چۆن لە دانانی مارک سەڤایا، نێردەی ترەمپ بۆ عێراق تێبگەین؟

5 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

دانانی مارک سەڤایا مشتومڕێکی زۆری دروستکردوە. بەڵام تێگەیشتنەکان سنوردارن. هەڵەی گەورە لە تێگەیشتن لە دانانی مارک سەڤایا ئەوەیە وەها دەبینرێت کە دەرئەنجامی دۆخی عێراقە.

بە گشتی دەتوانین بڵێین کە دوو تێگەیشتن هەیە لە دانانی مارک، یەکەم، دەرئەنجامی دۆخی عێراق، دووەم، دەرئەنجامی دۆخی ئەمریکا یان بە تایبەتی ترەمپ خۆی.

بە گشتی لە نێو ڕاڤەکەرانی دۆخی عێراقدا دیدی یەکەم زاڵە. بەو مانایە وەهای دەبینینن دانانی مارک ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دۆخی ناوخۆی عێراق و پەیوەندی عێراق و ئەمریکا. لەم ڕوانگەیەوە، تێگەیشتنێک هەیە کە ناردنی نێردەی تایبەت، نیشانەی ئەوەیە کە دۆخی وڵاتەکە قەیراناوییە، وەک ناردنی نێردەی تایبەت بۆ سوریا، لوبنان، ئۆکرانیا و فەلەستین و ئیسرائیل، ئەگەر نا بۆ باڵوێز نانێردرێت؟ 
بۆ نمونە ئیحسان شەمەریی لە هەژماری تویتەری خۆی نوسیویەتی، سەرەتای کۆتایی. بەم پێیە دانانی مارک سەرەتای مامەڵەی ترەمپە لە گەڵ عێراقدا و ئەمەش دەبێتە مایەی کۆتایی ئەم ڕژێمە سیاسییەی ئێستا. 

ئەم دیدە بە هەڵە دەزانم. 
لە راستیدا، دانانی مارک مانای ئەوە نیە، کە پەیوەندی بە عێراقەوە نیە. بەڵام پەیوەندییەکە بەو جۆرەیە کە دەرخەری ئەوەیە کە ترەمپ بایەخێکی ئەوتۆ بە عێراق نادات. یەکەم، مارک وەک تۆم باراک، یان ویتکۆڤ نیە، کە تەمەن و ئەزمون و پەیوەندی قوڵی هەبێت بە تایبەتی لە کەیسی ویتکۆڤدا. بەڵکو مارک لاوە و سەر بە کەمینەیەکی بچوکی عێراقە و هیچ ئەزمونی سیاسی یان بازرگانی لە دەرەوەی ئەمریکا نیە.
تەنانەت ویتکۆڤ، کە خۆی جولەکەیە، کارەکەی بە تەنها پێنەکرا بۆیە ناچاربوون جێرارد کوشنەر بهێننەوە، بۆ ئەوەی هاوکاریی بکات. بۆ ئەوەی ئەم لاوازییەی ویتکۆڤ بشارێتەوە، ترەمپ لە کنێسەت یان پەرلەمانی ئیسرائیلی ویتکۆڤی وەها وەسف کرد کە کیسنجەرە بەبێ دزە-پێکرد. ترەمپ وەها بیر لە کیسنجەر دەکاتەوە کە زانیاری زۆری دزە پێدەکرد.
تۆم باراک نزیکەی پەنجا ساڵ لە تەمەنی لە ناوچەکە بە سەر بردوە. بەڵام مارک وەها نیە. هەرچەندە مارک لە سەردەمی یەکەم هەڵبژاردنی ترەمپەوە نێوەندگیرێک بوە لە نێوان سیاسییە عێراقییەکان و ترەمپدا. وەک سیاسییەکی عێراقی گێڕایەوە، چەند مانگێک لەمەوپێش بیزنیسمانێکی عێراقی لە ئەمریکا تەلەفون بۆ سودانی دەکات، پێی دەڵێت دەتەوێت قسە لە گەڵ سەرۆک ترەمپدا بکەیت، سودانیش دەڵێت بەڵێ، بەڵام چاوەڕێی ئەوەی نەکردبوو، دەستوبردبێت. بۆیە کاتێک تەلەفونەکە دەدەن بە ترەمپ لە یەکێک لە یانەکانی گۆلف لە عێراق یانزەی شەو دەبێت لە بەغدا و سودانی بە دزداشەوە لە ماڵ دەبێت. ترەمپ داوای پشتیوانی لێدەکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. وەها دیارە ئەو بیزنیسمانە عێراقییە مارک بوە.
دیارە ترەمپ وەها وەسفی مارک دەکات کە بە ئاگا و شارەزایە لە عێراق. بەڵام لای ترەمپ و بە گشتی فاشیزمی نوێ چەمکی شارەزا مانایەکی تایبەتی هەیە. ئەوان بە گشتی دژ بە شارەزای تەقلیدیین، خەڵکێک کە لە ناوەندە باڵاکانی مەعریفە و ئەزمونەوە دێن. بەڵکو لای ئەوان هەموو شتێک سادەیە و دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا فێری بیت و ببیت بە شارەزا.
لەم ڕوانگەیەوە، دانانی مارک نیشانەی ئەوەیە کە عێراق جێگای بایەخێکی کەمە لای ترەمپ.
بۆ ترەمپ ئەم کارانە دەکات. 
دانانی نێردە، کردەیەکی نوێ نیە. باوە لە سیاسەتی ئەمریکیدا کاتێک کەسێک پشتیوانی دارایی کەمپەینی سەرۆک دەکات لە بەرامبەردا پۆستی باڵوێز یان پۆستێکی هاوشێوەی دەدرێتێت. بەڵام لای ترەمپ جیاوازییەکەی ئەوەیە کە ترەمپ ئامانجی لە دانانی ئەم کەسانە لادان و پەراوێزخستنی وەزارەتی دەرەوە و بیرۆکراسیەتی ئەو وەزارەتەیە. 
هەموو ئەم نێردانە پێگەی شەخسی ترەمپ گەورە دەکەن و دەزگا و سیستەم لاواز دەکەن. 
بەڵام دانانی مارک سەڤایا دەبێت وەک دەرئەنجامی سیاسەتی ناوەوەی ئەمریکا بخوێندرێتەوە. 
لە ولایەتی میشیگان نزیکەی ٢٠٠ هەزار مەسیحی کلدانی دەژین. دەنگی ئەمانە کاریگەربوو بۆ ئەوەی ترەمپ ئەو ولایەتە بباتەوە. کەسانی وەک مارک کە لە سەردەمی یەکەمی ترەمپەوە پشتیوانی ترەمپن هەم بە پێدانی پارە و هەم بانگەشە گرنگ بوون.
ئەم دەنگانە بە گرنگ دەمێننەوە چونکە ولایەتەکە جۆلانێ دەکات، بۆیە ترەمپ دەبێت پاداشتی ئەم گروپە و چالاکوانەکانی بکات. دانانی مارک بە نێردەی خۆی بۆ عێراق، بە تایبەتی ئەگەر کاتیی بێت، چونکە ئەو کاتە پێویستی بە ڕەزامەندی کۆنگریس نیە، ئەوا بۆ کلدانییەکان و بۆ ترەمپیش باشە.
ئایا کاریگەری چۆن دەبێت؟
کلدانەکان دوو بەرەن، بەرەی ساکۆ و بەرەی ڕەیان. دیارە مارک لە ساکۆوە نزیکە، چونکە ڕەیان لە حەشدەوە نزیکە. لە ئێستای عێراقدا کەسانی وەک سودانی هەوڵ دەدەن سود لە مارک ببینن بۆ گەیشتن بە ترەمپ. بەڵام لە دۆخی ئاڵۆزی عێراقدا مارک کۆمەڵێک لاوازی هەیە، یەکەم، ناوبانگی باش نیە، دووەم، ئەزمونی کەمە، سێیەم، کۆنستیچوینسێکی فراوانی نیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی