. وەرگێڕان لە فارسییەوە / حەمەدەمین سلێمان نوسینی/فەرهاد میر محمد سادقی
سەرچاوە /سایتی یۆرۆنیوز
بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگای ڕاگەیاندنی ئیسرائیلی وای نێت، بە سەرنجدان بە هەوڵەکانی ئێران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی توانا مووشەکییەکانی، بەرپرسانی ئیسرائیل بەشێوەیێکی زۆر نیگەرانن لە هێرشە پێشوەختەکانی ئێران. ئەوە لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئیسرائیل لەو باوەڕەدان کە ئەمریکا لەبەرانبەر مەترسی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا هۆشیاریی و هەستیاریی پێویستی نیە .
بەپێی ڕاپۆرتی وای نێت، هەرچەندە لەسەر کاغەز، ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەگەڵ حەماس و لە لوبنان لەگەڵ حزبوڵڵا لەژێر ڕێوشوێنەکانی ئاگربەستدایە، بەڵام بەکردەوە هەردوو بەرەکە لە ڕۆژی شەممە ٢٣ی تشرینی دووەم هێرشی بەرچاویان بەخۆوە بینی.
ئیسرائیل ڕۆژی شەممە لە هێرشێکدا بۆ سەر کەرتی غەززە فەرماندەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج. هەروەها سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی لە قوڵایی دۆڵی بیقاع لە لوبنان ئەنجامدا .
ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەیە کە حکومەت و سوپای لوبنان لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئاگربەست و چەکداماڵینی حزبوڵڵا شکستی هێناوە و بە هەمان هۆکار لەو دواییانەدا هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا چڕتر کردووەتەوە. هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لەسەر ناوچەکانی باکووری ڕووباری لیتانی و دۆڵی بیقاع و چەند بەشێک لە باشووری لوبنان چڕ بووە .
لە لایەکی دیکەوە وا دیارە ئەمریکا کەمتر لە پێشوو بەشداری تێدا دەکات و ئەو بابەتەش لەگەڵ ڕەخنەی کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان ڕووبەڕوو بووەتەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە واشنتۆن بە شێوەیەکی گونجاو چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی ناکات .
هاتنی میشێل عیسا، باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە لوبنان، چاوەڕوانییەکانی ئیسرائیلی بەرزکردەوە کە واشنتۆن فشار بخاتە سەر بەیروت بۆ ئەوەی هەڵوێستی توندتر بگرێتەبەر. هەروەها ئەمریکا سەردانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی سەرۆکی سوپای لوبنانی بۆ واشنتۆن هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیلی بە "دوژمن" وەسف کرد .
بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بە کێشە پێکهاتەییەکانی ناو هێزە چەکدارەکانی لوبنان دەکەن، کە بەشێکی زۆری ئەو هێزانە لە پێکهاتە شیعەوە هاتوون، ئەو کارەش ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ حزبوڵای شیعە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە قورس دەکات .
بابەتی مووچەی سەربازان هەروەها پرسێکی دیکەیە. مووچەی مانگانەی سەربازانی لوبنان نزیکەی ٢٠٠ دۆلارە، ئەوە لە کاتێکدا کە دەگوترێت میلیشیاکانی حیزبوڵڵا نزیکەی سێ ئەوەندەی ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن. زۆرێک لە سەربازان کاری دووەمیان هەیە و هاندەرێکی زۆریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپە نیە .
قەیرانی ئابووری بەربڵاوی لوبنان و ترس لە داڕمانی حکومەت و شەڕی ناوخۆ، مەودای بژاردەی بڕیاردەرانی زیاتر لە هەموو کات سنووردار کردووە. لەو فەزایەدا حزبوڵا لە فراوانکردنی نفوز و قاچاخیی چەک بۆ ناو لوبنان بەردەوامە. سوریا هەر لەکاتی لاوازبوونی ڕژێمی ئەسەدەوە هەوڵی داوە بەشێک لەو هەناردانە بوەستێنێت، بەڵام هێشتا توانای نیە بەشێوەیێکی تەواو ڕێیان لێبگرێت .
ڕووی ئیسڕائیل ئەوەیە کە چاوەڕێی پەرەسەندنی پێشێلکاریەکان نەبێت و هەر کاتێک پێشێلکاریی لە ئاگربەستدایە ڕوویدا، لەگەڵ ئەوەدا ئەو بەتوندی وڵام بداتەوە. سوپای ئیسرائیل لەو ڕۆژانەی دواییدا لە شەپۆلە هێرشێکی بەردەوامدا دوو ئەندامی حزبوڵڵای کوشتووە و دامەزراوەکانی دیکەی کردوەتە ئامانج. حزبوڵڵا هۆشداری داوە هێرشی زیاتر تەحەمول ناکات و سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری چەند ڕۆژێک ڕووبەڕووبوونەوە ئامادە دەکات .
ئیسرائیل پێی باشە مۆدێلی لوبنانی بۆ غەززە بەکاربهێنێت، بەڵام دۆخی ئەوێ ئاڵۆزترە. ئەمریکا دەیەوێت بچێتە "قۆناغی دووەم"ی ئاگربەستەکە. پشتبەستن بەوەی کە حەماس هێشتا تەرمی سێ بارمتەی نەگەڕاندووەتەوە ئیسرائیل بەرەنگاری دەبێتەوە. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن ئەو گرووپە هەوڵی جددی بۆ بەدەستخستن و گواستنەوەی ئەو تەرمانە نەداوە .
ئیسڕائیل بۆ ئەوەی پێشانی بدات ئیزن نادات حەماس دوبارە تواناکانی خۆی بنیاد بنێتەوە، بۆ هەر جۆرە پێشێلکارییەک لە کەرتی غەززە وەڵامی یەکلاکەرەوە دەداتەوە. دوای ئەوەی کە چەند چەکدارێک لە دوو ڕوداوی جیاوازدا هێڵی دیاری کراوی ئاگربەستیان بەزاندوە و تەقەیان کرد، سوپای ئیسرائیل هێرشی فراوانیان دەستپێکرد. لە نێو ئامانجەکاندا ئەبو عەبدوڵڵا حەدیدی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی یەکەی دابینکردنی چەکی حەماسیش هەبوو .
لە ڕووداوێکی دیکەدا، هەر حەڤدە چەکداری کە لە تونێلەکانی ناوچەی ژێر دەستەڵاتی ئیسڕائیل لە ڕەفەح هاتبوونە دەرەوە، کوژران یان دەستگیرکران .
قۆناغی دووەمی ئاگربەست پێویستی بەو هەنگاوگەلێکە بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی غەززە، لەوانە کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح، فراوانکردنی یارمەتییە مرۆییەکان، ڕێگەدان بە هاتووچۆ بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئەو کەرتە و دواجار پاشەکشە کردن بۆ هێڵێکی نوێ دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی حوکمڕانی. لەگەڵ پێکهێنانی هێزی نێودەوڵەتیی کە ئێستا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، چاوەڕێ دەکرێت فشارەکان بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی داهاتووی ئاگربەستەکە زیاتر بێت. پێشبینی دەکرێت هێزە بیانییەکان، کە ڕەنگە لە وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان بن، لە ماوەی چەند حەفتەی داهاتوو بۆ مەشق و ڕاهێنان بێنە ناوچەکە .
لەگەڵ ئەوەدا، زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی بەهۆی ئەوەی لەوانەیە ناچار بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس ببنەوە، لە ناردنی هێز دوودڵن .
هەروەها ئیسرائیل هەوڵ دەدات پێش گەیشتنی هێزە بیانییەکان، بارودۆخی شەڕەکە بەشێوەیێک لێبکات کە لەدوای جێگیرکردنی ئەو هێزانە بتوانێت وەڵامی پێشێلکارییەکان بداتەوە، چونکە کاردانەوەی سەربازیی لە ئامادەبوونی هێزەکانی نێودەوڵەتییدا هەستیارتر دەبێت. سەرەڕای لێدوانەکانی حەماس، هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە گرژییەکانی ڕۆژی شەممە لە غەززە لەوانەیە سروشتی ناوخۆیی بوبێت. ئاگربەستەکە هێشتا بەردەوامە و پێناچێت هیچ یەک لەو دوو لایەنە لە قۆناغی ئێستادا هەوڵی ڕووخانی تەواوەتی بدەن .
بەرەی سێیەم ئێرانە. هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگری ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات کە تاران بە ئامانجی پاراستنی توانای بە ئامانج گرتنی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل، لەهەوڵدایە بەرنامە موشەکییە بالستییەکانی خۆی بنیادبنێتەوە. بەرپرسانی نێودەوڵەتی لەبارەی مەترسی حیساباتی هەڵە هۆشداریی دەدەن، مەترسییەک لەسەر بنەمای ئەوەی هەریەک لەو دوو لایەنە ئیسرائیل یان ئێران، لەوانەیە لەترسی ئەوەی لایەنی بەرانبەر لە ئانوساتی هێرشدا بێت، دەست بۆ هێرشی پێشوەخت ببات .
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە له ئارادایە، بەڵام سەرکردەکانی ئێران متمانەیان بە ئیسرائیل نییە و پێیان وایە سوپای ئیسرائیل ڕەنگە لە حاڵەتی بەرنامەڕێژییدا بێت بۆ پلانی پێشوەخت. کاربەدەستانی ئیسرائیل دەڵێن هەرچەندە ئەمەریکا لە فەرماندەیی هاوبەشی (کریات گت) ئامادەیە و فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا(سنتکام) لە سەرانسەری ناوچەکەدا چالاکە، بەڵام پێناچێت واشنتۆن بەتەواوی سەبارەت بە توانای زیادبوونی گرژییەکان ئاگاداری و هەستیاریی پێویستی هەبێت .
بەپێی ڕاپۆرتی وای نێت، لەهەرسێ بەرەکەدا، ئیسرائیل بۆ شێوەپێدان بە مەیدانی ستراتیژی پێش ئەوەی کە کارەکتەرە بیانییەکان و بەتایبەت هێزە بیانییەکان لە غەززە ئازادیی کاری ئەوان سنوردار بکەن، دەرفەتێکی کاتیی سنوردار بۆ هەنگاونان دەبینن. ئاگربەستەکان ڕەنگە هەر ئەوا بمێننەوە، بەڵام گرژییەکانی ژێر پێستی ئەو ڕێوشوێنانە هێشتا مەودایەکی زۆری هەیە تا چارەسەر دەکرێت
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی