ململانێكان لەبەغدا‌و كاردانەوە لەهەولێر

4 کاتژمێر پێش ئێستا

كه‌مال محه‌مه‌د

ئەوە ڕاستە كە هێزە ڕكابەرەكانی هەرێم بەدژواری تەنگەژەو قەیرانە سیاسییەكانەوە ڕویان لە بەغدا كردوە،كە ئەمەش توشی هەڵەو دوچاری هیواشكێنی بەدواداهاتوەو شیكاركردنی هێزەكانی دژە كوردیان نەبینیوە بەپێی پیویست و هەرچی تێڕوانین و لێكدانەوانەیان هەیەكە سەبارەت بەم هێزانە كردویانە زۆرینەی نەرێنی بوەو پێشتر پێشبینی ئەوەیان نەكردوە كە ئەوەی ئەتوانرێ بەدەست بهێنرێ لە چاكی و جوانی بۆ گەلەكەیان لە میانەی ماهییەتی سیاسی و یەكگرتوییەوە بەدی دێت نەوەك ململانێكانیان لە بەغدا كە زیاتر بۆتەپەرتەوازەیی كورد و گەشتنی هەرێم بۆ دەستخستنی مافە دەستوری و یاساییەكان،مانەوەی هەریەكێك لەم هێزانە لەچوارچێوە بەرژەوەندییەكانیان لە بەغدا  و تۆخبونەوەی ململانێكانیان دژ بە یەك واتە نەبونی هەڵوێستێكی ئیكۆلۆژیست بەرامبەر بە فاشیستەكان و تێنەگەشتنیانە بە ڕەهەندی گرنگتر كە پەیوەندی بە كێشەكانی هەولێر و بەغداوە هەیە، یەك نەگرتویی كورد لە بەغدا  دابەشكردنێتی بەسەر چەند گروپێكداكەئەمەش ئەو ستاتۆیەیە كە نەیارانی كورد لە ئۆتۆنۆمی هەرێمی كە ئەگەرلەو دیو سنورەكانیش بێت یەكێكە لە ئامانجە گرنگەكانیان كە درەنجامیش چەندین ژینۆسایدی جەستەیی و كەلتوری و نەتەوەیی بوە بەپێی مێژوو ،هێزی دەستی ڕكابەرەكانی كورد ئەگەر پێشتر ئاغایەتی و خێڵ و سەرۆك خێڵەكان بوبێت ئەوا ئێستا ئەو هێزە كوردیانەیە كە هێندە چێژ لە ململانێكان و یەكتر شكاندن ئەبینن و بەسەركەوتنی ئەزانن هێندە دڵخۆش نین بە هەبونیان بۆ پێشخستنی چارەسەری كێشەكانی هەرێم و مانەوەی هێزی كورد لەڕكابەرییەكانی هەولێر بەرامبەر بە بەغدا .

هەمو جۆرە ململانێكانی هێزە كوردییەكان لە دوای پرۆسەی ئازادی لە بەغدا یان دوچاری كائوس هاتون و پەرتەوازەیی كوردی بەدواداهاتوە یان دواتر بەلاوە ئەنرێن لەلایەن نەیارانی كوردەوە كاتێك بەدەستخستنەكانیان دژبە كورد بەدەست هێنرابێت ،بۆیەهەلومەرجەكانی ڕۆژی ئەمڕۆشمان واقیع و راستینەكانی مێژوە بەڵام بە شێواز و هەژمونگەراییەكی دیكەوە  سەركەوتنی هەردو ئامانج پارچە كردن و بچوك كردنەوەی هەرێمە كە بە كۆسپی بەردەم هەژمونگەرایی خۆیانی ئەزانن،  هەنگاونان بۆ دابڕانی هێزە كوردییەكان لە بەغدا بۆئەوەیە پابەندییان بە هەرێم و مافەكانییەوە لاواز بێت سیاسەتكردنیان نەبێتە ماڵێك بۆ هەموان ،ئەگەر سەرنج بدەین نەژادپەرەستی و شۆڤێنیزمی لای نەیارانی كورد وای كردوەكە ئەگەر ناكۆكییەكیش هەبێت لەنێو خۆیاندا بەڵام كاتێك بەرامبەر كورد ئەبن دەوڵەوت و نەتەوە ئەكەن بە پرەنسیبی سیاسەت و بیركردنەوەیان و هەموان پێكەوە دژی كوردبون و مافەكانی وەستاونەتەوە ،

فیكرێكی سامناكتر نییە لەوەی كە تۆ وا تێگەشتبی بەغدا هیچ كێشەیەكی لەگەڵ تۆدا نییەو بوە بە هێزێكی یارمەتیدەر بۆت ،ڕەنگە ئەمەلە ئاستی پێزانینی خۆتدا وابێت كە ئەوان ئەركی خۆیان جێبەجێ ئەكەن،بەڵام كاتێك كاردانەوەكان ئەبینرێت بەرامبەر بە هەرێم ئیتر ئەبێت تێبگەیت كە دۆستی كورد تەنها خودی خۆیەتی كە دواجار ئەتوانێت هەڵوێست وەرگرێت و پلانی كاری خۆی دابڕێژێت و گرفتەكانی تاوتوێ و چارەسەر بكات ،ئەگەر تۆ بتەوێ ببیتە فرۆشیاری ڕەنجی كوردبونی خۆت ئەوا لەبازاردا كریاری لەم جۆرە ڕەنجە زۆرن  ،پێویستە پرسیار لەخۆمان بكەین لەداهاتودا چۆن ئەتوانرێ پاداشتی نرخی ئەو ڕەنجە بدەینەوە؟

بەشداری هێزی كوردلە بەغداكاتێك بە واتای زۆركردن و گەورەكردنی دێت كە وەهابەشداری بكەیت كە لە فیكری كوردبون ڕانەكەیت  بۆ ئەوەی لە كرداری كوردبونیش ڕانەكەت !تێكۆشان و یەكگرتویی نێوانیش هێزێكی پسپۆرە لە هونەری فشار و ڕێكخستن بۆ دەستەبەری مافەكان و هێزی بزوێنەرو بنەڕەتی تێكۆشانە،ئەمڕۆ هەمو شۆڕشەكان شۆڕشی گەلن بەڵام لە فۆڕمی جیاوازدا ،نوێنەرانی گەلیش بە كردار و هەڵوێست و سیاسەتەكانیان جیا ئەكرێنەوە نەوەك زمانیان !

چەوتترین بیركردنەوەیە كە وای ببینین كە بە ململانێكان ئەتوانرێ ئەو كارانە جێبەجێ بكرێ كە لە ناوخۆدا ناكرێ،چون دواجار هێزی جدییەت و تێگەی نێوخۆیە كە بتوانین چۆن لە نێوناجدییەتی بەرامبەردا ببین بە كارەكتەرێكی سەرەكی و حەقیقەت بۆ دەستەبەری كۆی مافەكان ،هاوبەشبونی سیاسی لە بەغدا تایبەتمەندییەكانی میلیتانێكی سیاسی پێك دەهێنێت بۆ ئەوەی كاردانەوەكان بەرامبەر بە هەولێرخراپتر نەبێت نهێنی خودی سەركەوتنەكانیش هەر ئەمەیە ،ئێمە ئەبێت بڕوای تەواومان بەوە هەبێت كە ململانێكان و پارچە بونی سیاسی دواجار توشی فرەڕووێتیمان ئەكات ،دەست نیشان كردنی داهاتوو لەچوار چێوەی مێژوودا خودی كارە ڕاستەكەیە چون. هەمو كات ئێمە لە نێو مێژوویەكی زیندوداین ،بۆیە پێویستە قورساییەكان لەسەر مافەكان  لادەیە كە هۆكارن بۆ دەستەبەرنەكردنی و چیدی خۆمان لەو كێشمە كێشمە ڕزگار بكەین كاردانەوەكان هاوبەش بكرێن،كاردانەوەی هاوبەشیش بەرامبەر بەو هێزەكانی دەرەوەی كورد واتای وەرگرتنی هەڵوێستە ،ئەگەر ڕوانین و بیركردنەوەو ڕاوەستەكان وەك یەك بن هەرگیز كاردانەوەكان نەرێنی نابن  كە بەئاسانی توشی نەرێنی ببینەوە ،هەرێم هێشتا لەنێو چەندین كێشەی نێوخۆیی و هەرێمی ئەژی هێشتا خاكێكی داگیركراوین  وەرگرتنی هەڵوێستی نابەجێ و ململانێی نێوخۆییش لەم دۆخەداهێندەی كە كاردانەوە و لێكترازانی نێوخۆیی و مافە دەستورییەكان ئەخاتە مەترسییەوە .

ئەوەی پێویستە كرێكارێكی باشی سیاسییە بۆ خاك و خەڵك ،ناكرێ بوترێ بژی كورد و بژی دژە كورد !ئەگەر بمانەوێ پێشكەوین هاتنە دەرەوەیە لەو بەرەیە كە ناكۆكییەكانی نێوخۆیی ببرێتە شوێنێك كە هەمو كات هەوڵی خستنمانی لێ هەیە،ئەم. ڕەوشە تەنها پەیوەست نییە بە هێزە حكومڕانەكانی هەرێم بەڵكو پەیوەستە بە هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵاتیش كە بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە  هیچ پێشبینیییەكی سیاسی  جیاواز لە هێزە دەسەڵاتدارەكانیان نییە كەوا هەست بكەن ئەركی بونیادنانێكیان لەبەردەم دایە كە هاوڵاتی و گەلەكەیان نە سیاسەت و مافەكانیان شاد بكاتەوە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی