بێهیوا بوونی ئەردۆغان لە تڕامپ و وەهمی "هەسەدە" لای تورکیا .

6 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمەدەمین سلێمان

دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەرکەوتنی هەر لەسەرەتاوە وەک هێزێکی بەهێز و پڕ دسپلینی سەربازیی و خودان پەروەردەیەکی تەندروست، فرەڕەنگ لە پێکهاتە و ڕۆڵی بەرجەستە و کارای ژنان بەو شێوە بەرچاوە کە تێیدا وەک نمونەیەکی دەگەمەن لە ناوچەکە و تا ئاستێک جیهانیشدا دەردەکەوێت، ئەو هێزەی لەبەرچاوی دۆست و دوژمندا جێ سەرنج و ناوازە و گەڕناس ڕاناوە . دیارە ئەوەش کێچی خستووەتە کەوڵی تورکیا و ئۆقرە و خەوی لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بڕیوە، بێ وچان بەدوای کەلێن و دەرفەتێکەوە بوون تا بڵێسەی ئەو شۆڕشەی تێدا خەفە بکەن و خواست و ئیرادەی بەرزی تازە چەکەرە کردووەی ئەو هێزە لەباربەرن . هەڵبەت لەو بوارەشدا پیلان و کۆششە دوژمنکارییەکانی تورکیا کەم نین و زۆر و زەوەندن، هەرچی بۆی کرابێت کردویەتی هەر لە بۆردومان و هێرش و لەشکرکێشیی ڕاستەوخۆی سەربازییەوە بگرە تا بەگژداکردنی داعش و دنەدانی گروپە تیرۆرستییەکانی دیکەی سەربەخۆیان، فشار خستنە سەر دیمەشق و هاندانی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە دژی خواست و ویستەکانی کورد و شەڕ و پەلاماردان و هێرشکردن بۆ سەر ڕۆژ ئاوای کوردستان . 

لە پاڵ هەڕەشەی پڕۆسەی سەربازیی و بەکارهێنانی گروپە تیرۆرستییەکان دژی هەسەدە، لە ڕووی سیاسییش بۆ پەڕاوێزخستن و دابڕاندنی ئەو هێزە لەو لینکەی لە باری پەیوەندیی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا هەیەتی و بەتایبەت لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی داعش و کەیسی کامپی هۆڵ کە پێگەیەکی جیهانی باشی بۆ ڕۆژ ئاوا دروستکردوە، ئەنقەرە نەوەستاوە و هەدای نەداوە، بێ لەوەش لەباربردنی ئەو دانیشتن و ڕێکەوتنەی چاوەڕێ دەکرا لە پاریس بکرێت بە فشار خستنە سەر دیمەشق هەنگاوێکی دی بوو لەو بوارەدا . داواکارییە بەردەوامەکانی تورکیا لە ئەمریکا بۆ دەستبەرداربوون لە پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان هەر لەو چوارچێوەدا دێت، لە دوا هەوڵی ئەنقەرەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی فۆکس پرێس لە کۆبوونەوەی نێوان "دۆناڵد تڕامپ و ئەردۆغان" کە ڕۆژی 25 ئەیلول لە نیویۆڕک بەڕێوەچوو، یەک لە تەوەرە گرنگەکانی ئەو کۆبوونەوە داواکاریێکی سەرۆکی تورکیا بووە بۆ دوورخستنەوەی هەسەدە و ڕادەستکردنی کەمپی هۆڵ بە حکومەتی سوریا کە هەزاران داعش تێیدا زیندانیی کراوە،  بەڵام تڕامپ بە توندی داواکەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: بابەتەکە پەیوەندی بە ڕەزامەندیی منەوە نیە و ئەو بڕیارە لە ئەستۆی پنتاگۆن و ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا دایە، کە بە دڵنیاییەوە ئەوان ڕازی نابن و ئامادە نین بەپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی کامپی هۆڵ جگە لە هەسەدە بگوازرێتەوە بۆ هیچ هێزێکی دی . 

لێدوانەکەی دەوڵەت باخچەلی دوای ڕاگرتنی شەڕ و شکستی ئاژەوەگێڕییەکەی حەڵەب کە دەڵێت: دەبێت ئۆجەلان  بانگەوازێکی نوێ بکات بۆ چەکدانانی هەسەدە، هاوکات لەگەڵ هەڕەشەی هێرشکردنی تورکیا بۆسەر هەسەدە لەکۆتایی ساڵ و چەکدان بە سوریا دژی کورد، ئاماژەگەلێکن بۆ تەنگەتاویی و شپرزە بوونی زیاتری ئەنقەرە لەسەر ئایندەی نادیاری ناوچەکە و ئەو گۆڕانکاریی و پێشهاتانەی چاوڕێ دەکرێت ئەو وڵاتە بە سەلامەتیی و بێ زیان لیێ دەنەچێت، چونکە تورکیا لە سیناریۆ و جوڵەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل و پێگەی ڕۆژ ئاوای کوردستان لەنێو هاوکێشەکاندا باش تێگەیشتووە !

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی