شارپرێس:
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتە ناو قۆناغێکی تەمومژاوییو مەترسیدارەوە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکاو ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەئاوەکانی کەنداوو دەریای عومان چونە ناو شەڕێکی قورسى ڕوبهڕوو، هاوکات واشنتۆن هێرشیکردەسەر چەندین ئامانج لەناوخۆی ئێراندا.
ئاژانسی "مێهر"ی ئێرانی لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە پشتڕاستیکردەوە، پێكدادانی ڕاستهوخۆو توندى سهربازیى لەنێوان هێزە دەریاییەکانی ئێرانو سوپای ئەمریکا لەئاوەکانی ناوچەکە بەردەوامەو دۆخەکە بەرەو تەقینەوەی تەواوەتی دەچێت.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەبەیاننامەیەکی کتوپڕدا ڕایگەیاند، کە فەرمانی هێرشی سەربازی دراوەو دەشڵێت، "ئێمە دەستمانکردوە بەوەشاندنی گورزی زۆر توند دژی چەندین ئامانجی جیاواز لەناوخۆی ئێراندا، ئەم هێرشانەش وەڵامێکی ڕاستەوخۆن بۆ ئەو دەستدرێژییە بەردەوامو بێ پاساوەی کە لەلایەن ئێرانەوە دەکرێن".
شارهزایانو چاودێران پێیانوایه، ئەم پێکدادانە ڕاستەوخۆیانە دوای زنجیرەیەک گرژیی توند دێنو هێڵەکانی گواستنەوەی نەوتو کەشتیوانیى نێودەوڵەتی لەگەروی هورمز ڕوبەڕوی مەترسیی پەککەوتن دەکەنەوە.
سەرچاوە سەربازییەکانیش دهڵێن، "فڕۆکەو کەشتییە جەنگییەکانی هەردولا زۆر بهتوندى ڕوبهڕوى یهكتر دهبنهوهو دەنگی تەقینەوەى زۆر گهوره لەچەند ناوچەیەکی کەناراوی بیستراوە".
