هێرشی موشەکیی کۆرمۆر:

4 کاتژمێر پێش ئێستا

none

خوێندنەوەیە ستراتیژیی هێرشی موشەکی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر چەند ئاستێک لە خوێندەوە وەردەگرێت. لە ئاستێکدا دەرئەنجامی ململانێی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکایە. ئەمریکا چەندین ساڵە فشار دەخاتە سەر حکومەتی عێراقی کە خۆی شیرە بڕە بکات لە غازی ئێرانی.

بەڵام شیعەی عێراق ئەمەیان ناوێ یان ناتوانن. هەمیشە حکومەتە شیعییەکانی عێراق بەهانەیان ئەوەیە کە پێویستیان بە غازی ئێرانییە و لە ناوخۆدا بەدیلی نیە. لەم ڕوەوە هەمیشە ئەمریکا ناچار دەکەن کە وەیڤەر یان ڕێگە بدات بە عێراق هەتا غاز لە ئێران بکڕێت و پارەی بداتەوە. ئەم مامەڵەیە لە کرۆکی قەیرانی ستراتیژی ئەمریکادایە بۆ دونیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. با سەرەتا لە ئاستی باڵاوە دەست پێبکەین. ئەمریکا خۆی بە ئیمپراتۆریەت نابینێت. بەو مانایە نایەوێت ڕاستەوخۆ هیچ شوێنێک داگیر بکات. بەڵام لە هەمانکاتدا کرۆکی ستراتیژیشی ئەوەیە کە ئەم خۆی نایەوێت شوێنک داگیر بکات، ئەوا مانای ئەوەنیە ڕێگە دەدات کە هێزێکی تر داگیری بکات.

بۆیە ڕێگریی لە ئەوانیتر, لە کرۆکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادایە. ئەم ڕێگرییە، بە چەندین شێوازی جیاواز بەرجەستە دەبێت، لە سەربازییەوە هەتا ئابوریی و دیپلۆماسی و بواری تر. ئەمریکا بۆ ئەوەی خۆی لە جێگایەک نەبێت و کەسی تری نەیاری لەوێ نەبێت، هەوڵدەدات کە سیستەمێک دروست بکات. ئەم بونیادنانی سیستەمە بە شێوازی جیاوازدا بەرجەستە بوە هەر لە سەردەمی جەنگی ساردەوە هەتا سەردەمی لیبرالیزم و ئێستاش. لە عێراقدا سەرەتا هەوڵی دا لە ڕێگای دیموکراسییەوە ئەمە بەرجەستە بکات.

بەڵام دیموکراسی عێراقی هەر بە ناو دیمموکراسییە. ئەوەی بروای وەها بێت کە خەڵک حاکمن لە عێراقدا ئەوا وەزعی باش نیە. ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگای سیستەمێکی فرە ئاست و فرە ڕەنگەوە، ڕێگریی بکات لە ئێران لە عێراقدا، بەبێ ئەوەی خۆی بیەوێت ڕاستەوخۆ ئەم کارە بکات. لەم پێناوەدا دەیەوێت عێراق پرۆکسییەکانی ئێران لاواز بکات یان نەهێڵێت، دەیەوێت عێراق ببێت بە خاوەن سەربەخۆیی ووزەی خۆی، هەروەها هەنگاوی تر. بەڵام ئەم پرۆسەی ئەمریکییە سەرکەوتوو نیە، چونکە عێراق نە دەتوانێت، نە دەیەوێت، هەروەها فشاری ئەوتۆی لە سەرە.

ئێران و هاوەڵەکانی لە عێراق سیستەمێکی دژ بە سیستەمی ئەمریکییەکان دامەزراندوە کە لە ئاستی سەربازیی و حکومیی و جۆری جیاوازی هێز و توانای دارایی و لاوازکردنی نەیارەکانیان ناهێڵن ئەمریکا سیستەمەکەی جێبەجێ بکات. لێدانی کۆرمۆر یەک لە دوای یەک، بۆ ڕێگرییە لە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە، هەتا بەهانەی ئەوە نەبێت کە عێراق خۆی غازی پێویستی بۆ دابینکردنی کارەبا هەیە بۆیە دەبێت لە ئێرانەوە هاوردە بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە