بێدین و بێباوەڕ بێت ، مەلحیدی نیشتیمانیش کە زیاتر مەبەستی ووتارەکەیە ئەوەیە : کە کەسێک بڕوای بە خاک و نیشتیمان نەمینێت ، کەواتە ئەو هۆکارانە چین کەوا لە مرۆڤ دەکات نیشتیمانەکەی خۆش نەوێت و بڕوای پێی نەمینێت و وەلای بۆ نەبێت ؟! فەیلەسوفەکانی ئایین دوو جۆرە ئیلحاد لەیەکتری جیادەکەنەوە : ئیلحادی کردەیی « عملي » و ئیلحادی تیۆری « النظري » ، ئیلحادی کردەیی ئەوەیە کە مرۆڤ بەتیۆری بڕوا بە خودا دەکات ، بەڵام لە ژیانیدا وا هەڵسوکەوت دەکات کە پابەندی تەعالیمەکانی خودا و ڕۆژی پاداشت و ترس لە سزا نابێت ، ئەمە لەڕاستیدا بێدینە ، بەڵام ئیلحادی تیۆری ڕێژەیی بریتیە لە هەڵوێستی مەزهەبی ئایینی سروشتی « مذهب الدين الطبيعي » ئەوانە بڕوایان بە بوونی خودایەک لە گەردوون هەیە ، بەڵام ئینکاری هەموو کارەکانی بابەتە ئیلاهیەکان دەکەن ، هەروەها ئینکاری پێشبینی و وەحی و ڕێوڕەسمەکانی عیبادەت دەکەن ، ئەم چەمکە هەندێک لێکدانەوەی فەیلەسوفی جوولەکە « سپینۆزا » و فەیلەسوفی ئیسکۆتلەندی « دیڤید هیوم » لەخۆدەگرێت ، ئیلحادی تیۆری ڕەها ئەوانەن کە بەتەواوی بڕوایان بە خودا نیە ، لەوانە فیورباخ و مارکس و نیتشە لەسەردەمی نوێدا ….« جیل دولوز ، 1925 - 1995 » دەڵێت : فەلسەفە بریتیە لە ( هونەری پێکهێنان و دروستکردنی چەمکەکان ) کە چەمکی « ئیلحادی نیشتیمانی »یش لەخۆدەگرێت ، کە لەو زەمەنەی ئێستاماندا زۆر بووە و لەڕووی هزریەوە شرۆڤەی بۆ دەکرێت و لەلایەن هەندێک هزرمەند و نوسەر و شاعێر…تاد داکۆکی لێدەکرێت ، بەڵام دوور لە شرۆڤەی هزری و فەلسەفی ، بە ڕووە سەتحیەکەی خەریکە لەسایەی دەسەڵاتی کوردی ئیلحادی نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان تەشەنە دەکات ، ئەمە ئاماژەیەکە بۆ هەڵوێستی ئەوانەی کە بەزۆری ئینکاری هیما و نرخی نیشتیمان و خاکەکەی و کلتوورەکەی و گەلەکەی و قوربانیەکانی و قارەمانێتی ژن و پیاوەکانی دەکات ، ئیسلامی سیاسی پێیان وایە کە موسڵمانی ڕاستەقینە نیشتیمانەکەی جیهانی ئیسلامیە ، بەڵام ئەوەی زیاتر مەبەستمانە خۆمانین کە لەبەرچی روحی کوردایەتی و بڕوابوون بە خەبات و تێکۆشان لەپێناوی ڕزگارکردنی خاک گەیشتە ئاستی ئەوەی کە خەڵکی کوردستان بڕوای بەو چەمکانە نەمینێت ؟! ئەو پاڵنەرانە چین کەوا لە مرۆڤ دەکات باوەڕی بە نیشتیمان نەمینێت ؟! پێم وایە پاڵنەرێکیان بریتیە لە ململانێی سیاسی و زاڵبوونی بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و بەرژەوەندی کەسیی کە چۆتە سەرووی بەرژەوەندیە باڵاکان کە باجەکەی هاوڵاتی و خاک دەیدات ، هەروەها پاڵنەری ئێش و ئازاری ئابووری و غیابی دادپەروەری کۆمەڵایەتین ، ئەمە وا لە هەندێکیان دەکات کە هیچ وەلائێکی بۆ ئەو نیشتیمانە نەمێنێت و رقی لە زۆربەی شتە پیرۆزەکان ببێتەوە ، خەراپی دۆخی دارایش وا لە هەندێک دەکات « بەتایبەتی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و سەربازی » ببنە ئامرازی ئیختیراقکردن بۆ دوژمن و هەڵتەکاندنی نیشتیمان لە ناوەوە وەک ئەوەی سیخوڕەکانی ئیسرائیل لە ئێران کردیان و ، ئەگەر وا بڕوات لە هەرێمی کوردستانیش دووبارە دەبێتە ، ئێستاش وا دەبینین هەندێک قۆنتەراچی هیچوپوچ کە لەسەر ئازار و ناخۆشیەکانی خەڵک دەژین و هەندێکیان خەریکی نۆکەرایەتی و ڕاپۆرت نووسینن بۆ بەرپرسانی عێراق داوای هاتنەوەی سەرباز و حەشد دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان ، بۆیە ئەوەی وا لە هاوڵاتی دەکات کە رقی لە نیشتیمان ببێتەوە ، خەراپی بژێوی و نەبوونی نان و جیاوازی فراوانی نێوان بەرپرسان و ئەوانە !! گەر حزبەکان و دەسەڵات بگەنە لووتکەی هەڵەی گەورە گەورەش ، لەبەرچی وایلێبێت هەندێک کەسان بیگەیننە ئیلحادی نیشتیمانی و داوای نەمانی ئەو هەرێمە بکەن ؟! ئایا بە هۆکاری داراییە یان تۆڵەسەندنەوەیە لە حزبێک کە ئەزیەتی داوە یان رق و کینەیە لەگەڵ حزبێک داوای لە دوژمن بکات بێت ئەو قەوارەیەی خوێن و خەباتی سەد ساڵ داگیر بکاتەوە ؟! جا یەکێکی تر لە هۆکارە سەرەکیەکان ئەوەیە کە کاربەدەستان بێباکن لە دۆخی نالەبار و ، بێئاگان لە دڵە شپرزە و نیگەرانەکان و ئەو چاوانە نابینن کە لەبەر نەداری فرمێسک دەڕژێنن و ، ترسناکترین تاریکی ، تاریکی شەو نیە ، بەڵکو تاریکی ویژدانە کاتێک دەنوێت و ، دڵە ، کاتێک نامۆ دەبێت لە مانای خۆشەویستی و بەها مرۆییەکان ، ئێستا کاتیەتی کە کاربەدەستان لەسەر لووتکەی درەختەکە بێنە خوارەوە و بەهەڵەکانی خۆیاندا بچنەوە و ئاشت ببنەوە لەگەڵ خەلک و ئەو متمانەیە بگەڕێننەوە کە لەدەستیان داوە و ، پێویست ناکات لەمە زیاتر هەموو لایەک شەرمەزار بکرێن و ، کاتیەتی هەموو حزبەکان بە گەورە و بچووک و ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و بەیەکگرتوویی یەک بڕیار بدەن ، ئەوسا با بزانین ئەو بەناو دەوڵەتی عێراق-ە زاتی ئەوە دەکات داواکاریەکان کورد جێبەجێ نەکات !! دڵنیام هەست و سۆزی کوردایەتی کە زۆر کزبووە هەرکیز نامرێت وەک ئەوەی زۆربەمان دوێنێ لە ڕۆژی 11 / 7 /2025 دڵتەنگ بووین و فرمێسکان ڕشت بۆ دیمەنی سوتاندنی چەکەکانی گریلا لە ئەشکەوتی جاسنەی بارەگای کاتی مەلیکی کوردستان شێخ مەحمود ، بەڵام ئەم سوتاندنە هاوارێک بوو بە ڕووی جیهان و مرۆڤایەتی کە کورد ماوە و لەناوناچێت و زیندووە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی