ڕۆژی هەینی ٨/٨ کۆنفڕانسی "یەکڕیزیی و هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژ هەڵاتی سوریا" بە بەشداری چوار سەد کەسایەتی جۆراوجۆر لە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان، لە پارێزگای "حەسەکە"ی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو ، کە تێیدا جەخت لەسەر دەستورێکی نوێی دیموکراسی و سیستەمێکی لامەرکەزیی بۆ سوریا کرایەوە، کە گرەنتی فرەیی و بەشداریی سیاسی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵات لە خۆ بگرێت .
هەڵبەت؛ بەڕێوەچوونی ئەو کۆنفڕانسە لەژێر سێبەری ڕۆژئاوای کوردستاندا کە تێیدا "هەسەدە" توانی ژیرانە تەڵیسمی ترسی بەردەم پێکهاتەکانی تری سوریا بشکێنێ و پەلکێشی نێو گەمە سیاسیەکەیان بکات ، نیشانەی هەڵکشانی سەنگ و ڕۆڵی دیار و بەرچاوی زیاتری "هەسەدەیە" لەنێو گۆڕەپانی سیاسی گرژ و ئاڵۆزی سوریادا ، ئەوەش لەکاتێکدایە کە دەستەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع سەرباری تێبینیی و ڕێنوێنیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەرویانەوە "ئەمریکا"، بۆ ئەوەی لە سوریای نوێدا ڕەچاوی فرەیی و لەخۆگرتنی مافی هەموو پێکهاتەکان بکات، بەڵام ئەو هێشتا کار لەسەر یەک ڕەنگی و بەهێز کردنی دەستەڵات لە دیمەشق دەکات بێ گوێدانە بارودۆخی نوێ جیهانیی، بە سوود وەرگرتن لەو دەرفەتەی کە لەدوای دانیشتنەکەی لەگەڵ" تڕامپ"دا پێیدراوە دەیەوێت دەوڵەتی نوێ بەپێی دیزاینی تورکی پێچەوانەی خواستی ئەوان ڕێکبخاتەوە، وەک چۆن لەکۆنفڕانسی دیمەشق لە مانگی دووی ئەوساڵدا ئەو بابەتە بەرچاوکەوت .
دیارە کاردانەوە نەرێنیەکانی هەریەک لە "سوریا-تورکیا" بەرامبەر کۆنفڕانسەکەی "حەسەکە" .. هەروەها هەڵوەشانەوەی کۆبوونەوەکەی "پاریس" دوای سەردانەکەی "هاکان فیدان" بۆ سوریا ڕوداوێکی سەیر و جێی ڕامان نیە، چونکە کاریگەریی تورکیا بەسەر سیاسەتەکانی ئەحمەد شەرع ئەوەی لێ چاوەڕێ دەکرێت، بەتایبەت کە کۆبوونەوەکە کێشەکە لەنێوخۆی سوریادا بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی دەگوازێتەوە و دەرفەتی بە لامەرکەزیی کردن و فرەیی سوریا باشتر دەڕەخسێنێت، ئەوەش پاروێکە بۆ تورکیا قوت نادرێ و تا بۆی بکرێت ناچنە ژێر باریەوە؛ چونکە تورکیا ئێستا کە لە جورێک دانوساندا لەگەڵ کورد و لە پەڕلەمان لیژنەی بۆ پێکهێنراوە ، هەروەها لەباشترین حاڵەتدا لای ئەو پاکێجی ئاشتی لە گۆڕینی چەند ماددەیەکی دەستوریی تێپەڕناکات، لەوە دەترسێت کێشەکە بۆ نێو ماڵی خۆشی بگوازرێتەوە و بابەتی کورد لە تورکیاش ببێتە پرسێکی نێودەوڵەتیی و لەدەست خۆی دەرچێت !
ڕەتکردنەوەی گفتوگۆکانی پاریس لە لایەن دیمەشق هەرچۆنێک بێت بە بڕیارێکی لۆژیکیی نابینرێت، هەست ناکرێت خزمەتێک بە ئەجێندای ئەو وڵاتە بکاو هیچ لە مەسەلەکە بگۆڕێت، چونکە تازە ئەو کۆبوونەوە ئەگەر شکستیش بێنێت، بەڵام ئەنجامی کۆنفڕانسی یەکڕیزیی و هەڵوێستی پێکهاتەکانی سوریا دەبێتە بناغەی یاریێکی نوێ و "هەسەدە" ش دەستپڕتر دەکات لە نوسینەوەی دەستووری نوێ و هەر کۆنگرەو کۆنفڕانسێک کە لە داهاتوودا حکومەتی سوریا پێی هەستێت؛ ئەوە جگە لەوەی دوور نیە دەرفەت و لالێکردنەوەکەی وڵاتانی ڕۆژئاواش لە سوریا بەرەو کۆتایی ببا و شەرع بگێڕێتەوە سێگۆشەی جۆلانیی .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی