«خۆ گوڵو ئینجانەت تێناگرن»
ترسو خۆتێکدانی ناوێ، بەو ترسەوە دەوڵەت دروستناکرێ، دەبێ تێبگەین هەرێم هەنگاوی باشی ناوە بۆ پڕۆژە ستراتیژیەکانی نەوتو وزەی جێگرەوە، دەی ئەو ڕێگایە پڕیەتی لەنەیارو ئاگر.
دەبێ زەبرو ئاگرەکەی ئەمشەوی #کێڵگەی_کۆرمۆر گەورەتربکەین و قەبارەی زیاتری بۆ دروست بکەین و باشتر شارەکانمان تاریک بکەین، بەو تاریکی و برینەوە پەیامی کورد باشتر ئەگات تا ڕاحەت و کەمپەین بۆ فوتبۆڵی زاخۆ.
بە گەورەکردنی هێرشەکان و مارکێتینگ بۆ ئازاری خۆمان داواکاریەکانمان بۆ هێنان و جێگیرکردنی بنکەی دژە موشەکی باشتر گرەنتی دەکەین، قەت مەڵێن ئازاو داهێنەرو بەهێزین هەمیشە باسی زوڵم و تاریکی بکەن باشترە بۆ کورد تا باسی پڕۆژەی ستراتیژی گەورەو بەراوردی بێمانا لەگەڵ ئەوروپاو دوبەی.
حەوشەی پشتەوەی هێرشە درۆنیەکان دیارە، خۆئەوان گوڵ و ئینجانەت تێناگرن، ئەمە یەکەمجار نیەو دواین جاریش نابێ، کەس تاوانبار مەکەن، پەنجە ڕامەکێشن بۆ هیچ هێزێک، هەرێم بۆتە ناوەندو ترافیکی گەرمی نێودەوڵەتی و ناوچەی هەستیاری وزەو گازی جێگرەوەی دەوڵەتە کەوتوەکان، واقیع بخوێننەوە.
دوو ڕۆژی تر جیهان چاوەکانی دەچێتەوە سەر هەرێم، #مایکڵ_ڕێگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەگاتە ئەنکەرەو تەلئەبیب و هەولێر، بۆ کردنەوەی باڵەخانەی سەرەکی کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا، درۆن دەیەوێ ئەوە ڕوونەدات، ئەوە دەزانی یانی چی؟
پڕۆژە ستراتیژیەکانی هەرێم دووسەرەن هی هەرێم نیە بەتەنها، بەشە سەرەکیەکەی هی دەوڵەتە بەهێزەکانە ئەوانەی باڵەخانەی گەورەی دیبلۆماسیان بۆ دەکرێتەوە لەهەولێر، بۆیە ترسی ناوێ، بەرگەبگرن، بەم ژانە شتێ لەدایک ئەبێ،گرنگە بەناو درۆن و دوکەڵدا بڕۆین بۆ سەقامگیریی نەک بەپێچەوانەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی