فەلسەفەو فیلەکەی خاوەن شکۆ

15 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

دەگێڕنەوە گوایە شەش کەسی نابینا لەشارۆچکەیەکدا دەژیان، گوێبیستبون فیلێک دێتە شارۆچکەکەیان بەبۆنەی سازدانی ئاهەنگێکی ساڵانە، بۆیە ئەم هەلەیان بەدەرفەتزانی، بڕیاریاندا بچن بۆ لای فەرمانڕەوای شارۆچکەکەو داوای لێبکەن ڕێگەیان پێبدا بۆ یەکەمجار لەژیانیاندا دەست لەفیلەکە بدەن، ئەگەرچی بەردەوام گوێبیستی ئەوەبوبون فیل ئاژەڵێکی گەورەو بەهێزە، بەڵام تائێستا شێوەو هەڵکەوتەی فیل تەنانەت بەخەیاڵیشیاندا نەدەهات، بۆیە فەرمانڕەواکە ڕێگرنەبوو، بەڵام مەرجێکی دانا لەپێناو جێبەجێکردنی داواکاریەکەیان، ئەویش خۆی لەوەسفکردنی فیلەکەدا دەبینێتەوە بەلای هەر یەکێکیانەوە بەڕستەیەک دوای دەستلێدانی، ڕۆژی ئاهەنگەکە بەئامادەبونی خەڵکێکی زۆری شارۆچکەکە هەر شەش نابیناکە دەوری فیلەکەیانداو کەوتنە دەستلێدانی، دواترلەبەردەم فەرمانڕەواکەو بەبەشداریی ئامادەبوان هەریەکێکیان کەوتە وەسفی فیلەکە بەمشێوەیە:

ـ یەکەمیان وتی فیل زیاتر بەگوریس دەچێت.
ـ دوەمیان بەسەرسامیەوە گوریسی چی؟ فیل وەکو دیوار وایە.
ـ سێهەمیان بەگاڵتەوە، گوریس‌و دیوار؟ فیل لەخەنجەرێکی درێژی وەک شمشێرزیاتر نییە.
ـ چوارەمیان ئەوەی دەیڵێن ڕاست نییە، یان گوایە فیل زۆر گەورەو مەزنە، بەڵام بەس وانییە، من خۆم توشی شۆکبوم کاتێک تێگەیشتم فیل مارێکی ئەستوری بێ ژەهرە.
ـ پێنجەمیان بەپێکەنینەوە ئەم گاڵتەجاڕیە چییە؟ فیل پانکەیەکی گەورەی لەپێست دروستکراوە.
ـ شەشەمیان بەقاقاوە.. ئەوە ئێوە تێکچون یان دیارە دەستتان لەشتێکی ترداوە؟ فیل جگە لەقەدی درەختێک زیاتر هیچی تر نییە.


لەکاتێکدا هەر شەش کەسەکە لەگێڕانەوەی وەسفی فیلەکە بەردەوامبون، قاقای پێکەنینی ئەو خەڵکەی لەوێبون بەدەنگی بەرز دەوروبەری پڕکردبوو، بەڵام فەرمانڕەواکە زۆر بەجدی‌و هێمنی گوێی بۆ گرتبون، بۆیە کاتێک تەواوبون فەرمانیکرد بەئامادەبوان پێکەنین بوەستێنن‌و گوێی لێبگرن:
   
بۆچی بەگاڵتەو پێکەنینەوە دەڕواننە ئەم نابینایانە؟ لەکاتێکدا هەر شەشیان ڕاستدەکەن لەو بەشەی دەستیان بەریکەوتوە لەفیلەکە، یەکەمیان کاتێک دەڵێت فیل بەگوریس دەچێت، دەستی بەر کلکی فیلەکە کەوتوە، دوەمیان کە پێیوایە فیل بەدیوار دەچێت، دەستی بەر کەلەکەیی‌و تەنیشتی فیلەکە کەوتوە، سێهەمیان پێیوایە فیل وەکو خەنجەرێکی درێژە، چونکە دەستی بەر قۆچەکانی کەوتوە، چوارەم پێیوایە فیل مارێکی ئەستورە، چونکە دەستی لەلوتی فیلەکە داوە، پێنجەم کەس پێیوایە پانکەیەکە لەپێست، چونکە دەستی بەر یەکێک لەگوێیەکانی فیلەکە کەوتوە، شەشەم‌و کۆتایی پێیوایە فیل بەقەدی درەخت دەچێ، چونکە دەستی لەقاچی فیلەکە داوە".

بەم پێیە هەریەکێک لەم شەش کەسە بەشێک لەڕاستیی‌و حەقیقەتیان خستوه‌تەڕوو، هەڵەی هەمویان تەنها ئەوەندەیە چاوەڕوانیان نەکرد بۆ ئەوەی بەشەکان یەکبخەنەوەو حەقیقەت بەکاملی بزانن، هەروەکو ئاوێنە شکاوەکە هەریەکێکیان تەنها پارچەیەکیان پێیەو تەنها گۆشەیەکی بچوک وێنا دەکاتەوە، ئەگەرچی لەڕوی ئەبستمۆلۆژیەوە (تیۆری زانین) دەکرێ حەقیقەت یەکێک بێت، بەڵام ڕێگەکانی زانینی جۆراوجۆربن.

(کانت) پێیوایە عەقڵ ناتوانێ شت لەخۆدا بزانێ، بەڵکو تەنها ئەو بەشە دەزانێ لەڕێگەی سێنسەکانەوە (هەستەکانەوە) دەرکی پێدەکات، بۆیە هەر یەکێک لەنابیناکان دیاردەیەکی فیلەکە وەسفدەکەن نەک هەموی.

لەکۆتایدا چیرۆکی فیل‌و نابیناکان، تەنها چیرۆکێک نییە لەمەڕ تواناو سنوری هەستەوەرە دەرکپێکەرەکان، بەڵکو ڕەخنەی قوڵی فەلسەفیە بۆ هەڵوێست‌و ئەخلاقی مرۆڤە ڕادیکاڵەکان، کاتێک دەستدەگرن بەبەشێک‌و بانگەشەدەکەن ئەوە گشتە یان هەموە، لەو پێناوشدا شەڕی هەموان دەکەن، چونکە حەقیقەت بەردەوام لەفۆڕمی ڕێژەگەرایی‌و فرە ڕەهەندیدا خۆی وێنا دەکات.

لێرەوە تێکشکاندنی ڕەهاگەری لەسەر هەموو ئاستەکان (سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، کلتوری…) بوە بەپێویستی پێکەوەژیان‌و یەکتر قبوڵکردن لەم سەردەمەدا، چارەسەری فەلسەفی خۆی لەگفتوگۆو گۆڕینەوەی بۆچونە جیاوازەکاندا دەبینێتەوە، بۆئەوەی بەکەرەستەو بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ هەوڵی زانینی حەقیقەت بدەین، حیکمەتی ڕاستەقینە ئەوەنییە حەقیقەت لای کێیە، بەڵکو بەتێگەیشتن‌و ئاشکراکردنی سنوری زانینمانەو هەوڵی بەردەوامە بۆ فراوانکردنی، وەکو سوکرات دەڵێت، "هەموو ئەوەی دەیزانم ئەوەیە هیچ نازانم"، ئەمەش سەرەتای کۆتایی تێپەڕاندنی نەزانینە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی