هاوڵاتی جێگیر و خۆ زیندانیی کردنی ئارەزوومەندانە

11/08/2025

د. ئەمیر حسێن



لە پەڕاوێزی تێزەکەی ( ئێتیێن دولا بۆئێسی - Étienne de La Boétie)
    کاتێک ستەم و چەوساندنەوە درێژە دەکێشێ ،سیسیتەمە خۆ سەپێنەرەکان نەوەیەکی سەیرو سەمەرە بەرهەم دەهێنن ( هاوڵاتی جێگیر) ، هاوڵاتیەک ئارەزومەندانە دەستبەرداری ئازادیەکەی بوە ،وە خۆی گونجاندوە لەگەڵ زوڵم و ستەم وەکو بارو دۆخێکی حەتمی ،هەموو ژیانی لە سێ بڕگە و خاڵی لاوازدا چڕکردۆتەوە ، ( دابینکردنی پاروێک نانی ڕۆژانە ، دینداری لە فۆڕمێکی نا بەرپرسانە ، دانیشتن بەدیار یاری تۆپی پێوە )بەم شێوەیە دەبێتە گەورەترین لەمپەر لە بەرامبەر گۆڕانکاری ڕاستەقینە .

- پارویەک نانی ڕۆژانە ، لە تەنیا هۆکارێکی مانەوەو ژیانکردنەوە دەگۆڕێت بۆ ئامانجێکی دوورو بەردەوام، بۆیە هاووڵاتی هەموو تواناکانی خۆی لە دابینکردنی خۆراک و پەناگەی نیشتەجێبون و پەروەردەی منداڵەکانیدا چڕ دەکاتەوە ، لەگەڵ فەرامۆشکردنی سەرجەم مافە سیاسی و مەدەنیەکانی . پێیوایە بەشداری سیاسی سەرقاڵی دەکات  لە دابینکردنی بژێوی ژیانی ودەستەبەرکردنی مافە سیاسیەکانی  جۆرێکە لە خەون و خەیاڵ و ئیتر توانای بەدیهاتنی ممکن نیە ،بۆیە تەنها گرنگە بژی و ژیانی پارێزراوبێت .

- ئاینداری لە فۆڕمێکدا تەنها جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمە ئاینیەکانە بە بێ لە بەرچاوگرتنی پەروەردەی ڕوحی و ئەرکی ئەخلاقی و دادپەروەرانە لە نێو کۆمەڵگادا ، هە موو ناحەقی و ستەمێک قبوڵدەکات ، دزی و گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی نیشتمانی بەبەرچاویەوە ئەنجام دەدرێت، نەک هەر بێدەنگە بەڵکو پاساوی شەرعی بۆ دەهێنێتەوە، بەڵام پێیوایە تاوانێکی گەورەی ئەنجامدەدات ئەگەر نوێژێکی بچێت ، یان لە جەماعەت دوابکەوێ ، ئەم فۆڕمە لە دینداری پێ بەپێ لە ناوەڕۆکە ڕەواو پیرۆزەکەی دور دەکەوێتەوە، دەبێتە طەقسێکی پڕاکتیکی زۆر سادەو ساکاری بێ ناوەڕۆک وەکو خوو عادەتێکی ڕۆژانەی بەتاڵ لە هەموو واتایەکی ڕوحانی ، کاتێک باوەڕداری لە بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی جیا دەکرێتەوە درۆو دزی وهەڵخەڵتاندن و گەندەڵی و ساختەچیەتی و… دەبێتە کردەوەی سروشتی و ڕۆژانەی باوەڕداران ، تەنها لەسەر بابەتێک بەدەنگ دێت ، دڵنیابێت هیچی تێناچێت یان هیچ جۆرە کاریگەریەک لەسەر بەرژەوەندیەکانی جێناهێڵێ .

- تۆپی پێ لەم سەردەمەدا بوە بە تریاکی گەلان ، ئەمە جیا لەوەی بازرگانیەکی زۆر قازانج بەخشە ، لە هەمان کاتدا ، هەوادارە بێشومارەکانی هەمیشە ئامانجی دەسەڵات و هێزە سیاسیەکانن، لە سەردەمێکدا بەلای زۆرینەوە دادپەروەری بوە بە خواستێکی لەدەستچو یان تەنها دروشمێکی هەرگیز بەدینەهاتوو، هەموان چاوەڕوانن لە ناو لاکێشە سەوزەکانی تۆپی پێدا لانیکەمی دەرونیان ئاسودەبکەن کاتێک یاساو پرەنسیبەکان بەسەر هەمواندا بەبێ جیاوازی لە ماوەی 90  خولاکدا جێبەجێدەکرێ ، ( ئەگەرچی بەردەوام دۆڕاوەکان پێیان وایە غەدریان لێکراوە) ، تۆپی پێ تاڕادەیەک خەمەکان دەڕەوێنێتەوە،غەریزەی پابەندی دەجوڵێنێ و جۆرێک لە خەیاڵی سەرکەوتنی پێدەبەخشێت، بەڵام دوای کۆتایی یاریەکە جارێکی تر دەگەڕێتەوە نێو جیهانە ڕاستەقینە خەمبارو پڕ لە قەیراناویەکەی خۆت .

    لێرەوە مەترسیە گەورەکە تەنها ئەوەنیە ئەم جۆرە هاووڵاتیە قوربانیە ، بەڵکو لە بێئاگایدا ئەم جۆرە لە هاووڵاتیان دەبن بە پاسەوانی دەسەڵاتداران و بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێت بارودۆخی چەسپاو بپارێزن ، بۆئێسی دەڵێت:” ئەمانە لە مپەری گەورەن لە بەردەم گۆڕانکاری ، چونکە پێیان وایە گۆڕانکاری بازنەی ئارامیەکەیان تێکدەشکێنێ تەنانەت ئەگەر نرخی پاراستنی بارودۆخی جێگیرو چەسپاو لەسەر درێژەدان بێت بە زوڵم و ستەم “ بۆیە هەرگیز چاوەڕوانی گۆڕانکاری ناکرێ هەتا هاوڵاتی جێگیر زیندانە دڵخوازەکەی تێک نەشکێنێ و دابینکردنی پاروی ڕۆژانەی نەبەستێتەوە بە بە بەشداری سیاسی و دابینکردنی مافە مەدەنیەکانی و جەوهەرە ئەخلاقیەکەی ئاینداری زیندونەکاتەوەو باوەڕداری وەکو پارادۆکسی دزی و گەندەڵی و زوڵم و ستەم پراکتیزە نەکات وتواناو وزەی گۆڕەپانەکان نە گۆڕێ بۆ هۆشیاری ڕەخنەگرانەو داوانەکات دادپەروەری لە نێو لاکێشە سەوزەکانەوە بگوازرێتەوە ناو کۆمەڵگا . دەربازبوون لەم جێگیریە ساختەیە سەرەتای کۆتاییە ڕوەو کۆمەڵگەیەکی ئازادی ڕاستەقینە .
   لەکۆتایدا بۆئێسی پێیوایە دەسەڵاتی سەرکوتکەر لەسەر ژمارەی هێزی سەربازی و داموو دەزگا نهێنیە داپڵۆسێنەرەکانی ، یان جۆری چەکەکانی نەوەستاوە بە تەنها ، بەڵکو لەسەر ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتیانی جێگیر وەستاوە کە خۆیان لە پشت پارووی ڕۆژانەو مەڕاسیمە دینداریەکان و گۆڕەپانەکانی تۆپانێدا شاردۆتەوە ، پێیان وایە بێدەنگیان ئارامی دەهێنێ و خۆ ماتکردنیان ڕزگاریان دەکا ، بەڵام بۆئێسیە جەخت دەکاتەوە ئەم دۆخە تەنها قەفەسێکی ڕازاوە و زیندانێکی دیزاینکراوە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی