لەهەنگاوێکی مێژوویی و تا ڕادەیەک شۆکهێنەر، وڵاتی ئەلبانیا بۆ دەربازبوونی لە پیسخۆری و گەندەڵی و گیرفانی قوڵ و قاسەی پڕ و مێشکی بەتاڵ، یەکەم وەزیری زیرەکی دەستکردی بە جلوبەرگی فۆلکلۆرییەوە لەکابینەکەی ئیدی راما ڕاگەیاند و کۆتایی بەو پرسیار و مشتومڕانەش هێنا کە کێ دەتوانێت ببێت بە بەرپرس؟، ئایا بەزانینە یان بەناسین؟، ئایا چەند پاسەوان و نوسینگەوان و سکرتێرە دەبنە پەروانەی دەوری باڵای و . . هتد؟. جیاوازییەکان هێندە زۆرن کە لەژماردن نایەن. بە کورتی و کوردیەکەی خۆمان ئەو خانمە وەزیرە ژیرە دەستکردە ئەلبانیەی ناونراوە "دییلا" لەبری بەرتیل کۆدی پاکی دەوێت، ناخوات و ناخەوێت بۆ کەیف و سەفاش گەشتی وڵاتانی دەرەوەی نیە، بۆ مەسەلەی نەفسی هەوا و ماڵی دونیا هەتا دڵ بیەوێت وەزیرێکی بێ غەل و غەشە. ئێستا "دییلا" وەک یەکەم وەزیری زیرەکیی دەستکردی ئەلبانیا و جیهانیش، لە کابینەکەی ئیدی رامای سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا لە ئامادەباشیدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین ئاڵنگاری و کێشەی ئەو وڵاتەی کە چەندین ساڵە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕاپۆرتەکانی عەیب و عارەکانی هەڵدەماڵێت. دەڵێن ئەم وەزیرە غەزەبێکی عەجایەبە بۆ گەندەڵی و سەرەتای چیرۆکێکی گەورەترە، مرۆڤایەتیش دەخاتە چاوەروانیەوە تا بزانێت زانست چی تری لەباردایە و هاکا لە هەگبەیدا هاتە دەر؟. باشە ئەگەر تا دوێنێ وابیرمان کردبێتەوە چیرۆک و بابەتی فیلمە خەیاڵییەکان کارێکی نەکردەیە، خۆ دەبێت ئەمڕۆ ئەو بیرە پڕ بکەینەوە لە گومان و لاشمان ئاسایی بێت بە ڕۆژگارێک بگەین تێیدا رۆبۆت و زیرەکی دەستکرد هەموو شتێک قووتبدات و کاری مرۆڤ و دەوڵەتمەداران وەک بابەتێکی کلاسیکی و کۆنەپەرستانە لەڕابردوو جێبهێڵین؟. ئەی ئەوە نیە دییلا بەرپرسیاری تەواوی سیستەمی کڕینی لەحکومەتی ئەلبانیا، لە کڕینی قەڵەمێکەوە بۆ کارمەندان تا دروستکردنی پرۆژە گەورەکان لەئەستۆدایە. وەک باس دەکرێت هێندە بە وردی بابەتەکان هەڵدەسەنگێنێت و پشکنین بۆ بەڵگەنامە و دەرخستەکان دەکات شەیتانیش چاوی زەق دەبێت، بە یەک سێرچیش نەک بە لیژنە و لیژنەکاری، حەیای بچووکترین گەندەڵی دەبات.
دییلای بێ هەست و سۆز، بەبێ حزبێنە و خزمێنە ڕۆبۆتێکی بەزانست گۆشکراوە، هیچ هاوڕێیەکی نییە کە بتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەوتی کارەکانی درووستبکات، هیچ خێزانێکیشی نیە تا بیانخاتە نازونیعمەتەوە، خوڵاسەی کەلام "خدرێکی زینە"یە و بە پیرمانەوە هاتووە، بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵێین بۆ بەرەنگاربونەوەی کێشەکان کە مرۆڤ دروستی کردوون، پەنا بۆ شتێک براوە کە مرۆڤ نییە.
من بۆ خۆم گەشبینم، بەڵام قەیدی چییە ئەگەر بپرسم باشە ئەگەر ئەم تاقیکردنەوەیە سەرکەوتووبێت، وڵاتانی دیکەش هەمان ڕێگا هەڵدەبژێرن؟، خۆ پرسیارێکی نالۆژیکیی نابێت ئەگەر بڵێم تۆ بڵێی رۆژێک بێت لەبری دەنگدان و سیڤی خڕکردنەوە بۆ کاندیدان، ڕاپرسی لەسەر جۆری زیرەکی دەستکرد و رۆبۆتەکان بکرێت تا بەشداربن لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانی؟. دەبێت چاوەڕوان بین و تا بزانین چۆن تەکنەلۆژیا دەتوانێت چارەسەری ئەو کێشانە بکات کە مرۆڤایەتی نەیتوانیوە یان نایەوێت چارەسەریان بکات؟. ئەرێ هەر بەڕاست ئەگەر ئامێرەکان بتوانن کارەکان لە ئێمە باشتر ئەنجام بدەن، ڕۆڵی ئێمەی مرۆڤ چی دەبێت، خۆ ماڵمان بەقوڕ ناگیرێ؟. ئەم هەویرە ئاوکێشە و هەرچۆنێک لێکدانەوەی بۆ بکەین دەمانخاتە سەر ئەو ڕایەی ئەلبانیا یەکەم هەنگاوی مێژووی بۆ خۆی نووسییەوە و بە وەزیرێكی زیرەکیی دەستکرد جیهانی بەشۆکی خستە چاوەڕوانیەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی