ئەنجامی هێرشی سەر دەوحە: تەسلیمبوونی حەماس و شکاندنی ماسکی قەتەڕ و تورکیا

11 کاتژمێر پێش ئێستا

سیروان عوبەید

ڕێککەوتن و هاتنەژێرباری حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، بەشێکی گەورەی دەرئەنجامی ھێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بوو بۆ سەر بارەگای حەماس لە دەوحە، پایتەختی قەتەڕ. ئەوکات زۆرێک وا وێنایان دەکرد کە ئیسرائیل هێڵی سووری ئەمەریکای بەزاندووە، بەڵام من بۆچوونم ئەوە بوو کە ئەمەریکا ناکرێ بێئاگا بووبێت و لەڕاستیدا لەگەڵ ئیسرائیل فشار دەخەنە سەر قەتەڕ، بۆ ڕازیکردن و دەستبەرداربوونی لەو دووڕووییە دیپلۆماسییەی قەتەڕ، کە لەلایەک وەک نێوەندگیر خۆی نیشاندەدا، و لەلایەکی تر پشتیوانی دارایی و داڵدەدانی بەرپرسانی حەماس. "لەبری ئەوە دەبێ قەتەڕ ناچاربکرێت فشار بخاتەسەر حەماس بۆ ڕێککەوتن و ئازادکردنی بارمتەکان."

ئەوکات لە وتارەکەمدا کە بەناویشانی "ھێرشی دەوحە: یاسایەکی نوێی ئیسرائیل و مەترسی سەر تورکیا" بڵاوکراوەتەوە.. ڕوونم کردووەتەوە کە ھێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای حەماس لە دەوحە تەنها هێرشێکی تاکتیکی نەبوو، بەڵکو پەیامێکی ستراتیژی بوو کە یاسایەکی نوێی لەسەر ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانا. ئەم یاسا نوێیە، کە بە شێوازێکی کتوپڕ سەروەریی قەتەڕی پێشێل کرد، ڕاستەوخۆ بووە هۆی ڕێککەوتنی حەماس و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، کە ئێستا دەرئەنجامەکەی بە ڕوونی دەبینین.

پرسیار دەکەی بۆچی پێموایە ئەم "ڕێککەوتن و هاتنەژێرباری ئێستای حەماس، بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، دەرئەنجامی هێرشەکەی سەر دەوحەیە؟

لەڕاستیدا، ئەم ڕێکەوتنە تەنها ئازادکردنی بارمتەکان و تەسلمبوونی حەماس نیە، بەڵکو شکاندنی ماسکی نێوەندگیری قەتەڕ و تورکیاشە. کە تێیدا ئیسڕائیلیش ئامانجی هێرشەکەی سەر دەوحەی پێکا. بە واتایەکی تر، هێرشەکەی سەر دەوحە ئەگەر پێشتر کەمێک گومانی لەسەر سپۆنسەری قەتەڕ و تورکیا لێکرابێت، تەسلیمبوونی حەماس بەوشێوەیە وەک ئەنجام و بەرهەمی هێرشەکە دەبێ وا لە ئیسرائیل و ئەمریکا بکات کە چیتر لە چوارچێوەی گوماندا نەمێننەوە، بەوەی کە قەتەڕ و تورکیا لە ڕاستیدا سپۆنسەر و لایەنگری حەماسن نەک نێوەندگیر و لایەنی چارەسەر. بە دیوێکی تر، ئازادکردنی بارمتەکان لەژێر فشاری تورکیا و قەتەڕ، ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە: ئەگەر لەڕابردوودا پشتیوانی ژێربەژێری تورکیا و قەتەڕ نەبوایە بۆ حەماس، دۆخەکە بەجۆرێکی تر دەبوو بۆ ئەمەریکا ئیسڕائیل، دەکرا ئەو هەموو خوێنەش نەڕژێت. لەکاتی هێرشی سەر دەوحە، لەلایەن ئیسڕائیلەوە، لێکدانەوەکەم بەم شێوەیە بوو کە: " دەکرێ چاوسوورکردنەوە و فشارخستنەسەر دەوحە، کاریگەری لەسەر ڕازیکردنی حەماس هەبێت بۆ ڕێککەوتنێک بەدڵی ئەمەریکا و ئیسڕائیل و ئازادکردنی بارمتەکان."

ئەمڕۆش دەرئەنجامەکەی دیارە کە هەر ئەمە بوو قەتەڕی ناچار کرد لە نێوان دوو بژاردەکەدا یەکێکیان هەڵبژێرێت: یان پشتگیریی ئاشکرای حەماس بکات، کە من ئەوکاتیش پێموابوو قەتەڕ "ئەو ڕێگە خۆکوژییە ناگرێتەبەر"، یان بەجۆرێک لەجۆرەکان دەستبەرداری حەماس دەبێت و گوشار دەخاتە سەریان (ئەگەر بە کاتییش بێت) بۆ خۆلادان لە فشارە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و ئیسرائیل." ئەمڕۆ دەرئەنجامی هاتنەدی ڕێککەوتنەکە و ئازادکردنی بارمتەکان ئەوەی ڕوونکردەوە کە قەتەڕ بژاردەی دووەمی هەڵبژاردووە و لێکدانەوەکەم لەسەر ئامانجەکانی هێرشی سەر دەوحە، و دوو بژاردەکەی بەردەم قەتەڕ بە تەواوی وەڕاستگەڕا.

لەلایەکی تر، فشاری "پاکێجی تڕەمپ"مان هەیە، کە لەو پرسەدا بە سەر قەتەڕ و تورکیادا جێبەجێکرا. مەبەستم ئەوەیە بڵێم، ئەگەر لەڕوانگەی سیاسەتی دۆناڵد تڕەمپەوە سەیری ڕووداو و پێشهاتەکان بکەین، ئەم دۆخە وەک پاکێجێکی گشتگیر مامەڵەی لەگەڵ کراوە کە تڕەمپ بەردەوام دەڵێت: ئامانجی دروستکردنی "ئاشتی بەهێزە"

مامەڵەکردنی تڕەمپ لەگەڵ قەتەڕ و گفتوگۆی تەلەفۆنی نێوان ناتانیاهۆ و میری قەتەڕ، کە تڕەمپ ڕێکیخستبوو، بۆ ئەوە نەبوو کە ئیسرائیل داوای لێبوردن بکات وەک هەندێک لەئیسلامییەکان و میدیاکان وایان نیشاندەدا. بەڵکو لەڕاستیدا ئەمەش هەر لەچوارچێوەی گوشارەکاندا بوو بۆسەر قەتەڕ، بەڵام ئەمجارە بەفۆڕمێکی نەرمی دیپلۆماسی، کە لەلایەک بۆ ڕزگارکردنی قەتەڕ بوو لەو ئیحراجییە عەسکەری و دیپلۆماسییەی کە بەهۆی هێرشەکەوە تووشی ببوو، لەلایەکی تر سوور بوون لەسەر ئامانجی هێرشەکەی ئیسڕائیل، کە من ئەوکات وتم، هێرشەکە بە "گڵۆپی سەوزی ئەمەریکایە لەژێرەوە". هەرچەندە لەپێش ڕاگەیاندنی ملکەچکردنی حەماس بەم ڕێکەوتن و میکانیزمە، قەتەڕ شکۆی خۆی بە ڕووکەشی پاراست، بەڵام ناچاریش کرا کە دەستبەرداری پشتگیرییە ژێربەژێرەکانی لە حەماس ببێت و گوشاریان بخاتە سەر بۆ ڕێککەوتن و ئازادکردنی بارمتەکان.

لێکەوتە و کاریگەرییەکانی ئەو ڕووداوە لەسەر تورکیا:
وەک لە وتارەکەی پێشوودا ئاماژەم پێیداوە، "ئامانجی هێرشەکەی ئیسڕائیل، پەیامێک بوو بۆ هەموو پشتیوانانی حەماس لە ناوچەکە، لەناویاندا قەتەڕ و تورکیا."
کۆبوونەوەی تڕەمپ یش، لەگەڵ ئەردۆغان لە کۆشکی سپی، لە هەمان چوارچێوەدایە. لەبیرمان نەچێت، لە سیاسەتی تڕەمپیزمدا، زۆرجار ستایشکردنی سەرۆکەکان واتا گوشار و ئاڕاستەکردن بۆ جێبەجێکردنی ئامانجی ئەمریکا. ڕێک ئەوەی دوور لەچاوی میدیاکاندا پێیڕاگەیاندراوە. بە نموونە: تڕەمپ" زۆرجار ستایشی ئێرانییەکانی کردووە و کاتێکیش لە دۆخی دانوستان
دابوو لەگەڵ ئێران، لەپڕاکتیکدا هێرشی سەربازی کردەسەر ئێران. بۆیە ستایشی پێش کامێراکان نابێتە پێوەر بۆ دیپلۆماسیەتی ئەمەریکی بەتایبەت لەسەردەمی ئەمە تڕەمپ زۆر جیاوازە.

ئەگەر کەمێک قووڵ بینەوە لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە و دواتر ڕێکەوتنەکە، دەبینین ڕووداوەکان پەیوەستن بەیەکەوە و سەیر نیە، کە دوای ئەو کۆبوونەوەیەی تڕەمپ و ئەردۆغان، تەسلیمبوونی حەماس بە ڕێککەوتنەکەی لێدەکەوێتەوە. ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە تورکیاش کەوتووەتە ژێر هەمان گوشار و کاریگەرییەوە، بۆیە ئەردۆغان کاتێک زانی هەڕەشەکانی ئیسڕائیل، و گوشارەکانی ئەمەریکا لەژێرەوە، جدیین لەبەرامبەر پشتیوانی وڵاتەکەی لە حەماس، ناچار بوو هاوکاتی قەتەڕ گوشار بخاتە سەر لقەکانی حەماس لە وڵاتەکەی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە دەکرێ لەسەر تورکیا دروست بن بەهۆی حەماسەوە.

بەڵام جارێ ماویەتی و تورکیا بە و ئاساننیە ناتوانێ خۆی لەکاریگەرییە دیپلۆماسیەکان قوتاربکات. هەرچەندە لەڕاگەیاندنەکان ستایشی ڕۆڵی تورکیا و قەتەڕ بکرێت بۆ نێوەنگیری، بەڵام لەواقیعدا بۆ ئیسڕائیل و ئەمەریکا ئەنجامی ڕێککەوتنەکە بە لادانی ماسکی قەتەڕی و تورکی دەبینرێت، کە لەستراتیژدا بێمتمانەیی زیاتر دروست دەکات لەسەر دیپلۆماسیەتی ئەمەریکا لەبەرامبەر قەتەڕ و تورکیا، تەنانەت دیپلۆماسی جیهانیش ئەوە دەبینێت. ئێستا ئەو پرسیارە دەکرێت: بۆچی زووتر ڕێککەوتن نەکرا، و ڕێگە لەو هەموو خوێنڕشتنەی فەلەستینی و ئیسڕائیلییەکان نەکرا؟

بەمشێوەیە تەسلیمبونی ئێستای حەماس و هاتنەدی ڕێککەوتنەکە، کاریگەری ڕاستەوخۆی تورکیا و قەتەڕ لەسەر گرووپەکە ڕوون دەکاتەوە و لە ڕووی ستراتیژییەوە گومانێکی قووڵ دروست دەکات لەسەر سیاسەت و دیپلۆماسی هەر دوو وڵاتەکە لەناوچەکە و جیهان.

شکاندنی ئەو ماسکەی تورکیا و قەتەڕ لەوبارەیەوە بەبێ بێگومان، لە مێشکی دیپلۆماسی سیاسی ئەمریکا و ئیسرائیلدا ئەوەی چەسپاند کە قەتەڕ و تورکیا کارتی حەماسیان وەک ئامرازێکی فشار لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بەکارهێناوە و تەنیا کاتێک ئامادە بوون کار بەو کارتە بکەن یان وازی لێبێنن کە ئاسایش و بەرژەوەندیی خۆیان کەوتە بەرمەترسییەوە. ئەمەش لەئایندەدا بێمتمانەیی دیپلۆماسی قووڵ دەکاتەوە و پەیوەندییەکانی قەتەڕ و تورکیا وەک ڕۆڵی "نێوەندگیر" دەخاتە ژێر پرسیارێکی گەورەترەوە.

 ئەگەرچی لەئێستادا ئاگربەستێک هەیە و بۆمب و تۆپەکان وەستاون، بەڵام هێشتا جەنگەکە کۆتایی نەهاتووە. ئیسڕائیل دەکرێ دوای پشوویەکی دیپلۆماسی و شکاندنی ماسکی قەتەڕ و تورکی جەنگەکە دەستپێبکاتەوە و بەگومانی ئەوەی کە تورکیا و قەتەڕ هێشتا دەکرێ جارێکی تر سپۆنسەری گرووپەکە بکەنەوە و ڕێکی بخەنەوە. بۆیە ئەگەرچی بارمتەکان ئازادکراون، بەڵام ئێستا پرسیارە گەورەکە لە عەقڵی ئەمەریکی و ئیسڕائیلدا ئەوەیە: چۆن قەتەڕ و تورکیا، کە توانییان بەو خێراییە حەماس بۆ ڕێککەوتن ڕازی بکەن، پێشتر ئەم کاریگەرییەیان بەکارنەهێنا، تا کاتێک مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر خۆیان دروست بوو؟

ئەگەر تەنها کەمێک پرسیارەکە ڕادیکاڵانەتر بکرێت، تەنانەت گومان دروست دەبێت کە "ئاخۆ قەتەڕ و تورکیا دەبێ ئاگاداری هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەریش نەبووبن؟" ئەم ئاڵۆزییە، لەگەڵ بوونی بەردەوامی لقەکانی حەماس لە هەردوو وڵاتەکە و تەسلیمبوونی ئێستای حەماس بەم میکانیزمە، وایکردووە کە بێمتمانەیی بگاتە لووتکە.

لە کۆتاییدا، هەرچەندە تورکیا و قەتەڕ بەم هەنگاوە مەترسی هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیلیان لەسەر خاکەکەیان بۆ ماوەیەکی نادیار دوورخستەوە، بەڵام لە ستراتیژدا هیچ گومانی نەهێشتەوە لەسەر ئەوەی کە حەماس کاریگەری ڕاستەوخۆ و سپۆنسەری قەتەڕ و تورکیای هەیە. ئەمەش بۆ داهاتوو، لانیکەم دیپلۆماسیەتی ئەم دوو وڵاتە لە هاوپەیمانی و نێوەندگیرییەوە دەگوازێتتەوە بۆ خانەی دژ، و "لایەنی پەیوەندیدار" و سپۆنسەری گرووپە توندڕەوەکان، دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاو ئیسڕائیل لە ناوچەکە، بەتایبەت کە ئەوە ڕووبووەتەوە کە تا ئێستا دوو وڵاتەکە سپۆنسەری گرووپێکی تیرۆریستیان لەدژی بەرژەوەندیەکانی ئەوان کردووە" لەکەمترین حاڵەتدا بۆ  قەتەڕ و تورکیا، بێمتمانەیی دیپلۆماسییان لە لایەن ڕۆژاوا و ئیسرائیلەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی