هێشتا پارتی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی مسۆگەر نەکردبوو، دەيويست بە پاساوێکی بڕوا نەکردە رێگری لە يەکێتی بکات و خێر بە سەرۆکايەتی کۆمارەوە بکات، گوايە پێويستی بە يەک دەنگی کوردستانيە، وەکو ئەوەی پۆستەکانی تری هەرێم و بەغدا تەنيا دەنگی يەکحزبی پێويست بێ!
کاتێکيش سەرۆکی يەکێتی لە فيکەکە گەيشت ، گوتی ( نا) يەکسەر ريسی جێگریەکەشی لێ کردنەوە بە خوری!
وايلێهات سەرۆک کۆمار هەر لە بير چووە و هەر ئەوەندەيان بۆ مايەوە لەم دەرگا و ئەو دەرگا بدەن تا ئيشەکە وەکو خۆی لێبکەنەوە.
ئەو رووداوە، هەڵبژاردن يان راپرسيەکەی ١٩٩٩ی ميسری بير خستمەوە کاتێک حوسنی موباڕەک پتر لە سەدا نەوەدی دەنگەکانی هێنابوو. دەگێڕنەوە فەرمانبەرێک لە دژی دەنگ دەدات، کاتێک دەچێتەوە ماڵێ و ژنەکەی لێی دەپرسێ چيت کرد؟ ئەويش دەڵێ دژی بووم. ژنەکەی دەترسێ و هاوار دەکات: ئاخر ئەگەر لەسەر کارەکەت دەربکەن ئێمە بەچی بژين؟! ئەويش دەڵێ: خۆ نازانن. ژنەکەشی دەڵێ با کاميرەیان داناوە و دەوڵەت هەموو شتێک دەزانێ.
- ئێستا چی بکەم؟
- تا زووە بڕۆ راستی بکەوە.
فەرمانبەرەکە بە غار دەچێتەوە وێستگەی دەنگدان و بە بەرپرسەکە دەڵێ: من هەڵەم کردوە و دەمەوێ دەنگ بدەمەوە!
ئەويش دەستێک دەخاتە سەر شانی و پێی دەڵێ: تۆ بڕۆ ، ئێمە بۆتمان راستکردەوە، بەڵام جارێکی تر هەڵە نەکەی!
لە بەغداش هادی عامڕی و هەڤاڵەکانی بۆ پارتيان راستکردەوە و پێيان گوتن: بڕۆ ئەمجارە بۆتانمان راستکردەوە، بەڵام جارێکی تر هەڵە نەکەن و دوای رێککەوتن وەرنەوە!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی