ناتۆ دەیەوێت بەبەهای 100 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا کۆبکاتەوە

جیهان

03/05/2024‌ 240 جار خوێندراوه‌ته‌وه



پیتەر شیارتۆ وەزیری دەرەوەی هەنگاریا ڕایگەیاند، سێشەممەی ڕابردوو وڵاتانی ناتۆ پێشنیازێکیان لەلایەن ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆوە پێگەیشتووە بۆ پێکهێنانی سندوقێکی نوێ بە بەهای 100 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا لە ماوەی پێنج ساڵدا.

سیارتۆ ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ئەمە ڕەتدەکاتەوە، و خەبات دەکات بۆ ئەوەی بەشداری ئەم شێتییە نەکات.

هەروەک وتویەتی: "ئێستا ناتۆ دەیەوێت 100 ملیار دۆلاری نوێ بخاتە ناو ئەم شەڕەوە و رۆژی سێشەممە سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتییەکە لە خوێندنەوەی یەکەمدا پێشنیارێکی بۆ ئەمە پێشکەش بە وڵاتانی ئەندام کرد، پێشبینیش دەکرێت سندووقەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە هاوپەیمانی هیوادارە جەنگەکە بۆ پێنج ساڵی دیکە درێژبکاتەوە، ئێمەش ئەو مەترسیانە دەزانین کە بەهۆیەوە درووستدەبێت".

وەزیری دەرەوەی هەنگاریا جەختی لەوە کردەوە کە لە هەفتەکانی داهاتوو  و لە کاتی دانوستانەکاندا، خەبات دەکات بۆ ئەوەی وڵاتەکەی لەم شێتییە دوور بخاتەوە، لە دابینکردنی چەک و ڕاهێنانی سوپای ئۆکرانیا و کۆکردنەوەی ئەم 100 ملیار دۆلارە و  بۆ دابینکردنی دارایی شەڕەکە.

پێشتر شییارتۆ ڕایگەیاندبوو، ناتۆ دەیەوێت ڕۆڵی هەماهەنگی خۆی لە دابینکردنی چەک و مەشقپێکردنی ئۆکرانیا زیاتر بکات و 31 وڵاتیش پاڵپشتی ئەم بڕیارە دەکەن، بەڵام هەنگاریا نایەوێت و بەشداری لەو بڕیارەدا ناکات.

پێش ئەوە، ستۆڵتنبێرگ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی “PBS”ی ئەمریکی، وتی کە هاوپەیمانییەکە دەبێت خۆی بۆ ململانێیەکی درێژخایەن لە ئۆکرانیا ئامادە بکات.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی