چیرۆکی ڕامکردنی شێر .
شێر بەسروشتی خۆی گیاندارێکی گۆشت خۆرە ،
بەڵام بۆ ئەوەی ناچار بە ملکەچی بکەن ، سەرەتا دەیخەنە ناو قەفەسەوە ، لە جیاتی
گۆشتی فرێشی ئاسک و کەڵە کێوی ، باسترمەی پێدەدەن ، کاتێک هاوار دەکا باسترمە
خواردنی من نییە ، دەڵێن : دەخۆی باشە ناخۆی لە برسان دەمری ، دوای ماوەیەک
برسیێتی تینی بۆ دێنێ ، تا ناچار دەست دەکا بە خواردنی باسترمە . دواتر باسترمەی
لێ دەگرنەوە و تەنها ئێسقانی بۆ دادەنین ، دەنەڕێنێ باسترمە زۆر خۆشە لێرە بەدواوە
باسترمە دەخۆم ، دەڵێن : ئێسقان دەخۆی باشە ناخۆی لە برسا دەتۆپی ، ناچار ئێسقان
دەخوا . دواتر ئێسکیشی پێ ڕەوا نابینن
وێنجەی بۆ دادەنێن ، ئەویش دەمڕێنێ : من گیا خۆر نیم ، بەڵکو ئەو ئاژەڵانەم
دەخوارد گیا خۆر بوون ، ئێستا چۆن وێنجە بخۆم . دەڵێن : هەر ئەوە هەیە ، ئەگەر نەیخۆی
دەمری ، شێرەکە ماوەیەک بەربەرەکانێ دەکا ، بەڵام دواجار برسیەتی بڕستی لێ دەبڕێ ،
بە ناچاری بەردەبێتە وێنجە خواردن و کاوێژ کردن ، دوای ماوەیەک وێنجەشی پێ ڕەوا
نابینن ، شێر ناچار داوای وێنجە دەکا . بەڵام پێی دەڵێن : وێنجەی بەلاشمان نییە ،
فەرموو وەک کەر بزەڕە تا وێنجەت بدەیینێ .. مەسەلەکە بەو جۆرە درێژە دەکێشی تا
شێرەکە لە ئەنجامدا لە برسان و لەناو قەفەسدا دەمرێت .
مەبەست لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە ، تەنیا
پێشاندانی تراژیدیای سوکایەتی پێکردن نیە بە پاشای دارستان ، بەڵکو ئەمە چیرۆکی
وێناکردنی مرۆڤە ، لە ژێر دەسەڵاتی سیستەمی نا دادپەروەرو ستەمکاردا ، کاتێک
جەوهەرەکەی دەکەوێتە ژێر پەلامارو هەوڵدەدرێ سروشتە ئاساییە مرۆییەکەی زەوت بکرێ ،
ئیتر پرسی خۆڕادەستکردن و ملکەچ پێکردنی لە تاقیگەی سوکایەتی و زەلیلکردنی دامو
دەزگا داپڵۆسێنەر و تۆقێنەرەکاندا ، لە پێناو ڕامکردنی ، لەسەر ئاگرێکی هێواش ئامادە دەکرێت ، پرۆسەی
هەڵداشتن و داماڵینی شکۆی مرۆڤ مەرج نیە لە بەکارهێنانی زەبروزەنگەوە ، یان لە
قایمکردنی لە کونجی زیندانەوە ، دەست پێبکات ، زۆر جار هەندێک هەنگاوی بچوک و سادە
، دەبێتە سەرەتای کۆتایی داڕمانی جەوهەری بونەوەرێک ، پێش ئەوەی بە یەکجاری ڕوحی
تەسلیم بکات . کاتێک شێر بەو هەمو هێزو شکۆی خۆیەوە دەخرێتە ناو قەفەس ، تەنها لە
سروشتە ئاژەڵیە کێویەکەی دانابڕێ ، بەڵکو وەک هەنگاوی یەکەم لەو ڕوحە ئازادو نەریتە پێشڕەویەی دادەبڕێ ، وەک
سەردارو سەرکردەی دارستان بەردەوام پێی دەناسرێتەوە . چونکە چیتر ئازاد نیە لە پراکتیزەکردنی
تایبەتمەندیە وجودیەکانی ، یان سەپاندنی حەزو ئارەزوەکانی بەسەر دانیشتوانی
دارستاندا، کاتێکیش ڕەهەندە گۆشت خۆریەکەی بە بارمتە دەگیرێ ، ئیتر برسیەتی لەسەر
چرکەساتی ئەو پەڕی سوکایەتی و شکاندنی تاقەت پڕوکێن ، کاتژمێری هەڵمەت و
پەلامارەکانی تەوقیت دەکات ، بە ڕوخاندنی ئیرادە و خۆڕاگری ناوەستێ ، بەڵکو
کەرامەتی پەلکێش دەکات تا سەر نشێوی هەڵدێران ، لێرەدا هاوارو بانگەوازی شێرەکە ،
ئەگەر بەدیوێکدا دەربڕینی توڕەیی و ناڕازی بون بێت ، وەک پەرچەکردار ، بە دیوەکەی
تریدا هاواری خود پەرۆشیە ، بۆ لەدەستدانی خەسڵەت و تایبەتمەندیە ڕەسەنەکانی ،
چونکە وەک نیچە دەڵێت : یەکەم هەنگاو بۆ شکاندنی مرۆڤ ، لەو کاتەوە دەستپێدەکات
ناچاری بکەی باوەڕبێنێ ، پێداویستیە سەرەکیەکانی شتی بێ بەهاو بێ نرخن . وەک چۆن
شێرەکە ناچاردەکرێ بۆ نزمترین ئاست دابەزێ ، لە کۆتایدا ئەوەندە لە شوناسەکەی دور
دەکەوێتەوە تەنانەت وێنجە دەخوات ، ئەمە دواپلەی خۆ ڕادەستکردن و مەترسیدارترین
قۆناغی سوکایەتیە ، لێرەوە ئیتر ناڕەزایی و ڕەتکردنەوە هیچ واتایەکی نامێنێ ،
چونکە لە پێناو ڕزگارکردنی گیانیدا ، بە ناو تونێلیی تاریکی خۆ ڕاهێناندا هێدی
هێدی فێردەبێت ، بچێتە ناو پرۆسەی ئاڵوگۆڕی سەوداو مامەڵەکردن ، بە باڵاترین
تایبەتمەندی جیاکەرەوەی ، تا لە ئەنجامدا دەگات بە هەڕاجکردنی شکۆ و کەرامەت .
لە کۆتایدا سیستەمە گشتی و خۆ سەپێنە
ستەمکارەکان ، بەم شێوە کار لەسەر ڕاهێنان و پەروەردەی هاوڵاتیان دەکەن ، بۆ ئەوەی
لە کردەیەکی کاتیەوە ، بیگۆڕن بۆ جۆرێک لە تەکنیکی پیشەسازی بەرهەم هێنانی
خۆچەماندن ، لە پێناو شکاندنی ئیرادەی ئازادی کۆمەڵگا ، زۆر جار پەنا بۆ شێوازی
ڕاهێنانی بە شێنەیی دەبەن ، چونکە دەرئەنجامی باشتر، لە بەکارهێنانی توندوتیژی
مسۆگەردەکات ، بەکارهێنانی هێزی ڕاستەوخۆ جیا لە توندوتیژی ، دەرئەنجامی پێچەوانەو
نە خوازراوی لێدەکەوێتەوە ، بەڵام لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی سیستماتیک و مەحرومکردنی
بە بەرنامەی هێواش و لەسەرخۆ، دواجار ئێسقان دەبێتە نیعمەت ، سوکایەتی دەبێت بە
بونیادی پرسی بنەڕەتی پەروەردەو ڕاهێنان ، زەوتکردن و پێشێل کردنی ماف دەبێتە
دیفاکتۆ . تا بەوە دەگات سوکایەتی ، بە ئاشکرا مرۆڤ بکات بە ( مرۆڤی شوشەیی )
ئاوەڵا و ڕون بۆ دەسەڵاتداران لە هەمو گۆشەکانەوە ، وەک هانا ئارێنت دەڵێ ،
تەنانەت متمانە بە دەنگ و ڕەنگ و یادەوەری لە دەست دەدا ، لە سێبەری خۆی سڵ
دەکاتەوە . لێرەوە ئیتر بازدان بەسەر پرەنسیپەکانی مۆڕاڵ لە لای مرۆڤ دەبێت بە
کردەیەکی ئاسایی ، لە ژێر زەبرو فشاردا ، بەردەوام خۆی لەسەر ڤێرژنی تازە فۆڕمات
دەکاتەوە ، بۆ ئەوەی جارێکی تر خۆی لەگەڵ ئەولەویاتەکانی ڕێک بخاتەوە ، بە جۆرێک
ئەوەی دوێنێ ڕەتی دەکردەوە ئەمڕۆ قبوڵی دەکا ، تەنانەت دەبێتە داخوازی لە پێشینەی
و لە پێناویدا دەجەنگێت ، شێرەکە لە برسان نامرێ ، بەڵکو لەوکاتەوە دەچێتە ناو
پرۆسەی مردنێکی هێواشی بە ئازار ، کە لە ژێر فشاردا دەستبەرداری شوناسی شێرایەتی
دەبێت ، لە گۆشت خۆرەوە دەگۆڕێ بۆ ڕوەکی ، ترس و برسیەتی لە دۆزەخی ڕاهێناندا
شوناسێکی نوێی بەبەردا دەکات ، ئەگەرچی لە ڕوی فیزیکیەوە هەر شێرە ، بەڵام جەوهەرە
ڕوحی و مۆڕاڵیەکەی دەگۆڕێ بۆ ئاژەڵێکی تری جیاواز ، دەکرێ هەر شتێکی تربێت تەنها
شێر نەبێ .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی