ئۆکرانیا دوای پاشەکشە لەبەردەم سوپای ڕوسیا داوای چەکی نوێ دەکات

جیهان

04/05/2024‌ 473 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە دەیڤید کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کردوە کە بەخێرایی ئەو چەکانەی لەپاکێجێکی هاوکاریی ئەمدواییەدا هاتون بەزوترینکات ڕادەسی سوپای وڵاتاکەیان بکات.


ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردۆتەوە، سەرۆکی ئۆکرانیا دوێنی هەینی لەپۆستێکیدا لەتێلیگرام ڕایگەیاندوە، لەمیانی کۆبونەوەیەکدا لەکیێڤ، کامیرۆنی ئاگادارکردوەتەوە لەدۆخی سەربازیی بەرەکانی شەڕ، لەبەرامبەر پاشەکشەی بەرەکانی پێشەوە بەهۆی کەمی تەقەمەنی.

هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کراوە بۆ ڕووداوە نێودەوڵەتییە "گرنگەکان"ی داهاتوو، لەوانەش لوتکەی ئاشتیی کە لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.

لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگری ئاسمانیی رووسیا 6 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە کە لەلایەن ئۆکرانیاوە لە شەوێکدا هەڵدرابوون.

وەزارەتەکە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تێلیگرامەوە ڕوونیکردەوە، کە 5 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی ناوچەی بێلگۆرۆد کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکرانیا، و یەکێکیان بەسەر نیمچە دوورگەی کریمەدا خراوەتە خوارەوە.

وەزارەتەکە هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ئەو زیانانەی نەخستووەتەڕوو کە ڕەنگە بەهۆی هێرشەکەوە بووبێت. تا ئێستا نەتوانراوە  لێدوانەکانی وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا پشتراست بکرێتەوە.

چاودێران باس لەوەدەکەن کە ڕووسیا بە دەگمەن زانیاریی دەربارەی کاریگەری تەواوی هێرشەکانی ئۆکرانیا لەسەر خاک و ژێرخانی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات.

هەروەک وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، ئێوارەی پێنجشەممە ڕایگەیاند، یەکەکانی گرووپی "ڤۆستۆک"ی سوپای ڕووسیا دەستیان بەسەر پێگەی ستراتیژیتردا گرتووە، هەروەک هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا زیانێکی زۆریان لە شارۆچکەکانی ئۆرۆژینۆیە، ماکارۆڤکا و ڤۆدیانۆ لەکۆماری گەلی دۆنێتسک بەرکەوتووە.