ڕەهەندەکانی پشت تەنگەتاو بوونی تورکیا و ئاڵۆزییەکانی ئێستای سوریا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمەدەمین سلێمان

سەردانی ئەو دوایەی "ئەسعەد شیبانی" وەزیری دەرەوەی سوریا بەیاوەری هەریەک لە وەزیری بەرگری و لێپرسراوی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ"هاکان فیدان"ی وەزیری دەرەوەی تورکیا دژ بە "هەسەدە"، دوای ماوەی کەمتر لە حەفتەیەک لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا دێت بۆ دیمەشق، کە لەوێش پێشتر بە بەشداری "ئەحمەد شەرع" ی سەرۆکی سوریا جارێکی دی کۆببوونەوە؛ بێگومان ئەوەش جموجۆڵی سەربازیی و باری گرژی لە ناوچەکانی نێوان دەستەڵاتی "هەسەدە" و حکومەتی سوریای ئاڵۆزتر کرد، کە تا ئێستا مەترسی پێکدادان و ڕوبەڕووبونەوەی خوێناویی لێدەکرێت .

هەڵبەت هەستیاریی تورکیا بۆ پرسی ڕۆژئاوای کوردستان بابەتێکی سەیر و نوێ نیە، هەمیشە ئەو وڵاتە لە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەدا بووە و کەمتەرخەم نەبووە لەهەر پلانێکی دەژمنکارانە بۆ لە قاڵبدان و دامرکاندنی بڵێسەی ئاگری بەرخودانی ڕۆژاوا، بەڵام ئەو تەنگەتاویی و هەراسان بوونەی ئەو جار ڕوویێکی دی ڕادەنێ و مانا و ڕەهەندی تری هەیە، لێکدانەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، کە دەکرێت لێرەدا لەچەند گۆشەنیگایەکەوە ئاماژە بە بەشێکیان بدەین :

-دیارە تورکیا ترازانی پرسی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ دەرەوەی پانتایی نێوخۆی سوريا بە هێڵی سوور دادەنێت، هەموو هەوڵێکی بۆ لەباربردنی جوڵەی دیبلۆماسی فەڕەنسایە، دەیەوێت هەموو دەرگایێکی دیبلۆماسی و گفتوگۆ بەڕووی هەسەدەدا دابخا و ئەو ڕێکەوتنەی هەیە شکستی پێبێنی و هیچ گرێنتیێکی نێودەوڵەتی بەدەست نەهێنێت .

-ڕۆڵی کارای "هەسەدە" لە شەڕی دژی داعش و بەهێزیی و تۆکمەیی ئەو هێزە لە هەموو ڕوویێک.. ئەزموونی بەرز و سەرکەوتووی خۆسەری کە لای دنیای دەرەوە پەسندە و پێیانوایە دەبێت بکرێت بە نمونە بۆ سیستمی حکومەتی ئێستای سوریا، ئەوانەو چەند فاکتەری تریش دەوری کوردیان جوانتر نەخشاندووە و ڕۆڵ و پێگەی "هەسەدە"یان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا پتەوتر و بەهێزتر کردووە، بێگومان ئەوەش تورکیای هەراسان و بێ هەدا کردووە و بە مەترسیی جددی و هەستیارییکی زۆرەوە لێی دەڕوانێت .

-سیاسەتی شۆڤێنی و تایفیی حکومەتی نوێی سوریا ، ڕوداوەکانی هەریەک لە ناوچە کەناراوییەکان و سوەیدا و کوشتن و بڕینی "عەلەوی و درووزەکان" لە ماوەیێکی کەم بەدوای یەکدا ، سەرکوتکردنی پێکهاتەکان و کاڵکردنەوەی فرە ڕەنگیی ، خەفەکردنی نەفەسی دیموکراسی و مەدەنیی و دەنگی ئازادیی خوازانی سوریا ، دەستەڵاتی ئەو وڵاتەی لەنێو پێکهاتەکانی دەرەوەی عەرەبی سونی لە سوریادا نامۆ و کەنارگیر و تاقە سوار خستووە ؛ ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک بەرگریکار و داکۆکیکاری مافی هەموو پێکهاتەکان دەردەکەوێ و بەچاوێکی پڕ متمانەوە لێی دەڕوانرێت ، بەشداری گەرموگوڕ و بەرفراوانی نوێنەرانیان لە کۆنفڕانسی حەسەکەدا گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە؛ ئەوەش فاکتەرێکی دی گرژیی و تەنگەتاویی تورکیایە کە لەدوای کۆبوونەوەکەی "ئەنقەرە" لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی نێوان "هاکان فیدان و ئەسعەد شیبانی" هەردوولا جەختیان لە ڕەتکردنەوەی ئەو کۆنفڕاسە کردەوە و هەسەدەیان بە جوداخواز لەقەڵەمدا .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی