كێ، چەند کورسی دەهێنێت؟

7 کاتژمێر پێش ئێستا

عوسمان گوڵپی

هەرێمی کوردستان و عێراق ئەزمونێکی چەند بارەیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە و ئەزمونەکانیش جیاوازن بۆ هەر یەکێکیان لە ڕووی متمانە و نەزیهی هەڵبژاردنەوە، ئەوە بابەتێکیترە.
یەکێك لەو پرسانەی بە تەنیشت هەڵبژاردنەوە زۆرترینی لەبارەوە دەنوسرێ و لەسەری دەوترێ پرسی ئەنجامی هەڵبژاردنە کە ئەویش دوو جۆرە، یان ڕاپرسیە یان نوسینی پێشبینی خوێندنەوەی شەخسی.
بۆ یەکێك کە پێشبینی دەنوسێت دەبێت مامەڵە لەگەڵ واقعدا بکات، نەك خەیاڵ و ئارەزوی شەخسی، مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە دەکرێت کە هەڵبژاردنی تێدا دەکرێت کە عێراقە، بۆیە ناواقعیترین کەسەکان ئەوانەن هەزاران ئەگەر دا ئەنێن ئینجا باس لە ئەنجامەکان دەکەن.

لە ئێستادا یاسای هەڵبژاردن بۆ هێزە بەشدارەکان کاریگەری جدی هەیە، واقعێك کە هێز و چەك و پارە و دەسەڵاتی ئیداری ئەوەیە کە دەیبینین و مومارەسەی دەکەین، کۆمەڵگە ئەوەیە کە رۆژانە خۆی نمایش دەکات و دەتوانی خوێندنەوەی بۆ بکەیت لە عێراقدا، پاشان پێگە و گۆڕانکاری لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو و هەڵویستی حیزبەکان و ئینجا بانگەشەی هەڵبژاردن و لەسەرو هەمووشیانەوە دۆخی سیاسی عێراق و هەرێم لەبەردەم دەستوەردانی دەرەکی و کاریگەری بەهێزەکانی ناوخۆدا، ئەوە پرسی بایکۆت و نەچون بۆ هەڵبژاردن پرسێکی جدییە، بۆیە هەر خوێندنەوەیەك بە ڕەچاوکردنی ئەوانەی سەرەوەیە.
یاسای پەیڕەوکراو
یاسای پەیڕەوکراوی هەڵبژاردن کە (سانتلیگۆ) وەك هاوکێشەیەکی بیرکاریانە بەکاردەهێنێت بۆ بەرکەوتەی کورسی هێزە بەشدارەکان و لەساڵی ١٩١٢ لەلایەن بیرمەندی فرنسی ئەندریا سانتلیگۆوە دانراوە و بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥١ لە هەڵبژاردنەکانی سوید بەکار هاتوە، لە عێراقیش ساڵی ٢٠١٣ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەکار هات و دواتریش بە چەند گۆڕانکاریەکەوە بەکار هاتوە.
لێکەوتەی ئەم یاسایە
یەکێتی و پارتی
ئەم یاسایە بە یاسای پاراستنی پێگەی هێزە گەورەکان ناسراوە، واتە ئەو هێزانەی کە بەهەر جۆرێك هەیە دەنگی زۆر دەهێنن لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆیە ئەم یاسایە لە هەرسێ پارێزگاکە بە سودی یەکێتی و پارتی دەشکێتەوە، گەر هەمان دەنگی هەڵبژاردنی پێشوش بهێننەوە ئەوا کورسیەکانیان زیاد دەکات.
بۆ پارتی لە هەولێر و دهۆك و موسڵ کورسیەکانی چاوەڕێی زیادکردنی لێدەکرێت، هەرچەند یاساکە بە سودیان نیە بۆ سلێمانی و کەرکوك، بۆ یەکێتیش لە سلێمانی و کەرکوك دۆخیان باش دەبێت و لە هەولێر و دهۆك ناتوانن پارێزگاری لە کورسیەکانیان بکەن، ڕەنگە یاسای هەڵبژاردن تاکە هۆکار نەبێت بەڵکو نەبوونی هێزی سێهەم لەبەرامبەریان و پەرتەوازەیی و دەیان هۆکاریتر هۆکارە بۆ ئەوەی پێشبینی زیادکردنی کورسیەکانیان بکەیت، بۆیە بەتایبەت بۆ یەکێتی و پارتی شەڕی کەمکردن و زیادکردنی کورسیەکانیان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمە، بەتایبەت یەکێتی چاوی لەسەر زیادکردنی کورسی کەرکوكە و پارتیش لە موسڵ.
(هەڵوێست و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ)
یاسای سانتلیگۆ بە یاسای دروستبونی هاوپەیمانێتی ناچاری دێت، واتە یاساکە بە سودی هێزە بچوکەکان نیە و بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ یاساکە بگونجێنن ناچارن هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکتر پێکبهێنن، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت حیزبەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ و هەڵوێست ئەم یاسایەش ناچاری نەکردن بە هاوپەیمانێتی، بۆیە یاساکە بەسودیان ناشکێتەوە و پەرتەوازەییان جارێکیتر دەبێتە زیان بۆ خۆیان و لە بەرژەوەندی یەکێتی و پارتیە.
نەوەی نوێ
وادەردەکەوێت کە ئەم هێزە لە پاشەکشەدابێت، هۆکار زۆرن بۆ ئەم تێڕوانینە بەتایبەت هەندێك هۆکار و هەڵوێستی ساڵی ڕابردوی ئەم هێزە و سەرۆکەکەی نەك دەستگیرکردنی، خۆ ئەگەر دەستگیرکردن کاریگەری عاتفی دروستنەکات ئەوا زیاتر پاشەکشە دەکات، دوور نیە لەم هەڵبژاردنەدا لە ٩ کورسیەوە بۆ نزیکەی نیوەی کورسیەکان دەنگەکانی کەم بکات.
یەکگرتوو
یاسای پێشووی هەڵبژاردنی عێراق لە بەرژەوەندی ئەم هێزە بوو کە دەکرێت بڵێین یاساکە تەنها لە هەولێر بەزیانی بۆی هەبوو کە هیچ کورسیەکی نەهێنا، بەڵکو لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک بە سودی شکایەوە و چوار کورسی مسۆگەرکرد، بۆ ئەم هەڵبژاردنە بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووی عێراق کورسیەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کەم دەبنەوە و تەنها چانسێك هەیبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەرگری لە ژمارەی کورسیەکانی بکات هێنانی کورسیە لە هەولێر بەمەش تەنها دەتوانێ قەرەبووی لەدەستدانی یەك کورسی بکاتەوە، بۆیە ئەم هێزە زۆر قورس دەتوانێ پارێزگاری لە ژمارەی کورسیەکانی بکات.
کۆمەڵی دادگەری
کۆمەڵی دادگەری ئەم یاسایە کەمتر کاریگەری لەسەری دەبێت، لەبەر ئەوە نا کە ئەمیش لە ریزی هێزە گەورەکانە بەڵکو لەبەر ئەوەی لە دوو پارێزگای هەولێر و دهۆك هیچ کورسیەکی نیە تا لەدەستیان بدات و لە سلێمانیش تەنها یەك کورسی هەیە، بۆیە بۆ ئەم هەڵبژاردنەش ئەگەری هێنانی کورسی بۆ ئەم حیزبە لە هەولێر زۆر سەختە و لە سلێمانی پارێزگاری لە کورسیەکەی دەکات، هەرچەند ژمارەی دەنگەکانی زیاتردەبێت لە هەڵبژاردنی ڕابردووی کوردستان بەڵام یاساکە لەبار نیە بۆ ئەوەی دەنگە زیادەکانی ببنە کورسی.

ڕەوتی هەڵوێست
ڕەوتی هەڵوێست هێزێکی نوێیە، یەکەم جارە بەشداری هەڵبژاردنی عێراق دەکات، بە پێوەرکردنی ژمارەی دەنگی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی پرسیاری ئەم هەڵبژاردنەمان ناداتەوە، بەتایبەت لە ئێستادا کە هیچ کەسێکی ناسراوی ئەم هێزە نیە کاندید نەبێت و تەواوی توانای خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ چونە نێو پەرلەمانی عێراق، یاساکە هەمان کاریگەری سلبی بۆ ئەم هێزەش هەیە، بەڵام پێدەچێت لە حاڵەتی ئاساییدا بۆ هەولێر نزیك بە کورسیەك و بۆ سلێمانیش کورسیەکی جێگیر و لە هێزەکانی تریش زیاتر چانسیان هەبێ بۆ کورسی زیاتر، ئەوەی دەرکی پێدەکرێت ژمارەی دەنگی ئەم هێزە بەراورد بە هەڵبژاردنی کوردستان زیاد کات.

بەرەی گەل
بەرەی گەل لەدەرەوەی ئەم هاوکێشانەوەیە، بە دۆخێکی تایبەتدا تێپەڕ دەبێت و زەمینەی سیاسی و ئینتیخابی بۆ ئەم هێزە لە هەر گۆشەیەکەوە تەماشای بکەی لەبار نیە وهەموو لێکەوتەکان لەسەری دەرەکین نەك نێوخۆیی.
لە کۆتایدا من مامەڵە لەگەڵ هەبوەکانی ئێستادا دەکەم و ناڵێم ئەگەر هەڵبژاردن دەستوەردانی تێدا نەبێت و ئەگەر دەرفەتی یەکسان بۆ هەموان وەك یەك بێت و پارە لای دەسەڵات نەبێت و دەنگ کڕین نەبێت و ئەگەر خەڵك نەترسێنن و دەنگی دووبارە نەدرێ و لیستی دەنگدەران خاوێن بێت و خەڵکیش بڕوا بۆ دەنگدان ئەوا ئەنجامەکە ئاوا دەبێت، ئەم هموو ئەگەرانە ڕیزناکەم تا شەرعیەت بدەم بە خەیاڵی خۆم بۆ دابەشکردنی کورسیەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی