کۆمەڵگەی ئێمە، بۆ هۆکاری لەبننەهاتوو، هەستی "فروستراسیۆن"ی تیا چەقبەستووە.
فروستراسیۆن تێرمێکی فرۆیدییە کە هەستی لەدەستچوون یا دەستنەگەیشتن بە شتێک یا شتگەلێکی
دیارییکراو زەق دەبێتەوە. راستییەکەی زەق نابێتەوە بەقەد ئەوەی رۆدەچێتە نێو دەروون.
بە گشتی، کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان ئەم هەستەیان تیا بەرجەستە
بووە، هەر بۆیە خەونی "تەسامی"یان گەشە، لە پیرۆزکردن، خەونبینین بە بەهەشت
و پەرستنی ئایدیال تا دەگاتە وڕێنەکردن کە پێناسەی پێکهاتەی دەروونی تاکی رۆژهەڵاتی
دەکەن.
هەر ئەمەیە زۆرێکمان
خەون بەوەوە دەبینین کە "حکومەتی" کوردی، هەیە پێی رەوا نییە ناوی لێ
بنرێت حکومەت، کاول بێت، داری بەسەر بەردەوە نەمینێ، سەرکردەکانی پەلکێش بکرێن، هەندێکیان
لە قەنارە بدرێن، تەلارەکان بەر بەرد بدرێن دواتر هەرچییەکی تیایە فەرهود کرێن، بە
کورتی دەردی دڵی خۆیان بەم وێرانبوونە بڕێژن.
ئایا ئەمە کارێکی سیاسییە؟
نەخێر، هەموو پرۆسەیەکی سیاسی دەبێ لە رێگەی پلان و نەخشەوە
بەڕێوە بچێت، سیاسەت کردەیەکی سۆزداریی نییە، تەقینەوەی خەمێکی پەنگخواردوو نییە،
دواجار تۆڵەکردنەوە نییە، بەڵکو خەونی بنیاتنانەوەیە.
ئەم بنیاتنانەوەیە کاری سەخت و پشوودرێژی و بکەری سیاسی
دەوێ کە بتوانێت هەموو کەلێنەکان بخوێنێتەوە و لەسەر بنامەیەکی دیکە، بەلایەن کەم،
لە رێی تیۆرییەوە نەخشەسازیی بۆ بکات. ئەمە نەکرێت هیچ ناکرێت.
تاڵانی دەستەبژێر و تاڵانی میللی یەک شتن.
سەبارەت بە خەوش و دزێوییەکانی حکومەتیش : چی ماوە نەگوترێ؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی