سەدر لە ناوچەیەکی ستراتیژیی بەغدا کشایەوە

عیراق

01/05/2024‌ 3304 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، گروپی سەرایا سەلام-ی سەر بە ڕەوتی سەدر، بینایەکی ستراتیژی لە ناوچەی بابولشەرقی بەغدا چۆڵکرد کە بەسەر ناوچەی سەوزدا دەڕوانێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کرد، گروپی سەرایا سەلام لە "چێشتخانەی تورکی" کشاوەتەوە و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی کردووە، بێ ئەوەی هۆکارەکەی ئەو هەنگاوەی ڕەوتی سەدر بزانرێت.

لە ساڵی 2019ەوە سەرایا سەلام، باڵی سەربازی ڕەوتی سەدر، دەستی بەسەر "چێشتخانەی تورکی"دا گرتووە کە بینایەکی چۆڵە.

پێشتر سەرکردەیەکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندبوو، "بوونی ڕەوتی سەدر لە بیناکەدا زۆر گرنگ و ستراتیژییە بۆ پاراستنی هەر خۆپیشاندنێک" کە لایەنگرانی ڕەوتەکەیان ئەنجامی بدەن.

ساڵی ڕابردووش چەندجارێک هەوڵدرا شوێنەکە لە سەرایا سەلام وەربگیرێتەوە، بەڵام ڕەوتی سەدر بەردەوام ئەو هەنگاوەی ڕەت دەکردەوە.

بەپەلە