شارپرێس:
سەرەڕای فشارو داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ، ئیسرائیل بەفەرمی وەڵامی سەرۆکی ئەمریکای دایەوەو ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک لەخاکەکانی باشوری لوبنان ناکشێتەوە، وهزیرى بهرگریى ئیسرائیلیش دهڵێت:"تهواوى ئهو ناوچانهى هاوسنورن لهلوبنانو سوریا لهگهڵ ئێمه، وێرانیان دهكهینو نابێت ناوچهى دانیشتوان بن".
یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیکردەوە، وڵاتەکەی دژی کشانەوەی سوپاکەیەتی لەلوبنان، سەرەڕای ئەوەی کە بەفشارەکانی ئێستاو داهاتوو وەسفیکرد.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئیسرائیل سورە لەسەر هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەبونی سەربازیی لەو ناوچانەی کە هێزەکانی ئیسرائیلی تێدا بڵاوبونەتەوە.
کاتس ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەدۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاو بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، ئیسرائیل لەلوبنان ناکشێتەوەو جەختیکردەوە، ئەم هەڵوێستە بەڕونی لەکاتی پەیوەندییەکانی ئەمدواییەی نێوان هەردولادا گەیەندراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە بە"ناوچە ئەمنییەکان" لەلوبنان، سوریاو کەرتی غەززە وەسفیکردن، بەیەکێک لەدیارترین دەستکەوتەکانی سوپای ئیسرائیل لەکاتی شەڕەکەدا دادەنرێت، چونكه ئیسرائیل وەک بەشێک لەڕێکخستنە ئەمنییەکانی خۆی سەیری ئەم ناوچانە دەکات.
لەمەترسییەکی بەرچاویشدا، کاتس هۆشداریدا کە ئەگەر ئێران لەسەر بنەمای پەرەسەندنەکانی پەیوەست بەلوبنان هێرشبکاتەسەر ئیسرائیل، ئەوا تەلئەبیب "بەتەواوی هێزی خۆیەوە" هێرشدەکاتەسەر ئێرانو جەختیکردەوە، وڵاتەکەی وەڵامی هەر هەڕەشە یان بەئامانجگرتنێک لەلایەن تارانەوە دەداتەوە.
هەروەها ڕایگەیاند، ئەو ناوچە ئەمنییەی ئیسرائیل لەباشوری لوبنان باسیدەکات، چۆڵدەبێت لەدانیشتوان، سوپای ئیسرائیل خانوەکانی ئەو گوندە سنورییانە وێراندەکات کە دەکەونە ناوچەکانی بەریەککەوتنەوە.
ئەم لێدوانانەی کاتس لەکاتێکدان، نیشانەکان بۆ پێشڕەویکردنی پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران لەزیادبوندان، لەگەڵ ئەو گفتوگۆیانەی کە لەسەر داهاتوی دۆسیە هەرێمییەکان دەکرێن کە لەسەروی هەمویانەوە دۆخی لوبنانە.
هەڵوێستەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل ڕەنگدانەوەی پێداگری تەلئەبیبە لەسەر جیاکردنەوەی دۆسیەی لوبنان لەهەر لێکتێگەیشتنێکی بەرفراوانتری هەرێمیو ڕەتکردنەوەی بەستنەوەی بڵاوبونەوەی هێزەکانی یان بونی سەربازیی لەباشوری لوبنان بەهەر ڕێککەوتنێک کە لەنێوان واشنتۆنو تاراندا دانوستانی لەسەردەکرێت.
