ئاسایشی نەتەوەیی، لەنێوان بازرگانی‌و دڵسۆزیدا

10/08/2025

بەدران محێدین

لەشەری نێوان میسرو ئیسرائیل لەساڵی 1956 کە ناسراوە بەشەری هێما جلی سوێز، جەمال عبدولناسر بەرپرسی هەواڵگری میسری ڕاسپارد کە شەڕێکی دورمەودایان بۆ دروستدەبێت لەگەڵ ئیسرائیلەکان بۆیە پێویستە بەزووترینکات لەناو ئیسرائیل خەڵک بکڕین بۆ زانیاریی‌و هەواڵ دەستکەوتن، سەرۆکی هەواڵگری میسر دەیان تیمی دروستکرد بۆ ئەوکارە.

دوای ماوەیەک هەموو هەوڵەکان بێئەنجامبون‌و نەیانتوانی سەرکەوتوبن، سەرۆکی هەواڵگری میسریش لەگەڵ تیمەکان دانیشت بۆ ئەوەی هۆکاری شکستەکەیان بزانن، تیمی هەواڵگریان باسی ئەوەیانکرد؛ کە ئەوان هەوڵیانداوە ئەوکەسانە بکڕن‌و بیانکەن بەکرێگرتە کە دژی سیاسەتی ئیسرائیلن‌و هەمیشە ڕەخنە دەگرن، سەرۆکی هەواڵگری تێگەیشت لەهەڵبژاردنی کەسەکان هەڵەیانکردوەو بۆیە ئاراستەکەی گۆری بەرەو رووی ئەوکەسانەی هەمیشە دروشم‌و بانگەوازی نەتەوەیی دەکەن دەست‌و ئاڵایان شەڕیانە، بیریانکردەوە کە ئەوانە ئاسانن‌و هیچ مەبدەئیکی نەتەوەیان نییە، دواجار پلانەکە سەرکەوتوبوو و گەیشتن بەباشترین ئەنجام.

بازرگانیکردن بەئەمنی قەومی بابەتێکی مێژووی دورودرێژی هەیە لەنێوان هەموو نەتەوەکان، بەڵام ئەوەی جێگایی سەرنجە ڕەنگە لەنەتەوەکانی تر کەمتربێت وەک؛ ئەوەی لەناو کورد بوە بەدیاردە، ئەوانەی بازرگانیی بەو پرسەوە دەکەن بۆ پەردە پۆشکردنی خۆیان تۆمەتی خیانەتیش بۆ خەڵکی دڵسۆز دروستدەکەن، جگەلەوەش هیچ کاتێک ئامادەی هیچ قوربانیەک نەبونە بۆ پرسی نەتەوەیی، لەگەڵ هەموو بایەک شنەی خۆیان دەکەن، ئەوانەی کوردایەتی بەخەڵک دەفرۆشنەوە ڕۆژگارێک لەناوەندی ئەوشارە دڵشادو دڵخۆشبون بەکوردکوژی لەبەردەم پارێزگای شار.

هەموو رۆژێ درۆی کوردایەتی  ژەهری نەتەوی بەگوێی خەڵکدا برێژیت‌و هاوار بکەی بەغدا دیکتاتۆرەو عەرەب دوبارە پلانی ئەنفال‌و کیمیابارانی هەیە، چۆن کۆمەڵگه‌ بەرەو وێرانە ناچێت؟ چی دزو سەختاجی کوردایەتی هەیە بونە بەملیۆنێر لەسایەیی سەری کوردایەتی درۆینە، جا دێن لەشاشە گەورەکانی خۆتان کە مانگانە بەملیۆن دۆلاری تێدا خەرجدەکەن‌و پارەی هەزاران گەنجی وا خێر لەخۆ نەدیوە، ئەو بەناو سیاسیە ناشیرینانە دێن هاوار دەکەن‌و دەڵێن؛ بەغدا هۆکاری برسیکردنی خەڵکەو بەغدا دەیەوێت لەبرسان بمرین بەغدا موچەی بڕی بەغدا پلانی کورد کوژی هەیە ئی دەبێت چاوەڕێی ئەوەش بکەی گەنجێکی دانەمەزراو بێ پارەش لەسەر دۆلکەیەک بەنزین گەنجێکی عەرەب پڕ فیشەک بکات، ئەوە ئەنجامی هات‌و هاواری فشە کوردایەتیە ساختەکەتانە، چیتان دیوە ئەوە سەرەتایە، برۆن فیدباکی ئەو ڤیدۆیانە ببینن کە بڵاوتانکردەوەو هەزار گەنجی بێ پارە و بێ کار دەەستخۆشی لە بکوژ دەکات، هیوادارم بەردەوام بن لەسەر ئەو فشە کوردایەتیە چونکە وانەبێت ئێمەش لە دەستی ئێوە رزگارمان نابێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی