هەرچەندە من نازانم بۆچی ناوی فلیمی مەنهۆڵ کە لە ڕۆژی ٣١ی تەموزەوە تا ئێستا لە ' ستی سینەما' نمایش دەکرێت نووسەر و دەرهێنەرەکەی ئەو تایتڵەیان پێ بەخشیوە و دیارە ئەکتەرەکانیش پەسەندیان کردووە، بەڵام بینینی فلیمەکە گەر بە وردی سەرنجی بدەیت و دوای بکەویت، گەر تۆزێك بەئاگا بیت لەبارودۆخی ئێستای کوردستان، لەگوزەرانی ژیانی دانیشتوان، لە نەبوونی موچە و کەمدەرامەتی کاسبکاران، لە زیادکردن و گرانبوونی وزەی نیشتمان ، لە نەبوونی ئاوی خواردن و گرانی نرخی تکتی چارەسەری نەخۆشان، لە بنیاتنانی ٢٠٠ ستی هەر لە سلێمانیدا بۆ پارە و سامان، لە بوونی ئەو هەموو توندو و تیژییەی بەرانبەر ژنان، هاوردەکردنی دەرمان و خواردنی ئێکسپایەر و لێ نەپرسینەوە لە باشی کواڵەتی و ساخکردنەوەیان و بازرگانیکردنی بەسەر ژیانی خەڵکەوە، لە نەبوونی خزمەتگوزاری و سەلامەتی ڕێگاوبان و شەقامەکان ، زۆری بۆنی بەنزین و گاز و دووکەڵی سەیارە و پیسی وخۆڵبارین و بەپرسی ژینگە گوێنەدان... زۆری دیکە نە تووشی شۆک و نە بێ ئاگایش دەبیت لە بەکارهێنانی ئەو تایتڵە.
هەموو ئەمانە دروستیی بەکارهێنانی تایتڵی مەنهۆڵی ئەو فلیمەت بۆ پشتڕاست دەکاتەوە. بۆمن ئەو تایتڵە: مەنهۆڵ ، مەنهۆڵی زێرابی کوردایەتی، مەنهۆڵی دەسەڵاتی خۆماڵی ، مەنهۆڵی حکومەتی کوردی و حوکمڕانێتی بەرەی نیشتمانی .... بەرەی ئۆپۆزۆسیۆنی کوردی ...
مەنهۆڵی ئەو زێرابانەی سەرەوەیە کە دەرهێنەری ئەو فلیمە لە ڕێگای هەندێك لە باشترین ئەکتەری کوردەوە نمایش دەکرێت کە هەڵدانەوەی ئەو مەنهۆڵەیە ، ئاوەڵاکردنی سەری ئەو زێرابەیە، بەباکردن و بە بۆنکردنی بۆنی پیسی کوردایەتی و حوکمڕانێتی کوردانە و خۆماڵیانەیە.
لەم فلیمەدا بە شێوەیەکی جوانی ناوازە، بەڵام ئازاراوی، زۆرێك لە گرفتەکانی کۆمەڵی کوردی لە لایەن ئەو ئەکتەرە بە توانایانەوە تا ئەو ڕادەیەیەی تێیاندا هەبووە تا ڕادەی پەرستن دەپەرسترێ ، هەر ئاواش تاڕادەی ڕک و کینە و قێزەوەندی دەبوغزێنرێت پیشان دراوە، کێشەی بینەران و ئەوانەشی کە نەیان بینیوە تێیدا وێنە کێشراوە، گرفتی بەدی و خراپی بژێوی تا ڕادەی فرۆشتنی پارچەیەك لە ئۆرگانی جەستە بۆ پێدانی پارەی دکتۆر و عیادە و پشکنین، ڕۆڵی مافیا، درۆ و دانی پارە بە زانیاری هەڵە، نەبوونی بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتیی، دڵڕەقی و بێ بەزەیی باوك، دڵنەرمی و بەڕەحمی و میهرەبانیی، بێ مرۆیەتی و دڕەندەیەتی خاوەنخانوو، بەکارهێنانی بارخواریی و قۆستنەوەی هەژاری و نەدارایی تەنانەت بۆ سێکسیش، نیشاندانی مەسەلی دروستی پێشینان " تێر ئاگای لە برسی نییە" جەوهەر و هەناو و دڵی دەسەڵات کە زۆر بێ باکانە دێت و دەچیت و کردنی خۆی " بە کەڕەی شەربەت" لە هەموو ئەو گرفتە کۆمەڵایەتیانە کە هاووڵاتیانی تووشی بوون، ڕاستتر کە تووشی کردون ... زۆری تر.
ئەم فلیمە ئەوەندە بەهای هەیە، ئەوەندە جوان چووەتە ناو گرفتە کۆمەڵاتییەکانەوە، ئەوەندە کارامانە و سەرکەوتوانە ئەکتەرەکانی ڕۆڵی خۆیانیان تێیدا دەبینن شیاوی ئەوەیە کە هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی کوردی بیبینن . لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە زۆر پێویستە کە لەسەر هەموو شاشەی سینەمەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا و ئەمەریکا بەژێرنوسی زمانەکانی دانیشتوانیانەوە نیشان بدرێت تاکو هەر هیچ نەبێت بەڵگەی ئەوە بداتە دەست کە دەسەڵات خۆماڵی و بێگانە، لیبراڵ و مافیا ، دیمۆکراتی و دیکتاتۆری تەنها و تەنها هاووڵاتیانیان هەر بۆ دەنگدان دەوێت، تاکو فەرماندەرەکانی خۆیان، ستەمکارەکانیان، هەڵبژێرن ، تاکو ڕوتیان بکەنەوە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و سەپاندنی هەموو کارەساتێکی جەرگبڕانە بە هەڵگیرسانی جەنگ و بێ کاری و بێ خانووبەرەیەتی تا ڕادەی کڕینی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە پارە و پایە و پلە، نیشاندەدات. بۆ دروستیی هەموو ئەوانەی سەرەوە کە نوسراوە، هیوادارم خۆتان بە بینینی فلیمەکە ئەو ڕاستییەتان بۆ بسەلمێت کە ڕەنگە خۆتان لە ژیانی ڕۆژانەتاندا زۆر جار بەرکەوتنتان هەبوبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی