لـە دەڤەر و کەونارای ئێمەدا، پیاوێك هەبوو ناوی مام عەوڵا
بوو، ئەو پیاوە جگە لەوەی تابڵێی پیاوێکی ئاوەدان و قسەخۆش بوو، بەردەوامیش خۆی وا
نیشاندەدا کەوا لە سەردەمی گەنجێتیدا و لە بەشی هەرەزۆری وێستگەکانی تەمەنیدا دۆست
و هاوڕێی گیانی بەگیانی زۆربەی کار بەدەست و دەست ڕۆیشتوو و پیاوە دەسەڵات دارەکانی
وڵات بووە.
بەردەوام واشی نیشاندەدا کەوا جاران زۆربەی هەر زۆری بەرپرسەکانی
وڵا ت بۆ ڕایکردن و بەڕێوەبردنی ئیشوکاری سیاسی و ئیداری و حکومی و حزبی خۆیان، بە
بەردەوامی پرس و ڕاوێژیان بەو کردووە. بۆ نموونە کە ناوی مەلیکی عێڕاق دەهات، ڕووی
لە ئامادەبووان دەکرد و دەیگوت بڕوا بکەن خەڵکینە، دانیشتن قسە و مەجلیس و چاخواردنەوە
بەس لەگەل مەلیك خۆش بوو.
هەڵبەت ئەو قسەیەش مانای ئەوەی دەدا، یان مەبەستی ئەوبوو کە لەگەڵ
مەلیك برادەربووە و چاشی خواردۆتەوە.
ڕۆژێکیان مام عەوڵا قسەوباسی هێنایەوە سەر مەلیك و گوتی،
مەلیك تا بڵێی پیاوێکی قسە خۆش و زمان پاراوو بوو، زۆر حەزی لە نوکتە بوو،
گوێگرێکی باش بوو،
بڕوا بکەن جاری واهەبووە بە سعات قسەم بۆ کردووە و بەسەرهاتم بۆ گێڕاوەتەوە.
مەلیك گوێیی لێدەگرتم و هەرگیز قسەی پێ نەدەبڕیم.
ئەوەی لە هەمووی
سەیرتر بوو ئەوەبوو کە هەموومان دەمانزانی مام عەوڵا عەرەبی نەدەزانی و قەتیش بەغدای
نەدیتبوو. ڕۆژێك پێم گوت مام عەوڵا
خۆ تۆ عەرەبی نازانی و بە چ شێوەیەك و چۆن
قسەت لەگەڵ مەلیك دەکرد؟
یەکسەر لە خەت لایدا و مەوزوعەکەی گۆڕی و گوتی: بەڵێ بەڵێ
تا بڵێی پیاوی باش بوو مەلیك، خۆی بە بابی میللەت دەزانی.
منیش پێداگریم لەسەر
پرسیارەکەی خۆم کرد و پێم گوتەوە ئاخر تۆ عەرەبی نازانی چۆن ئاوا بە گەرمی مەجلیست
لەگەڵ مەلیك دادەنا؟ کەچی ئەو جارەش مام عەوڵا گێڕی گۆڕی و گوتی: بەڵێ بەڵێ هەر مەلیك
نا بەڵکو حەمە قەدۆی موسڵیش تا بڵێی پیاوی باش بوو.
ڕۆژێکیان لەسەر تاتی مزگەوتی ئاوایی دانیشتبووین، مام عەوڵا
گوتی: هەتا ئێستاش من زۆر
لە کاربەدەستانی وڵات دەناسم و هەرچی پێیان بڵێم بە قسەم
دەکەن، عەلۆی هاوڕێشم پێی گوت دەباشە ئیشێکم کەوتۆتە فەرمانگەی نفوسی ڕانیە، نامەیەکم
بۆ بەرپرسی ئەو فەرمانگەیە بۆ
بنووسە و بۆی دەبەم، بەڵکوو ئەمە خوایە و ئیشەکەم بۆ ڕایی
بکا؟ کەچی مام عەوڵا گوتی: بە سەری تۆ نایناسم، بەس لەگەڵ بەڕێوەبەری نفوسی بەغداێی
ڕوح بەڕوح برادەرم.
ئەوەی لە هەمووی
سەیرتر بوو ئەوە بوو: ئێمە هەموومان بە قسەکانی پێدەکەنین و وەکو درۆ لێمان وەردەگرت،
کەچی ئەو وەك و ڕاستییەکی ڕەها قسەکانی دەکرد.
من کە ئێستا بە قووڵی لە واقیعی ئێستا ڕادەمێنم، لای من مام
عەوڵا پەپولەیە لەچاو ئەو چەواشەکاری و پڕوپاگەندە جۆراوجۆرانەی ڕۆژانە لە میدیا جۆراوجۆرەکانەوە
وەك هەقیقەت دەبەشرێنەوە بە بیسەر و بینەران. مام عەوڵا جاران درۆی بەس لۆ گروپ و گوندەکی
دەکردن
ئێستا درۆ بۆ میللەت
و وڵاتێك دەکرێ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی