زیاد حەلەب.. ئەو فه‌رمانده‌یه‌ى مەرگی هەڵبژارد تا شێخ مەقسود نەمرێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کاتێک مێژوو باسی بەرخۆدانی گەڕەکە گەمارۆدراوەکانی حەلەب دەکات، ناوی پیاوێک وەک تیشکی خۆر لەناو لاپەڕەکاندا دەدرەوشێتەوە؛ ئەو فەرماندە زیاد حەلەبە، ئەمڕۆ 42 ڕۆژ بەسەر شه‌هیدبونى سوارچاکێکدا تێدەپەڕێت کە نەک هەر فەرماندە، بەڵکو ڕۆحی زیندوی گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە بوو.


لەعەفرینەوە بۆ لوتکەی فیداکاریی
زیاد قەدور کە دواتر بەزیاد حەلەب ناسرا، لەساڵی 1988 لەباوەشی سروشتە سەوزەکەی عەفریندا چاوی بەدونیا هەڵهێنا، ئەو لەخێزانێکدا گەورەبوو کە عەشق بۆ نیشتمان وەک نانی سەر سفرە پیرۆز بوو، هەر ئەم پەروەردەیەش بوو وایکرد لەساڵی 2011دا، کاتێک زەنگی مەترسی بۆ گەلی کورد لێدرا، ئەو وەک یەکەمینەکان چەکی شەرەف بکاتە شان‌و بڵێت، "من لێرەم بۆ پاراستنی شکۆی گەلەکەم".

11 ساڵ لەسەنگەری نەبەزیندا
بۆ ماوەی 11 ساڵ، زیاد تەنها ناوێکی سەربازیی نەبوو، بەڵکو دڵنیایی بوو بۆ دایکان‌و منداڵانی حەلەب، لەو ساڵانەی کە چەتەکان‌و داگیرکەران لەهەمولایەکەوە گەمارۆی گەڕەکەکانیان دابوو، زیاد حەلەب وەک چیایه‌ك وه‌ستایه‌وه‌و نەیهێشت دەستی گڵاوی تاریکپەرستان بگاتە ناو ماڵەکان.

ئەو فەرماندەیەکی سیاسیی‌و سەربازیی لێهاتوو بوو؛ لەوکاتانەی ورەکان دادەبەزین، ئەو بەبزەیەک‌و بەوتە پۆڵاینەکانی، ئیرادەی بۆ شەڕڤانان دەگەڕاندەوە، داستانی پێنج ڕۆژەی بەرخۆدانی ئەشرەفیە، یەکێکە لەو وێستگانەی کە ناوی زیاد وەک سیمبولی "مان‌و نەمان" تێیدا تۆمارکرا.

پەیامێک لەخوێن‌و بەڵێن
زیاد حه‌له‌ب هەمیشە دەیگوت، "ئێمە ڕۆڵەی ئێرەین، لێرە لەدایکبوین‌و لێرەش دەمێنین‌و لێره‌ش ده‌مرین"، ئەو تەنها قسەی نەدەکرد، بەڵکو بەکردەوە نیشانیدا کە مرۆڤ دەتوانێت لەپێناو گەلەکەیدا ببێتە فیدایی، ئەو تینوی ئازادی‌و دیموکراسی بوو، دژی هەموو جۆرە چەوسانەوەو تاریکییەک وەستایەوە کە داعش‌و هاوپەیمانەکانی نوێنەرایەتییان دەکرد.

ماڵئاوایی‌و نەمری
لە 10ی کانونی دوەمی 2026، زیاد حەلەب دوایین پەیمانی خۆی بەرامبەر بەخاکەکەی بەجێگەیاند، ئەو لەناوجەرگەی شەڕدا، تا دوا هەناسە وەک شه‌ڕڤان‌و گه‌ریلایه‌كى قاره‌مان بەرگریی کردو چاوی لێک نا، تا گەلەکەی بەسەربەرزیی چاو بکەنەوە.

ئەمڕۆ کە 42 ڕۆژ بەسەر شەهیدبونی ئەو فەرماندە تێکۆشەرەدا تێدەپەڕێت، شێخ مەقسودو ئەشرەفیە هەتیو نەبون، چونکە لەهەر کۆڵانێکدا هەزاران زیاد لەسەر ڕێبازەکەی ئەو پەروەردەبون، زیاد حەلەب نەڕۆیشتوە، ئەو بوە بەبەشێک لەمێژوو، بوە بەسرودێک کە منداڵانی عەفرین‌و حەلەب لەکاتی سەرکەوتندا دەیڵێنەوە.

فەرماندە زیاد کۆچی نەکرد، بەڵکو تەنها شوێنی خۆی گۆڕیی؛ لەسەنگەرە ساردەکانەوە چوه‌وە ناو دڵە گەرمەکانی گەلەکەی، ئەو نیشانیدا کە مەرگی قارەمانانە، سەرەتای ژیانێکی ئەبەدییە، ڕۆژئاواى كوردستان‌و گه‌لى كورد به‌یه‌كده‌نگ ده‌ڵێن، ئەمڕۆ ئەگەرچی جەستەی زیاد لەناوماندا نییە، بەڵام هەناسەکانی لەناو شەماڵی شێخ مەقسودو زەردەخەنەی منداڵە ئازادەکانی حەلەبدا هەستی پێدەکرێت، زیاد حەلەب بوو بەمێژوو، مێژوش هەرگیز نامرێت.

بەپەلە