ئەوەی چەند
ڕۆژێکە لە ڕۆژئاوا و بەتایبەت لە هەردوک گەڕەکە کورد نشینەکە ، شێخ مەقسودو
ئەشڕەفیە ڕودەدات ، ڕێکەوت نیە ، بەڵکو پلانێکی پێشوەختەی حکومەتی ئەلعەرەبی
سوریایە ، کە لە مەتبەخی تورکیای ئیخوانی ، لەسەر ئاگری شۆڤێنی گورگە بۆرەکان
ئامادەکراوە ، لە دوای گەیشتنی ئەلشەرعی گەورە تیرۆریست بۆ مزگەوتی ئەمەوی لە
دیمەشق ، بەسەر پشتی دەبابەکانی سوپای تورکیاوە ، هەر زو نوێژی مردوی لەسەر پێکەوە
ژیانی ئاشتیانە ، لەگەڵ پێکهاتە جیا جیاکانی سوریا دابەست ، بەتایبەت دوای
جەختکردنەوە لە شوناسی عروبەی دەوڵەتی شام ، لە ڕاگەیاندنە دەستوریەکەی و
دامەزراندنی حکومەتی ڕاگوزەر ، کە پێکهاتوە لە بەشێکی زۆری فەرماندە ڕادیکاڵەکانی
، قۆناغی ئەلجیهاد ، بە پشتگوێ خستنی خواستی پێکهاتە ڕەسەنەکانی شام ، جگە لە عەرەبی
سونە مەزهەب ، بۆیە هیچ جێگای سەرسوڕمان نەبو ، کاتێک پەلاماری عەلەویەکانی دا ،
لە ناوچەکانی کەناردەریا ، بە بیانوی ڕاوەدونانی پاشماوەکانی ئەسەد ، جگە لە کوشت
وبڕ و تاڵانکردنی شارو گوندەکانیان ، کەوتنە سوکایەتی بە پیرۆزیەکان و کۆمەڵکوژی
مەزهەبی ، بە بیانوی تۆڵەسەندنەوە ، دواتر هەڵکوتانە سەر دورزەکان لە سوەیداو ،
نەفیرعامی هۆزە عەرەبە سونەکان بە ئاشکرا بۆ پاکتاوی ڕەگەزی و لە ناوبردنیان ،
بەڵام کاتێک ئیسڕائیل لە پێناو پشتیوانی دورزەکان بڕیاریدا هێز بەکاربێنێت ، ئیتر
میلیشیاکانی ئەلشەرع کلکیان خستەوە ناو گەڵیان و بە مل شۆڕی لەگەڵ هۆزە
بەکرێگیراوەکان ، سەرشۆڕانە گەڕانەوە ژێر خێمەی بەدەویەت و جارێکیتر کەوتنەوە
خواردنەوەی قاوە تفت و تاڵەکەی العروبە ، بەڵام ئەمجارە بە فنجانی تورکی .
لە دوای 7 ی ئۆکتۆبەر ئیسڕائیل بڕیاریدا
نەخشەی ناوچەکە بە دیزاینێکی نوێ دابڕێژێتەوە ، ئەمە ترسێکی زۆری لە دڵی تورکیا و
خەونە ئیمپراتۆریەکەیدا هێنایە پێش ، بەجۆرێک تورکەکان لە ترسی کاردانەوەی
ئیسڕائیل و لە پێناو خۆپاراستن لە باهۆزی ئەو گۆڕانکاریە خێرایەی ناوچەکەی
گرتۆتەوە ، هەر زو پەنایان بردە بەر ئیمڕالی و کەوتنە هۆنینەوەی شیعرو شانامە بە
باڵای ئاشتیدا ، ئەگەرچی دوای بانگەوازە جۆراوجۆرەکانی ئیمرالی و هەنگاوە جدیەکانی
قەندیل هێشتا تورکەکان ، گومان و دڵە ڕاوکێی کوردانی باکوریان نەڕەواندۆتەوە ، بە
هەڵهێنانی هیچ هەنگاوێکی دڵسۆزانە ، تەنانەت دوای تێپەڕبونی نزیکەی ساڵێک ، بەسەر
بانگەوازەکەی باخچەلیدا ، خودی پرۆسەکە وەک چارەسەر بۆ تورکیای بێ تیرۆر ناودەبەن
، نەک چارەسەری ئاشتیانە بۆ دۆزی ڕەوای گەلێکی ماف خوراو . لەو ماوەیەشدا لە ڕێگەی
هەڕەشەو گوڕەشەو فشاری جۆراوجۆر ، هەمو هەوڵێکیان خستە گەڕ ، لە پێناو گرێدانەوەی
چەک دانانی قەسەد بە چەکدانانی قەندیلەوە ، لە کاتێکدا بۆ هەمو دونیا ئاشکرابو ،
ئێستا ئەوەی لە سوریای ئەلشەرع و جیهادیەکان ، هێزی چەکداری نەبێت بۆ خۆ پارێزی ،
وەکو عەلەویەکان قەتڵ و عام دەکرێ یان وەکو دورزیەکان لە باشترین حاڵەتدا بە سمێڵ
تاشراوی ، بە دەردی ئيرانی دەڵێن فلم بەرداری دەکرێ .
لە کۆتایدا ئەوەی بۆ هەمومان گرنگە ، خۆڕاگری
و بەرخۆدانی دانیشتوانی ئەم دو گەڕەکەیە ، کە بوون بە مۆتەکەی سەرسینگی شۆڤێنی و
جیهادیەکان ، ئەگەرچی ئاشکرایە ، ئەم خۆڕاگریە باجی قورسی لە قوربانی و خوێن
پێویستە، لە هەرشتێک زیاتر ، بەڵام تەماشاکردنی دیمەنەکان ، لەپشتی لاپتۆپ و
بەرامبەر شاشەکان ، بە بێدەنگی و بێ کاردانەوە ، بەڕاستی ئاماژەیەکی ترسناکە ،
جۆرێکە لە ئیمتیحانی هەستی نەتەوەیی و کورد بون .
بۆیە
پێویستە :
-
کوردانی تاراوگە .
- کوردانی ئەستەمبوڵ و باکور بەگشتی .
-
کوردانی باشور ، ئەگەرچی سیاسەتی ستەمکارانەی دەستەبژێرێکی ساختەچی بێ مۆڕاڵ
بەناوی کوردایەتی درۆزن ، هەستی کوردایەتی تێکشکاندون ، بەڵام ئەمە بەشێکە لە شەڕی
چارەنوس ، ناکرێ لە داخی گەندەخۆران دوابخرێ .
-
کوردانی ڕۆژهەڵات ، ڕاستە گیرۆدەی زامی قوڵی ستەمکارانن ، برسیەتی بڕستی لێ بڕیون
، بەڵام نان و ئازادی و ڕزگاری دڵنیابن یەک پاکێجە و لە یەکتر دانابڕێن .
-
کورد لە هەر سوچێکی ئەم دونیایە .
پێویستە بێتە سەر شەقامەکان ، بە خۆپێشاندان و
چالاکی مەدەنی بانگەوازی ئاشتیانە بە گوێی
دونیادا بدات ، لە مەترسی پاکتاوی ڕەگەزی بەدەستی چەتەکانی ئەلشەرع بە ئاگایان
بێنێتەوە . ئێستا کاتی ئەوەیە گەلی کورد هەرچی لە توانایدا هەیە ، بۆ ڕیسواکردن و
هەڵگرتنی ماسکی ، سەر ڕیشە نورانیەکەی ئەلشەرعی داعش و ئیخوانی ، وەک چۆن بە دەستی
بەرخۆدانی سەنگەرەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە بۆتە گاڵتە جاڕ ، لە شەقام و ناوەندە
بڕیار بەدەستەکانی دونیادا سوک و ڕیسوابکرێ . ئەگەر ئێستا ئەو ئەرکە نیشتیمانی و
نەتەوەیی و ئەخلاقی و ئاینی و مرۆییەمان جێ بەجێ نەکەین ، دوای کارەسات
هەڵوێستەکان تەنها دەبن بە نمایش ، وتارو شڕۆڤەی ئێمە مانانیش تەنها بە تحلیلی بعد
الحدث .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی