ئەمریکاو ڕوسیا ڕەنگە سەردەمێکی نوێ لەپەیوەنديی لەنێواندیاندا دەستپێبکەن، ڕوس لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین ئامانجی جیاوازیان هەیە، بەڵام چوارچێوەکەی لەهەناوو ستراتیژێکدایە کە یەڤگینی بریماکۆف دایڕشتوە، بەپێی ئەم سیاسەتە، ڕوس شکستیهێنا لەوەی لەپاش سۆڤیەت لەلایەن ئەمریکاوە قبوڵبکرێت، هەرچەندە هەوڵیدا، بۆیە دەبێت ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ ڕکەبەری ئەمریکا بکات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش باشترین جێگهیە بۆ ڕکابەریی پلانو پڕۆژەکانی ئەمریکا.
لەمڕوەوە ڕوسەکان هاوسەنگی هێزو ململانێکانی ناوچەکەیان بەلاوە گرنگبوو، لەهەمانکاتدا بەسەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی دروستبونی دەوڵەتێکی جیهادییان وەک مەترسی دەبینی، چونکە ڕێژەیەکی زۆری ڕوسیا موسڵمانن، هەروەها ڕوسیا پەیوەندیی سنوری ڕاستەوخۆی لەگەڵ ناوچەکەدا هەیە، لەگەڵ تورکیا لەدەریای ڕەشو لەگەڵ ئێراندا، لەقەزوین.
لەمساڵانەی دواییدا ڕوسەکان بەرەو دونیای باشور دەکشێن، وەک ئەفریقاو جێگهکانی تر، بەڵام تەنها بۆ ڕکابەریی ئەوروپییو ڕۆژئاواییەکانە، نەک خۆشەویستی گەلانی باشور.
ئەوەی بۆ من لەچاودێری ڕوسیادا جێگهی سەرنجە، (ئەم بوارە جێگهی بایەخی تایبەتی من نییە، بەڵام لەپەیوەست بەپرسەکانی تردا، جێگهی بایەخە)، ڕوسیاو ئەوروپا زۆر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەروپا دەچێت.
پەیوەندییەکە تێکەڵ لەڕقو ئیرەییو خۆشەویستیو ڕکابەری، هەموو ئەمانە دەکرێت لەیەک کەس یان یەک سەردەمدا کۆبوبێتەوە، ئەمەش سەرچاوەی ڕاڕاییو ناسەقامگیرییو بێ متمانەییە.
دیار ەچۆن گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز لە سایەی دیموکراسیدا نەژیاون، ڕوسیاش بە هەمان شێوە. گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شانازی بە کەلتور و مێژو و زۆر شتی تریان دەکەن، ڕوسەکان بە هەمانشێوە.
ڕوسەکان وەک گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەزیان لەکەسو سەرکردەی بەهێزە، نەک دەسەڵاتی خەڵک.
ئێستا ئێمە لەبەردەم وەرچەرخانێکی ترداین، شەڕی ئۆکرانیا زۆر شتی گۆڕیی، یەکێک لەوانە بریتیە لەلاواز دەرکەوتنی ڕوسەکان، بەو ئاستێک چیدی ئەمریکا پێویست ناکات لەڕوسیا بترسێت وەک هێزێک یان نەیارێک، ئەوەی ڕوسیای هێشتوەتەوە بونی ژمارەیەکی زۆری کڵاوی ئەتۆمییە.
بەڵام فاکتەری گرنگتر هەڵکشانی چینو ڕکابەری چینو ڕوسیایە، لێرەدا ئێمە لەبەردەم چەند ئەگەرێکداین:
یەکەم: ڕوسەکان دەیانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت، نەک ترەمپ خۆی، بەڵکو بەشێکی زۆری جەماوەری ترەمپ، پوتینیان پێ قبوڵە وەک داکۆکیکار لەمەسیحەت، وەک لەدیدی کەسانی وەک تەکەر کارلسندا دەیبینین.
دوەم: وەک چۆن کیسنجەر توانی چین لەسۆڤیەت دوربخاتەوە، ئێستا باس لەهەوڵێکی وەها دەدرێت، دیارە پەیوەندیی نێوان سەرۆکی چین شیو پوتن زۆر پتەوە، بۆیە زۆرێک گومان لەمە دەکەن.
سێیەم: لەنێوان ڕوسیاو ئەمریکادا پانتاییەکی هاوبەش دروستبوە کە پانتایی جەمسەری باکورە، ڕوس ئەگەر پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکادا باشبێتو سود لەتەکنەلۆژیاو زانستیی ئەمریکی ببینن لەبەرامبەر پێدانی کانزای دەگمەن بەئەمریکا ئەوا دەتوانن پەیوەندییەکی براوە براوە دروستبکەن.
چوارەم: لەهێرشکردنەسەر ئێراندا دەرکەت کە پوتن خواستی زلهێزی لەدونیادا نەماوەو هەوڵدەدات نیەتی باشی ترەمپ بەسودی خۆی بشکێنێتەوە، بۆیە هاوکاری ئێرانی نەکرد، لەمڕوەوە دەبینین ڕوسەکان هێندە نیگەرانی دەرنابڕن بەرامبەر هاتنی ئەمریکا بۆ ئەرمینیاو ئازەربایجان.
دەکرێت ئەمانە کاتیی بن، بەڵام دەکرێت بونیادیش بن، ڕوسیا دەیەوێت لەئۆکرانیا دڵنیایی ئەوەی دەستبکەوێت کە ڕۆژئاوا نایانەوێت تەواو لاوازی بکەن، ئەوا سازش بکات.
دیارە لەڕوسیا دیدێکی ئایدۆلۆژی هەیە کە دژە ئەتلانتیکە، تەنها وەک پڕوپاگەندە بەکاردەبرێت نەک وەک دیدی دەوڵەت.
کە دێتەسەر کورد مێژویەکی تایبەت هەیە لەنێوان کوردو ڕوسدا کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کاترینی گەورە، بەهۆی ململانێی ڕوسو عوسمانی پەیوەندیی کورد لەهەردولا بەکارهاتوە.
لەسەردەمی هەرێمدا هەروەها مێژویەکی تایبەت هەیە، یەکەمجار ڕوسەکان کاتێک گرێبەستی نەوت واژۆدەکەن لە گەڵ هەرێمدا، شاندی هەرێم توشی حەپەسان دەکەن، کاتێک لەسەر مێزەکە بۆ هەریەکێک کاتژمێرێکی ڕۆلێکس دادەنێن، نرخی ڕۆلێکس لەدەفتەرێک کەمتر نییە.
لەوێنەکەدا دەبینن لاڤرۆڤ لەکاتی گەشتنی شێرتی CCCP لەبەردایە کە ئاماژەیە بۆ سۆڤیەتی پێشوو.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی