بلوومبێرگ: تورکیا هەموو مامەڵەیەکی بازرگانیی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسارد

جیهان

03/05/2024‌ 285 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمریکی بەپشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی تورکیا ئاشکرایکردووە، کە ئەنکەرە هەموو پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەساردووە.

بە وتەی کاربەدەستانی تورکیا، ئەنقەرە هەموو هاوردە و هەناردەکردنی بۆ ئیسرائیل و لە ئیسرائیل ڕاگرتووە؛ هەروەک بەگوێرەی ئاژانسەکە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی تورکیا لێدوانی فەرمییان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

لەوبارەیەوە ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیای بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبار کرد، دوای بڕیاری ئەنقەرە بۆ ڕاگرتنی بازرگانیی لەگەڵ تەلئەبیب، لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە خێرایی بەدیلێک بۆ تورکیا لە بازرگانی دەرەکیدا دەدۆزێتەوە.

کاتز لە لاپەڕەی خۆیدا لە ماڵپەڕی “X” نووسیویەتی: “ئەردۆغان بە داخستنی بەندەرەکان بەڕووی هاوردە و هەناردەکردنی ئیسرائیلدا، ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکات”.

ئاماژەی بەوەشکرد، دیکتاتۆر بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکات و پشتگوێخستنی بەرژەوەندی گەل و بازرگانانی تورکیا و پشتگوێخستنی ڕێککەوتنە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان، پێشتر ڕێنماییم دەرکردووە بۆ گەڕان بەدوای بەدیلەکاندا بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ تورکیادا.

ئەو ڕێوشوێنە نوێیەی تورکیا لەکاتێکدا لە 9ی نیسانی ئەمساڵ، وەزارەتی بازرگانیی تورکیا ڕایگەیاند، هەناردەکردنی 54 بەرهەمی جۆراوجۆر بۆ ئیسرائیل سنووردار دەکات تا ئەو کاتەی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ڕادەگەیەنرێت، بەرهەمەکانیش  بریتی دەبن، لە بەرهەمی ئاسن و پۆڵا، کەرەستە و بەرهەمی بیناسازی، مەکینە و چەندانی تر.

هەروەک، رۆژی 15ی نیسان، لە ناوچەی ئوسکودار لە ئیستەنبووڵ گردبوونەوەیەکی نارەزایەتیی دژ بە بەردەوامیی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل ئەنجامدرا و بەشێک لە هاووڵاتیان رایانگەیاند، بڕیاری سنووردارکردنی هەناردەکردنی 54 کەرەستە لە وڵاتەکەیانەوە بۆ ئیسرائیل بەس نییە و پێویستە پەیوەندییە بازرگانییەکانبەتەواوەتیی  بپچڕێن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی