کۆنگرەی حەسەکەو دەهری بونی تورکیا

09/08/2025

لەتیف فاتیح فەرەج

 ڕۆژی هەینی ٨ی ٨ ڕوداوێکی گرنگ لە بارۆس ، باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان ڕویدا، ئەویش کۆنگرەی گەلانی سوریا بوو ، ئەو کۆنگرەیەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لەمیدیادا، کۆنگرەکە بەبەشداری ٤۰۰ کەسایەتی کۆمەڵایەتی، ئاینی ، سیاسی بەڕێوە چوو، کۆنگرە داوای فرەیی، دیموکراسی، پێکەوە ژیان، ڕێزگرتنی لەجیاوازیەکان کرد، کاردانەوەی دیمەشق و شەرع لەلایەک و تورکیا لەلایەکی تر بەرانبەر کۆنگرە لەواری سیاسیدا زۆر شەرمئاوەر بوو، کۆنگرە وێنەی ئاڵ و واڵای هەموو سوریای نیشاندەدا بەرانبەر دیمەشق، کەزۆر تەنیا دەرکەوت.

بەیانی دیمەشق لەدژی کۆنگرەی حەسەکە، بەیانێکی فاشیانەو ناشرین بوو گەرچی وەک ئەوا بوو فیدان واژوی کردبێت، هەر ئەوەی کە دیمەشق لەدژی کۆنگرەکە بوو، مانای سەرکەوتنی کۆنگرە دەگەیەنێت، بڕوادەکەم کۆنگرە دەبێتە سەرەتایەک یان ئەوەتا دەبێت، دیمەشق ئەو ڕێگەیە بۆ پێکەوە ژیان هەڵبژێرێت، یان ئەوەتا دیمەشق زۆر تەنیا تر دەبێت لەوەی کەهەیە، سەبارەت تورکیاش ئەگەر ئێستاش بەوجۆرە دەستوەردان بکات، سبەینێ ناتوانێ هەروابێت، تورکیا ئەمە باش دەزانێت.

هەڵبەت دیار نیە ئەمەریکاو ئەوروپا تاکوێ پشتگیری قەسەد دەکەن، بەڵام خاڵی گرنگ و ئەرێنی ئەوەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات و گەلانی سوریا بەگشتی بەسوریای شەرع و بە دەستوەردانی تورکیا ڕازی نین، داهاتوو ئەمە باشتر دەردەخات، ئەمەریکاش خوێندنەوەی خۆیان هەیە بۆ شەرع لارەخواری بەردەم تورکیاو ئەوەش دەبینن کەتورکیا چەند دوو ڕوانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارو دۆخە دەکات.

کۆنگرەی حەسەکەپەیامێکی گرنگی نەک هەر بەدیمەشق و ئەنقەرە بەدنیا دا، ئەوەش بەوە بەرپەرچ نادرێتەوە کەشەرع بەشداری جڤینی پاریس نەکات، لەبەر ئەوەی هەر بۆ خۆی ڕەتکردنەوەی جڤینی پاریس دەبێتە شکستێکی گەورە بۆ شەرع، چونکە کۆنگرە و سەرکەوتنی کۆنگرەی پاریس ویستی کورد نیەبەتەنێ، تا ئەوەی ویستی فەڕەنساو بەریتانیاو ئەمەریکایە، هەر بۆ خۆی ویستی فەڕەنساو ئەمەریکا، واتە ویستێکی گشتی ڕۆژئاوا.

دەهری بوونی تورکیاو هاندانی میلیشیاکانی بۆ پەلاماردانی قەسەدەو ڕۆژئاوا نیشانەی ئەوەیە کۆنگرەی حەسەکە ، کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بووەو لەگەڵ ویستی فەڕەنساو ئەمەریکاو تەنانەت وڵاتانی عەرەبیشدا دێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی