چاوەڕێ بکەن تاوانی قێزەون و ترسنۆکانەش ڕووبدات ، دیمەنی فڕێدانی خانمە شەڕڤانێکی کورد لەبەرزی پێنج قاتەوە بۆ خوار ناخی هەموو مرۆڤێکی بەڕەوشتی هەژاند ، خودی وەحشیگەریی و چەپەڵی کردەوەکە بەقەدەر تەبریک و تەکبیری عەمامە بەسەر و قەڵەم بەدەستەکانی عەرەب لەسەر ڕوداوەکە ئازارم نادات. دوێنێ شەو زۆرێک لەزانا و بانگخوازە دیارەکانی عەرەب نزای خێریان بۆ موجاهیدەکانی شام دەکرد ، ڕاگەیاندنە عەرەبیەکانیش بەخۆشحاڵیەوە باسیان لەم فەتحە مەزنە دەکرد؟ فەتحی سڕینەوەی میلەتێکی موسڵمان ، شێواندنی شوناس و مێژوویان ، سوتاندنی پەرچەم وئاڵایان ، تەکفیری باوەڕ و تاڵانکردنی ماڵ و حەڵاڵکردنی ناموسیان.
کێ دەڵێت: عەرەب ئێمەیان قبوڵ نیە؟
نەخێر شتی وانیە، ئەوان ئێمەیان دەوێت لەگەڵمان دەژین دۆعای خێریشمان بۆدەکەن ، بەڵام وەک کوردێکی بێ ئاڵا و بێ ناسنامە ، هاوڵاتی پلە دوو ، بەزمانی خۆم نەنوسم و نەدوێم ، ڕەنگە تۆ پێت وابێت تەنها چەند ڕەوتێکیدیاریکراو بەم جۆرە بیر دەکەنەوە ، لەهەڵەدا دەژیت گەر واگومان بکەیت تەنانەت تاڵە موویەکیشجیاوازی لەنێوان عەلمانی وئیسلامی ، چەپ وقەومچییەکانی جیهانی عەرەبی دەربارەی دۆزی کورد ومافی پێکهاتە وکەمینەکانی تردا هەیە ، بەشار ئەسەد و صەدام حسێن نمونەی عەلمانی وقەومیەکانی عەرەبن ، عومەر حەسەن ئەلبەشیر و محمد جۆلانییش نمونەی ئیسلامیی عەرەبین.
ئیسلامیی میانەڕەوی عەرەبی چۆن لە دۆزی کورد دەڕوانێت؟
جوڵانەوەی ئیسلامی میانەڕەوی عەرەبی کە ڕەوتی ئیخوان موسلیمین ڕابەرایەتی دەکات له ئاستی دەعوەو پەروەردەدا خاوەن گوتارێکی گشتگیرە و دەتوانێت لەگەڵ تەواوی جیاوازیەکانی جیهانی ئیسلامیدا مامەڵە بکات و شوێن پەنجە دابنێت ، بەڵام لەئاستی بارودۆخە سیاسی و ئابوری و ئیقلیمی و نەتەوەییەکاندا بوە بە بەشێک لە قەیران و هێندەی تر گرفت و کێشەکانی ئاڵۆز کردوە ،ئیسلامی عەرەبی بەگشتی کە خاوەن دیدێکی فیقهیی و مێژوییە بۆ باس وبابەتە هەستیارەکانی سەردەم ، خەون بە گەڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و ئیمپڕاتۆرەکەی جارانەوە دەبینێت ، تەنها لەو چوار چێوەدا ماف بە گەلی کورد و پێکهاتەکانی تر دەدات کە لەسایەی خەلیفەیەکی عەرەب ڕەگەز و قوڕەیش نەسەبدا وەکو پاشکۆ خاوەن میر و فەرهەنگی خۆی بێت
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی