ماوەیەكە هەستدەكرێت دڕدۆنگیی و ساردییەك لەپەیوەندی نێوان پەیەدەو ئەنەكەسە هەیە، هەروەك ساردیش كەوتۆتە نێوان پارتی و پەیەدە یان رێڤەبەری خۆسەر. رەنگە ئەو ساردیی و دڕدۆنگییەی دروستبووە بەهۆی جێبەجێنەبوون یاخود دواكەوتنی جێبەجێبوونی رێككەوتنی قامیشلۆ بێت لەنێوان ئەنەكەسەو پەیەدە كە ماوەی پێنج مانگی بەسەردا تێپەڕیوە.
ماوەیەكە لێرەو لەوێ ئەندامانی ئەنەكەسە باسی ئەوەدەكەن لەلایەن دیمەشقەوە بانگهێشتكراون بۆ دیدەنی و دیداری ئەحمەد شەرع حاكمی ئێستای سوریا، وەك ئاماژەیەك كە رەنگە بەبێ گەڕانەوە وەفدی هاوبەشی كورد سەردانی دیمەشق بكەن.
هۆكاری ئەو ساردییەی لەپەیوەندی نێوانی پارتی و پەیەدە یان ئەنەكەسەو پەیەدی دروستبووە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، دەكرێت لەچەند لایەنێكەوە بەكورتی بخرێتەڕوو.
یەكەم: رەنگە پرسی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی قامیشلۆ (یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كورد) كە لەكۆتایی مانگی نیسانی رابردوو كرا هۆكارێك بێت، بەڵام لەدۆخێكی وەك ئێستای سوریاو رۆژئاوای كوردستان جێبەجێكردنی رێككەوتنێك دوای دابڕانێكی دوورو درێژی ناوماڵی كورد بێگومان پێویستی بەوەختی زیاترە، بەتایبەت پەیەدە ئێستا رابەرایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات، بەنزیكەی 14 ساڵە هێزێكی چەكدارن، بەركەوتەی شەڕ یان ئیستحقاقی شۆڕش كاریگەری لەسەر بیركردنەوەو جێبەجێبوونی هەر رێككەوتنێك دەبێت كە لەگەڵ ئەنەكەسەدا كراوە، بەڵام پەیەدە یان فەرماندە مەزلوم عەبدێ ئەو بەرپرسیارێتیەی دەكەوێتە ئەستۆ كە هەوڵبدات رێگری لەلەتبوونی نێوماڵی كورد بكات، چونكە ئەنجام زیانی بۆ هەموو كوردە نەك تەنها ئەنەكەسە.
دووەم: ماوەیەكە توركیا هەست بەئالۆزییەكی زۆر دەكات لەگۆڕانكارییەكانی سوریا. ئیسرائیل رێنادات هەناسەیەك لەسوریا بدات، هاوكات ئەو ئاشتیەی باكوریش واتە ئەردۆغان لەگەڵ رێبەری پەكەكە (عەبدوڵلا ئۆجالان) زۆر ساردبۆتەوە، بۆیە ئێستا فشار لەدیمەشق و رەنگە لەپارتی دیموكراتی كوردستانیش بكات بۆ ئەوەی وەفدی ئەنەكەسە دوور لەرێڤەبەری خۆسەر و بەتەنها بچنە دیمەشق بۆ گفتوگۆ بۆ دوو مەبەست، یەكەمیان لەتكردنی یەكڕیزیی و ناوماڵی كورد، دووەمیشیان وەك بەدیلی رێڤەبەری بچن گفتوگۆ لەسەر مافی گەلی كورد لەدیمەشق بكەن.
سێبەم: بەپێی رێككەوتنی پێشووی مەزلوم عەبدێ و ئەحمەد شەرع، پێویستە تا مانگی 12 هێزەكانی سوریای دیموكرات تێكەڵ بەسوپای سوریا ببنەوەو لەگەڵ جێبەجێكردنی خاڵەكانی دیكەی رێككەوتنەكە كە لە 10 ئاداردار كرا، بەڵام تائێستا هیچ نەكراوە، بۆیە دیمەشق دەیەوێت ئەو رێككەوتنەی نێوان كورد كە لەمانگی نیساندا كرا تێكبدات و پەیامێك بۆ مەزلوم عەبدێ بنێرێ كەئەوان بەدیلی رێڤەبەری خۆسەریان هەیە بۆ گفتوگۆكردن.
من نازانم ئەنەكەسە دەچنە دیمەشق یان نا، بەڵام چوونیان زیانێكی زۆر گەورە بەخۆیان دواتر بەكوردیش دەگەیەنێت. ئەگەر بەتەنها بچنە دیمەشق ئەوا یەكەم: رووبەرووی میللەتی كورد لەرۆژئاوای كوردستان دەبنەوەو وەك لایەنگری ئەحمەد شەرع یان رژێمی نوێی سوریا تەماشا دەكرێن.
دووەم: رەنگە سەرەتا ئەحمەد شەرع هەرایەكی ئیعلامیی گەورە بۆ پێشوازیان دروستبكات، بەڵام ئامادەنابێت هیچیان بداتێ، چونكە بڕوای بەمافی گەلانی سوریا نییە. لەكاتێكدا كە رێڤەبەری خۆسەر (پەیەدە) كەخاوەنی هێزێكی گەورەو كاریگەری وەك (سوریای دیموكرات) ەو پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە تائێستا لەگەڵ شەرع نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك، كەوایە مومكین نییە ئەنەكەسە كە بەدڵنیاییەوە لەڕێی توركیاوە دەچنە دیمەشق شتێك بۆ كورد بەدەستبێنن، بیریشمان نەچێت بڕیاری چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان هەر لای مەزلوم عەبدێ و هێزەكانی سوریای دیموكرات دەمێنێتەوە.
بەكورتی ئەگەر ئەنەكەسە بێ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی قامیشلۆ بچنە دیمەشق، بێگومان هیچیان دەستناكەوێت، رەنگە ماوەیەك لەرووی ئیعلامییەوە باسبكرێن، بەڵام هەم رێككەوتنەكەی قامیشلۆ هەڵدەوەشێتەوەو هەم پروشكی ئەو بەرپرسیارێتیە بەر پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەكەوێت.
نابێ ئەو راستیەش لەبیر بکەین کە ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا،هێزەکانی سوریای دیموکرات بەنوێنەری باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دەزانن، هرکەس و لایەنی دیکە بچێت لای ئەوان نوێنەرایەتی کورد یان رۆژئاوای کوردستان ناکات و پشتیوانی ناکەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی