بوومەلەرزەی سیاسی لە باکوری قوبرس و لێکەوتەکانی بۆ تورکیا

5 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە
ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە باکوری قوبرس بەڕێوەچوو. لە هەڵبژاردنەکاندا، توفان ئێرهۆرمان، سەرۆکی پارتی کۆماری تورکیا (CTP) کێبڕکێی لەگەڵ ئەرسین تاتار، کاندیدی پارتی یەکێتی نەتەوەیی، سەرۆکی ئێستای تورکیا کرد. دواى ئەژماردنی 90%ی دەنگەکان، ئەرهورمان براوەی ڕوونی کێبڕکێکە بوو و نزیکەی 62%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. کەمی ڕێژەی بەشداریکردن و شکستی قورسی تاتار کە ملکەچی ئەنقەرە بوو، شۆکێکی بەهێزی لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیا دروست کرد. ئێرهۆرمان داوای لێکنزیکبوونەوە لە ڕۆژئاوا و یەکێتی فیدراڵی لەگەڵ قوبرسی باشوور دەکات؛ پەیامێک کە پێچەوانەی هەڵوێستی نەریتی تورکیایە. ئەم سەرکەوتنە لەلایەن زۆرێک لە چاودێرانەوە بە مایەپووچبوونی پڕۆژەی سەربەخۆیی قوبرسی باکوور و گەڕانەوە بۆ ڕێبازی وتووێژ لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لێکدراوەتەوە.
کاردانەوەکان لە تورکیا
ئەردۆغان بە فەرمی پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەی لە ئێرهورمان کرد، بەڵام جەختی لەسەر بەردەوامی هاوپەیمانی لەگەڵ قوبرسی تورکەکان کردەوە بۆ ئەوەی تێڕوانینێکی نەرێنی لەنێو نەتەوەپەرستەکان دروست نەبێت.
لەبەرامبەردا حکومەتی باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و هاوبەشی هاوپەیمانی ئەردۆغان، گومانى لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان کرد و تەنانەت داواى کرد باکوری قوبرس بە تەواوی بلکێنرێت بە تورکیاوە، پێشنیارێک کە ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی ئۆردوگای نەتەوەپەرستەکانە لە ڕووخانی کاریگەریی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
دەرئەنجامە جیۆپۆلەتیکییەکان
1. گورزێک لە کاریگەری تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست: سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن لە باکوری قوبرس کە گرنگترین بنکەی ڕەمزی تورکیایە لە ناوچەکەدا، پاشەکشەیەکی ستراتیژییە بۆ سیاسەتی ئەردۆغان لە بەرامبەر بەرەى یۆنان-باشووری قوبرس- ئیسرائیل.
2. زیادکردنی ڕۆڵی ئەوروپا و ئیسرائیل: ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تەلئەبیب و برۆکسل دەگونجێت، چونکە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەردوو دەوڵەتی قوبرس و کەمبوونەوەی بوونی سەربازی تورکیا لە دوورگەکەدا.
3. لاوازکردنی گێڕانەوەی سەربەخۆیی تورکیا: شکستی تاتار بە واتای ڕەتکردنەوەی گوتاری نەتەوەپەرستى لە باکووری قوبرس و هەنگاونان بەرەو سیاسەتێکی واقیعیتر دێت.

دەرەنجام
هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە دەتوانرێت لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا بە بوومەلەرزەیەکی سیاسی ڕاستەقینە هەژمار بکرێت. ئەنقەرە کە لە ساڵانی ڕابردوودا قوبرسی باکووری وەکو هۆکارێک بۆ فشار خستنە سەر دەریای ناوەڕاست بەکارهێناوە، ئێستا ڕووبەڕووی سەرکردایەتییەک دەبێتەوە کە ئامادەیە لەگەڵ باشوور و ئەوروپا و تەنانەت ناتۆش پەیوەندی بکات. ئەگەر ئەم پێشهاتە بەردەوام بێت، لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕۆڵی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ماوەی مامناوەنددا و پێناسەکردنەوەی پێگەى باکووری قوبرس لە نەزمی سیاسی ناوچەکەدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی