لەکەرکوک برینەکان قوڵترمەکەنەوە

5 کاتژمێر پێش ئێستا

مەلا فه‌رمان محه‌مه‌د

ڕیشەی کێشەکانی کەرکوک هەمان ڕیشەی کێشەکانی هەرێم‌و کوردستانە: جەلالی‌و مەلایی، بۆ 60 ساڵ دەچێت پرسی کورد بەدەستیەوە گیریخواردوە، ئێستاش حکومەت‌و جومگەکانی ژیان‌و گونجاندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستانی توشی ئیفلیجی کردوە.

لەماوەی ئەم 60 ساڵەدا جگە لەبەکوشتدانی هەزاران لاوی کورد، قوڵکردنەوەی دوژمنایەتی خۆبەخۆ، خوێنی هەزاران خێزان لەچەند نەوەیەک لەسوری پاکی کوردبونەوە کردوە بەڕەنگی سەوزو زەرد، لەقاوغی خێڵ هێشتۆینەتەوەو کۆیلەئاسا دەستەمۆی کردون.

پاڵنەری نوسینی ئەم چەند دێڕەو ئەم بابەتە، قسەی ناکوردانەی کادری حزبیە، ئەو قسەیەی ماکی بیرۆکەی سیاسەتی ئەو 60 ساڵەیە، لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق گوندو کوچەو کۆڵانی شار نەماوە سەری پێدا نەکەن.

کڕین‌و پارە بەخشینەوە، بەڵێنی خزمەتگوزاریی لەکارو گوتە سەرەکیەکانە، شەقامەکان بەدروشمی زل‌و بریقەدارو بەشانوباڵ هەڵدان داپۆشراون، بەشێ لەم دروشمانە لەچوارلاوە ناکۆکی نێوان نەک تەنها پێکهاتەیەک بەڵکە نێوان پێکهاتەکانی تریش دەشێوێنێ.

موخابن ئەوەی نابیندرێ بەرنامەی کارکردنە بەهەستی کوردبون‌و نیشتمانپەروەریی‌و گێڕانەوەی موڵکی داگیرکراوی سەردەمی بەعسی کوردو تورکمانە.

لەم ڕۆژانە کۆمەڵێ بەرپرسی حزبی‌و حکومی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن پێکەوە دەچنە یەکێ لەگوندەکانی ناوچەی شوان، ئەم گوندە دوو قوتابخانەی ناوەندیی‌و سەرەتایی تێدایە، بەڕێوەبەرەکان لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی حزبی دانراون، لەمیانی قسەکردن‌و بەڵێندان بەئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی، بەرپرسێکی حزبی‌و حکومی لەهەمانکاتدا مامۆستا بەپیشەی پێشتر، زۆر بەڕاشکاوی دەڵێ:"کێشەی کارەبای قوتابخانە ناوەندیەکە چارەسەردەکەین، سەرەتاییەکە بەڕێوەبەرەکەی لەئێمە نییە، بۆی چارەسەرناکەین".

لێرەوە برینە قوڵەکەی کوردبون‌و کەرکوک دەکولێتەوە، دەریدەخات هێشتا لەناخ‌و پەروەردەی بەشێ لەکادری ئەم حزبانە کاریگەری بیری کۆنی جەلالی‌و مەلایی ماوە.

جێی خۆیەتی ئاماژەی پێبدەین کە پەرپرسێکی حزبی باڵاتر لەو ئەم قسەیەی پێباش نەبوە، پێی وتوە، "ئێستا کاتی ئەم قسانە نییە"، هاوڵاتیەکیش وەڵامیداوەتەوە، "ئەو بەڕێوەبەرە نزیکەی 9 ساڵە لەو قوتابخانەیەیە، منداڵەکانی ئێمە پەروەردە دەکات، بەبێ جیاوازیی". 

زیانی ئەم قسەیە هێند زۆرە، بەحزبیبون لەکوردبون پیرۆزتر دەکات، ناکرێت بەرپرسێک بەدەنگی حزب چوبێتە ئەو دامەزراوەیەو خاوەن پێگەیەکی تەشریعی بێت، هەڵەی زیانبەخش بەپرسی نەتەوەیی‌و نیشتمانیی بکات، هەروا به‌ئاسانی‌و بەوەڵامێکی سەرپێیی بەسەریدا تێپەڕبێت‌و بێدەنگی لێبکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی