ئەو سیڤیانەی پێشکەشی چوارچێوەی هەماهەنگی کراون، ڕەنگە لەئەنجامدا هیچیان شانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانیان نەبێتو لەدوا ساتەکاندا ناوێک بهێنن لەپێشبینی کەسدا نەبوبێ، سودانی بەهۆی ئەوەی حزبوڵڵا حوسیەکان خرانە لیستی گروپو ڕێکخراوە بلۆککراوەکانی بانکی ناوەندی لای شیعەکان سوتا، کاتێکیش ویستی بارەکە ڕاستبکاتەوە لای شیعە، پەشیمانبویەوە، ئینجا لای ئەمریکیەکانیش سوتا، هەرچی نوری مالیکیە، دەزانێ هێزە سیاسیەکانی شیعە شانسی سێیەم بەمالکیو حزبی دەعوە نادەنەوە لەکۆتاییدا بەمەرجی ئەوەی نە خۆییو نە سودانی بن پاشەکشە دەکات.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کەسێک هەڵدەبژێرن بۆ سەرۆک وەزیران فەرمانبەرێکی پلە باڵای موحتەرم بێت، بەکورتی کورد ووتەنی «زیانی بۆ پەزەکان نەبێ»، تمووحی سیاسی و دروستکردنی لیستی هەڵبژاردنی نەبێت لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کە ڕەنگە بۆ ئەمەیان بەڵێنامەی نوسراو بەدەستوخەتی لێوەربگرن.
سەرۆک وەزیرانی داهاتوو واباشە کەسێک بێت، کە بتوانێ هاوسەنگی نێوان کوردو سونە و شیعە ڕابگرێو ئێرانو ئەمریکاش لەسەری ڕازیبن، دوو ئاڵنگاری گەورە ڕوبەڕوی حکومەتی داهاتوو دەبنەوە، یەکەمیان چۆنێتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی گروپە چەکدارەکانو دوەمیان کورتهێنانی بودجەو ئاڵنگارییە ئابورییەکان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی