ئەوەی دوێنێ لەپەرلەمانی عیراق روویدا، جارێكی دیكە ئەو راستیەی دووپاتكردەوە كە سیاسەتكردن تەنها بەژمارەی كورسی و بەعینادی و بەنەخوێندنەوەی واقع ناكرێت. دوێنێ جارێكی دیكە پارتی هەڵەیەكی دیكەی كرد. سەرباری راستكردنەوەی هەڵەكە، بەڵام زیانی مەعنەوی و سیاسی بەركەوت، بەتایبەت ناچار بەگۆڕینی كاندیدەكەشی كرا.
بمانەوێ یان نا، عیراق و كوردستان مەحكومە بەهاوكێشەیەكی ئیقلیمی روون. ئەو مەحكومیەتە، سەركردایەتی كورد (پارتی و یەكێتیی) خۆیان دروستیان كردووە لێی بەرپرسن، ئەو دابەشبوونە بەڕوونی ئۆپۆزسیۆنیشی گرتۆتەوە. ئێستاش بازدان بەسەر ئەو هاوكێشەیە، لەسایەی ئەو دابەشبوونە روونەی كوردستان بەسەر ئەو جەمسەربەندییە، زۆر زەحمەتە. هەریەكە لەئێران و توركیا بۆ پارێزگاریی لەبەرژەوەندی خۆیان ئامادەن هەموو بزوتنێكی سیاسی تەنانەت سەربازیش بكەن، هەروەكچۆن لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ كردیان و بەروونی بینیمان.
پارتی بەدەنگی كۆتاوە 29 كورسی پەرلەمانیی هێناوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە پۆستەكانی بەغداش بۆخۆی ببات، چونكە لەلایەك پۆستە باڵاكانی هەرێمی بۆخۆی بردووە، لەلایەكی دیكە هاوكێشەی ئیقلیمیی رێگای نادات هەموو پرسەكان یەكلایی بكاتەوە.
یەكێك لەگرفتەكانی بڕیاردەرانی كوردستان، بەدیاریكراوی زیاتر بڵێین پارتی، گرەوكردنە لەسەر هەندێك گۆڕانكاریی لەناوچەكە كە زۆرجار لەمیدیاكانەوە دەبێتە هەراو باسی لێوەدەكرێت. هەروەها تێنەگەیشتنە لەقەبارەو هێزی هەرێمی كوردستان و قەبارەو هێزو وڵاتانی هەرێمەكە بەنمونە ئێران. ئەمە وادەكات بكەونە هەڵەی گەورەو دواتر زەرەرو زیانی گەورەی لێبكەن.
گرەوكردن لەسەر لێدان لەئێران لەلایەن ئەمریكا، گرەوێكی سەركەوتوو نییە، چونكە سەرباری ئەو شەڕە ئیعلامییەی نێوان واشنتۆن و تاران، بەڵام ئەمریكا ئێران بەكورد نادات. بەرژەوەندی ئەمریكا لەمانەوەی ئێرانە نەك لاوازبوونی بەجۆرێك نەتوانێت ئیدارەی نفوزی خۆی لەناوچەكە بدات.
هاوكات تێنەگەیشتن لەتواناو قەبارەی هەرێم و هێزو توانای وڵاتانی هەرێمەكە، دیسان هەڵەیەكی گەورەیە! ئێران خاوەنی نفوزێكی زۆر گەورەیە لەعیراق، نەك هێزی چەكدار بەڵكو ئێستا دەوڵەتی قوڵی عیراقیشی كۆنترۆڵ كردووە، بۆیە ناكرێت هێزو نفوزی وڵاتانی ناوچەكە لەبەرچاو نەگیرێت.
هەر دوێنێ دوای پەیامەكەی كاك مەسعود لەبارەی یەكلاییكردنەوەی پرسی سەرۆك كۆمار، دەستبەجێ لەپەرلەمانی عیراق كێشەو گرفت بۆ كاندیدی پارتی بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان دروست بوو، دەركەوت هاوكێشەو دابەشبوونی ئیقلیمیی لەناو پەرلەمانی عیراق چەندە بەروونی دیارەو چەندە كاریگەرە بۆ گۆڕینی بڕیار لەپەرلەمانی عیراق.
لەو رووداوەی دوێنێ تەنها پارتی زەرەری نەكرد، بەڵكو هێزو توانای لایەنە شیعەكانیش باشتر دەركەوت، بۆنمونە نوری مالكی! سەرباری ئەوەی دەنگی بەكاندیدەكەی پارتیدا بەڵام نەیتوانی كاریگەری لەهاوكێشەی ناوپەرلەمان دروستبكات. جگە لەوەی چانسی خۆی بۆ بوونەوە سەرۆك وەزیران لاوازكرد، هاوكات كاندیدی سەرۆك وەزیرانیش دڵخوازی ئەو نابێت.
بۆ حزبە بڕیاربەدەستەكانی كوردستان (پارتی و یەكێتیی) و لایەنەكانی دیكەش، بەو لەركڕاچوونەی یەكتر زیانی زۆر گەورە بەقەوارەی هەرێم و خەڵكی كوردستان دەگەینن. گرەوكردن لەسەر هێزی دەرەكیی و خۆدانە پاڵ هاوكێشەی ئیقلیمیی دادیان نادات. ئەوەی ئەوان دەیانەوێ بەتەرەفگیری ئیقلیمیی و هاوپەیمانێتیی لەگەڵ حزبە سوننەو شیعەكانی عیراق بەدەستیبێنن، خۆزگە ئەو ململانێ یان شەڕە ملەی بەغدا لەسەر پۆست دەیكەن، لەسەر ماف و بەركەوتەی كورد بیانكردبا. لەسەر جێبەجێكردنی ماددە دەستورییەكان و موچەی هەرێم لەبەغدا بیانكردبا. دەبێ هەموولایە كوردستانیەكان بیزانن كە بەهاوپەیمانێتیی لەنێوان خۆیان و سازان، زۆر بەئاسانتر و دەستكەوتی حزبی زۆر زیاتریش بۆخۆیان بەدەستبێنن. ئەو سازشەی ئەوان بۆ وڵاتانی ئیقلیمیی و حزبە شیعەو سوننە عەرەبیەكان دەیكەن، بەدڵنیاییەوە بۆیەكتری بكەن دەستكەوتەكان زۆر زیاتر دەبێت خەڵكی كوردستانیش ئاسودەتر دەبن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی