دانوستاندن بە کۆنترین و سادەترین شێوازی ئاشتییانەی
چارەسەركردنی ناكۆكیە نێوخۆیی و هەرێمی ونێودەوڵەتیەکان دادەنرێت، پەنابردنەبەر دانوستاندن لە زۆربەی ڕێككەوتننامە ناوخۆی و هەرێمی و جیهانیەکان وەک هەنگاوی یەکەمی دەستپێکردنی و پرۆسەکانی ئاشتیی دادەنرێت،
لە پەیڕەو پرۆگرامی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا دانوستان بە هەنگاوێكی زۆرگرنگ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی و كێشەكان پێشنیاز كراوە. "دادگای نێودەوڵەتی داد"یش دانوستاندن بە میكانیزمێكی دۆستانە و ڕاستەوخۆ و ئاشتییانە دەزانێت كە لە لایەن كەسایەتییە یاساییە نێونەتەوەییەکانەوە قبووڵ كراوە
دانوستاندن ئەگەر نەتوانێت بەیەکجاری کێشەو ناكۆكییەكانیش چارەسەر بكات، بەڵام دەتوانێت بارگرژییەكان كەم بكاتەوە، لە لایەكی دیکەوە لانی كەم هەڵوێست و بیروباوەری لایەنەكان لەسەر پرس و كێشەكان ڕوون دەكاتەوە. یەكێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەكانی دانوستان دوولایەنە بوونی دانوستانە، كە كاریگەری گەورە و زۆری بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان تێدادەخرێتەڕوو، گەورەترین گرفتی بەردەم هەر پرۆسەیەکی دانوستان نەبوونی متمانەیە لە نێوان لایەنە جیاوازەکان و هەروەها گومانی لایەنەکان لە دادپەروەرانە نەبوونی ئەنجامەکان بێشک ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەنجامەكان و سەركەوتنی دانوستاندن هەیە و گرفتی هەرە سەرەکی نێوان هەولێرو بەغداش نەمانی متمانەو پابەندبوونە بە دەستوورو یاساو بڕیارەکانەوە
زۆرجار بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان لایەنی سێیەم دەهێنرێتە ناو پرۆسەی دانوستانەکانەوە هەندێکجار لایەنی سێیەم تەنها چاودێرو یارمەتیدەری پرۆسەکەن ، وە هەندێکجار وەک لایەنی گوشارکەر بەشدارن لە دانوستانەکاندا لە هەموو بارێکدا هێنانی لایەمی سێیەم نیشانەی نەمانی متمانەیە لەنێوان هەردوو لایەنی ناکۆکدا، ئێستا کە ئیتر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی هاتوە، بەنزیکەی سەنگ و قەبارەی هەموو هێزو هاوپەیمانی و پێکهاتەو قەوارەکان دیارەو میکانیزمی پێکگەشتنی هەموانیش بێشک دانوستان و گفتووگۆیە، هەرێمی کوردستان وەک تاکە هەرێمی عێراق بەجیاوازیە نەتەوەیەکەیەوە بەیاسایەکی نادادپەروەرانە مەحکومکراوە بەوەی کە ژمارەی کورسیەکانی لە شەست کورسیەک تێپەڕنەکات، لە ئێستادا چاوی لە گفتووگۆو دانوستانێکی دادپەروەرانەیە لەسەر بنەماکانی دەستوری عێراق
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا چالێنجی ملیۆن دەنگی و بگرە زیاتریشی بەرزکردەوەو سەرەنجام حیزبەکەی ملیۆن و زیاتریشی بەدەستهێناوە، ئێستا ئەو بەهەگبەیەکی یەک ملیۆن دەنگی و زیاتر لە سی کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەچێتە ناو پرۆسەی گفتووگۆو دانوستانەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سروشت سیاسیەکی نەرم و میانڕۆیەو بەردەوام ئۆپشنی گفتووگۆ بۆ چارەسەرکردنی هەموو گرفت و ئاریشەیەک بەکاردێنێ، دیسکۆرسی هەڵبژاردنی خۆی و حیزبەکەشی لە کاتی بانگەشەکەدا کاری پێکەوەی و قبوڵکردنی جیاوازیەکان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیە
دەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنە پێمان دەڵێت پرۆسەی دانوستانەکان ڕەنگە درێژە بکێشێت لەبەر ئەوەی هیچ هێزو هاوپەیمانیەک خاوەنی ئەوەندە کورسی نیە کە بتوانێت لەماوەیەکی کەمدا کابینەی حکومەتی عێراقی پێکبهێنێت،ئەمە جگەلەوەی کە نابێت کورد وەک حیزبی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بەڵکو دەبێت وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی عێراقی نوێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بێشک لەوەها بارودۆخێکداو بۆ هەموو پێکهاتەو هێزە سیاسیە عێراقیەکان تەنها دەرچە گفتووگۆو دانوستانە ،
بەم تێگەشتنە فەوزەیەی ساڵانێکە لە عێراقد پیادە دەکرێت و بەو تاودانە نادروستانەی کە ڕایی گشتی شەقامی عێراقی پێ پەروەردە کراوە،پرۆسەی دانوستان و گفتووگۆی زۆر قورس و گران کراوەو نەفەسی درێژو هەنگاوی دروست و دەستوری دەوێت
لەم بارو دۆخە ئاڵۆزەداو لەنێو تەپوتۆزی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دەبێت هەموان بە بڕوایەکی قوڵ و متمانەیەکی بەهێزەوە دانوستان و گفتووگۆ وەک تاکە ڕێگەی چارەسەری سەرجەم کێشەو ئاریشەکان بەکاربهێنن،دەبێت هەموان پەناببەنە بەر لێکتێگەشتنی هاوبەش و کاڵکردنەوەی جیاوازیەکان و لێک نزیک کردنەوەی تەواوی کۆڵەکە پێکهێنەرەکانی عێراق، بیرکردنەوە لەهەر ئۆپشنێکی دیکە لەدەرەوەی دانوستان و گفتووگۆ هەڵەی کوشندەی لێدەکەوێتەوەو سەرەنجام پرۆسەی سیاسی عێراق دەخاتە بەردەم مەترسیەکی گەورەوە، بەجۆرێک عەسایی سیحری هیچ موسایەک نەتوانێت چارەسەری بکات کەواتە پێویستە هەموو جیاوزیەکان بسپێرن بە دانوستان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی