کورد لەسکەندەناڤیا هەموو شتێکی هەیە جگە لەیەکگرتویی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

شەم شەمەیی

من وەک رۆژنامەنووسێکی سویدی-کورد دەنووسم، سەر بە نەتەوەیەکم کە تاڕاددەیەک لە بەشێکی نیشتمانەکەم رزگاری بووە  لە جینۆساید و کیمیاباران و راگواستنی بە کۆمەڵ و قەدەغەکردنی زمان و ئاڵا و ناسنامە.

نەتەوەکەم بەرگەی جۆرەها بۆمب و دیکتاتۆرییەت و بێدەنگیی مێژووی بەرامبەری گرتووە، بەڵام مەترسیدارترین دوژمنی ئەمڕۆ، کە هیچ چەکێک نایگاتی و لەناو خۆماندا دەمانکوژێت، دابەشبوونمانە.

ئەمڕۆ ئێمە لە سکاندەنافیا زیاتر لە 200 هەزار کوردین، لە یەکێک لەهەرە ناوچە دیموکراتخواز و کاریگەرەکانی جیهاندا دەژین کە ئەو یاسایانەی تێیدا باڵادەستە، بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەرچی لێرەین، بەڵام بەبێ دەنگێکی یەکگرتوو. بەبێ لۆبی و ستراتیژ. بەبێ قورساییەکی سیاسیی ئەوتۆ.

سکەندەناڤیا تەنها دەربەدەریی نییە.. دەرفەتیشە
سوید، نەرویج و دانیمارک، بۆ ئێمەی کوردانی تاراوگە تەنها جێگایەکی ئاسایی نین کە تێیاندا دەژین، بەڵکو ئەوان هێزی سیاسی و ئابووریین لەئەوروپا. زۆرجار لێرەوە بڕیار لەبارەی سزاکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، مافی کەمینەکان و یارمەتییە مرۆییەکان دەدرێت. هەر لە وڵاتانی سکەندنافیادایە کە خەڵاتە جیهانییە مرۆییەکان دەبەخشرێت، کۆڕ و کۆبوونەوەی دیپلۆماسی دەکرێت، بەڵام دۆزی کورد بەزەحمەت نوێنەرایەتی دەکرێت، بۆچی؟ چونکە ئێمە بنیاتنەر نین و تەنها کاردانەوەمان هەیە.

ناڕەزایی دەردەبڕین، بەڵام  دانوستاندن ناکەین
خۆپێشاندان دەکەین، بەڵام کۆبوونەوەی ستراتیژی لەگەڵ بڕیاردەرەکاندا ناکەین، ژاوەژاو دروست دەکەین، بەڵام کاریگەریی نابێت، هەموو شتێکمان هەیە تەنها ئەوە نەبێت کە پێویستە.

کورد لە سکەندەناڤیا خاوەنی ئەکادیمیست و ئابووریناس و پارێزەر و رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و پزیشک و توێژەر و دیپلۆماتکار و بزنسمان و  چالاکوان و رۆشنبیران و...هتدە وەک هەر نەتەوە و رەوەندێکی نەتەوەکانی دیکە، بەڵام ئەوەمان نییە کە کەمینەکانی دیکە هەیانە، ئەویش یەکگروویی و ستراتیژی نەتەوەییە.

لۆبیی کورد لە وڵاتانی سکەندەناڤیا
ئەوەی ئێمە لەم چەند وڵاتەدا نیمانە، ئەنجومەنێکی ستراتیژییە بۆ کاری دیپلۆماسی و یاسا و سیاسەت و مافی مرۆڤ و نەبوونی پلاتفۆرمێکی هاوبەشە لە نوێنەری حزبە کوردستانییەکان، ئایینە جیاجیاکان، ناوچەکان و شێوەزارەکان، بۆیە کاتی ئەوەیە کە لە کەمینەکانی دیکەوە فێربین، نەک تەنها پێیان سەرسام بین.
جووەکان لۆبیی بەهێز و دامەزراوەی راوێژ و بیرکردنەوە و ئامۆژگاریی یاسایی و دیپلۆماسییان هەیە. ئەرمەنییەکانیش یەکگرتوویی رەوەندی دوای جینۆساید. کەلتور، کڵێسا، لێکۆڵینەوەیان هەیە، ئۆکرانییەکان لۆبی بۆ کۆکردنەوەی هاوپشتیی رێکخراوەکانی ناو یەکێتیی ئەوروپا، ناتۆ، دەکەن، هێزی ئەوان لەوەدا نییە کە لە ئێمە راستترن بەڵکو لەوەدایە کە لە ئێمە رێکخراوترن.

ئێمەی کورد لە سکەندەناڤیا  دەبێ چی بکەین؟
وازهێنان لە مامەڵەکردن وەک چەکی درێژکراوە بۆ حزبەکانمان، هێڵی دابەشکەرانەی حزبە کوردستانییەکان لێرە لاوازمان دەکەن و ناهێڵن یەکگرتووانە خۆمان بخەینەڕوو. ئێمە دەبێت وەک یەک نەتەوە مامەڵە بکەین، نەک بە چوار ئاڵاوە، پێویستمان بە دروستکردنی ئەنجومەنێکی کوردی- سکەندەناڤییە بۆ دروستکردنی کاریگەریی سیاسی. پێویستمان بە کاری دیپلۆماسی، یاسایی، میدیایی، ئەکادیمی و سیاسەتکردنە لەژێر چەترێکی بێلایەن لە ئایدۆلۆژیای حزبی و دروستکردنی پەیوەندی نەک تەنها خۆپیشاندان.

لۆبیکردن بە دەربڕینەکان ناجووڵێت، بەڵکو بەهۆی پەیوەندییەکان و ستراتیژ و متمانەوە دێتەدی، بۆنموونە لە خۆرئاوا تەنیا لەڕێگەی فرمێسک رشتنەوە ناگەینە بڕیاردەران، بەڵکو پێویستە لەڕێگەی راستی و شیکاری و پێکهاتە و متمانەوە بێت، دەبێت خۆمان بە کۆمەڵ نیشانبدەین، چونکە ئێمەی کورد تەنیا قوربانی نیین، بەڵکو هێزێکی دیموکرات و فاکتەری جیۆپۆلەتیکی و هاوبەشین لە ئاسایش و سەقامگیریدا.

وەک رۆژنامەنووسێکی سویدی- کورد بانگەواز دەکەم و دەرفەتەکانیش دەبینم و مەترسییەکانیش، بۆیە ئەگەر یەکنەگرین، نەک هەر بێدەنگی، بەڵکو خۆمان، خۆمان بێ بایەخ دەکەین، چونکە کاتێک نەتەوەیەک بێ بایەخ دەبێت، ئەوا ئیتر هیچ رۆڵێکی لە ژووری بڕیارداندا نابێت. دۆخی سیاسیی ئێستا پێمان دەڵێت چیتر قبووڵ ناکرێت ئێمە تەنها کاردانەوەمان هەبێت، بەڵکو دەبێت مامەڵە بکەین و نابێت تاسەر لە دەرەوەی مێزی دەسەڵاتی بڕیارداندا بین و ئێمەش لەدەوری  ئەو مێزە دانیشین و نابێت تاسەر باسی جینۆساید بکەین، بەڵکو پێویستە بتوانین رێگریی لێبکەین، خۆ یەکگرتووییش تەنها دروشم نییە، بەڵکو تاکە چانسی نەتەوەکەمانە و تاکە رێگای رزگاربوونە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی