بابلییەکان کاتێک خەونیان
دەبینی بەراز لە چواردەوری ماڵەکەیاندا دەسووڕێتەوە، پێیانوابوو ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە،
بەڵام خەونبینین بە کرمەوە لە چواردەوری ماڵەکەیاندا، بەمانای ئەوە بوو، پادشا دەست
بەسەر ماڵەکەیاندا دەگرێت.
لە ئەوروپای سەدەکانی
ناوەڕاستدا ژمارە ١٣ نیشانەی بەدبەختی بوو، لە ئیتاڵیا ژمارە ١٧ نیشانەی بێ چانسی بوو،
لە خۆرهەڵاتی ئاسیا ژمارە ٤ کە گۆ کردنی لە چینی و ژاپۆنی و کۆرییەکانەوە نزیک بوو،
مانای مردنی دەگەیاند، بۆیە قاتی چوار و ژووری چواریان فەرامۆش دەکرد.
مەبەست لە ڕشتنی خوێ
بەسەر شاندا، دەرکردنی ڕۆحە شەڕئەنگیزەکان بوو، شکاندنی ئاوێنەش بەدبەختی بەدواوە بوو،
تێپەڕبوونی پشیلە و سەگی ڕەش بە بەردەم کەسێکدا، ئاماژەیەکی شووم بوو.
لە فرەنسای کۆندا کوندەپەپوو
نەفرەت لێکرابوو، چونکە بە شەو دەفڕی، ئەوەش بەو مانایە بوو کە ئەو باڵندەیە ڕقی لە
ڕووناکییە، هەروەها لە ئێستاشدا کارێکی جوان نییە چەتر لە ماڵەوە هەڵبکرێت، لەبەر ئەوەی
مردن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
کارکردنی جووتیار لە
ڕۆژانی یەکشەممەدا دەبێتە هۆی ئەوەی بەروبوومەکەی بە ڕەشە با بفەوتێت، ئەمە و دەیان
شتی دیکە کە مرۆڤ لە ساتە جیاوازەکاندا باوەڕی پێی هەبوو، لە ئێستاشدا باوەڕی بەدەیان
شتی دیکە هەیە کە لە ئایندەدا بە ئەفسانە و سەمەرە دادەنرێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی