شارپرێس:
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سێنتکۆم لەدوای هەڕەشەکانی ئەمڕۆی دیمەشق بۆ هێرشکردنەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب لەڕۆژئاوای فوڕات، ڕایگەیاند، دەبێت لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانبەخۆیاندا بگرن.
سێنتکۆم لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، بە وردی چاودێریی دۆخی پێشهاتەکانی حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەین و دەبێت لایەنەکان "خۆیان لەو کارانە بەدوور بگرن کە گرژییەکان زیاتر دەکەن و پاراستنی مەدەنییەکان و ژێرخانی هەستیار بکەنە لەپێشینە".
دەشڵێت "بەردەوامین لە داواکردن لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بە نیازپاکییەوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە رێگەی دیالۆگەوە بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماسیی بەردەوامدا بگەڕێن".