له‌شارێكى كوردستان بازرگانی بەموڵکی کوردانه‌وه‌ گه‌رمه‌و سەرانەسەندنیش ده‌ستیپێكرد

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1738 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس - کەنداڵ جودی:

لەکاتێکدا هەزاران كۆچبه‌رى کورد بەهیوای ژیانێکی نوێ دەگەڕێنەوە بۆسەر خاک‌و ماڵی خۆیان لەعەفرین، لەناوشارەکەدا ڕوبەڕوی داگیرکارییەکی نوێ دەبنەوە؛ گروپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیا نەک تەنها موڵکەکانیان چۆڵناکەن، بەڵکو لەبەرامبەر ڕادەستکردنەوەی خانوبەرەکانیاندا داوای سەرانەو پارە لەخاوەنە ڕەسەنەکان دەکەن.


پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکانی عەفرین بۆسەر خاک‌و ماڵ‌و حاڵی خۆیان، لەئێستادا ڕوبەڕوی کۆسپ‌و تەگەرەی زۆر قورس بوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لەمانگی ئاداری ڕابردوەوە تائێستا نزیکەی 10 هەزار خێزانی ڕەسەنی عەفرین گەڕاونەتەوە، به‌ڵام وه‌كو وتەبێژی کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی عەفرین ئاشكرایده‌كات، "ڕاستی ڕەوشەکە لەناوخۆی شارەکەدا زۆر ئاڵۆزترو مەترسیدارترە لەوەی دەبینرێت"، ده‌شڵێت، "

نیشتەجێبونی زۆرەملێ‌و داگیرکردنی موڵک‌و ماڵەکان
ئیبراهیم هەفتارۆ وتەبێژی کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی عەفرین لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس هۆشداریدەدات‌و ڕایدەگەیەنێت، "هێشتا هەزاران خێزانی عەرەبی هاوردە لەعەفرین ماونەتەوە، به‌گوێره‌ى ئامارە زۆر وردەکان، لەئێستادا نێوان سێ بۆ چوار هەزار خێزانی عەرەبى هاورده‌ (کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی دێرەزورن‌و لەساڵی 2018 هێنراونەتە ناوچەکە) هێشتا لەناوشارو گوندەوارەکانی عەفرین نیشتەجێن‌و ئامادەنین ئه‌و شوێنانه‌ى تێیدا نیشته‌جێبون، چۆڵى بکەن".

به‌وته‌ى هه‌فتارۆ، "ئەم دۆخە بوەتە هۆی ئەوەی ئەو خێزانە کوردانەی دەگەڕێنەوە، نەتوانن بچنەوە ناو خانوو و موڵكه‌كانى خۆیان كه‌ به‌شێكى زۆریان دوكان‌و بازاڕیان هه‌بوو پێشترو ئێستا ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌، به‌گوێره‌ى زانیاریی کۆچبەرانی گەڕاوە کە بەهۆی هۆکاری ئەمنی توندەوە نەیانتوانیوە ناوی خۆیان ئاشکرابکەن، خانوبەرەکانیان هێشتا لەژێر دەستی ئەو خێزانە هاوردانەدایە".

بازرگانیکردن بەمافی هاوڵاتیان‌و سەرانەسەندن
وه‌كو وتەبێژی کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی عەفرین وتى، "ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان پەردە لەسەر شێوازێکی نوێی پێشێلکاریی لادەبەن؛ لەچەندین حاڵەتدا، خێزانە عەرەبە هاوردەکان داوای پارەو سەرانە لەخاوەنى ڕه‌سه‌نى موڵکەكان دەکەن كه‌ سه‌رجه‌میان كوردن، لەبەرامبەر چۆڵکردنی خانوو یان دوکانەکانیان، ئەمەش نەک تەنها پڕۆسەی گەڕانەوەی هاوڵاتیان پەکدەخات، بەڵکو کێشەی قورسی یاسایی‌و پێشێلکردنی مافی خاوەندارێتی لێکەوتوەتەوە".

ململانێی سەروەریی: دیمەشق‌و ئەنكەرە
گرنگترین‌و مەترسیدارترین لایەنی ئەم دۆسیەیە لەڕوی سیاسییەوە، لایەنی دڵسۆزیی‌و ڕەوتی سیاسیی ئەم خێزانە هاوردانەیە، وتەبێژی کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی عەفرینیش دەڵێت،
"ئەو خێزانە عەرەبانە خۆیان بەسەر بەحکومەتی دیمەشق (سوریا) نازانن، بەڵکو لەبری ئەوە، خۆیان وەک موڵکی تورکیا دەبینن‌و خۆیان بەدەوڵەتی تورکیاوە بەستوەتەوە، ئەم تێڕوانینەش وایکردوە ئەوان بەپاڵپشتی هێزە دەرەکییەکان دەستبەسەر ماڵی کورداندا بگرن‌و بەهیچ شێوەیەکیش ئامادەی چۆڵکردن نەبن".

یاخیبون لەهێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان
لەسەر ئاستی ئەمنیی، ئیبراهیم هەفتارۆ ئاشکرایدەکات، هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانی عەفرین خۆیان دەیانەوێت هاوکاربن بۆ دەرکردنی ئەم سەرپێچیکارانەو گەڕاندنەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنە ڕه‌سه‌نه‌کانیان، بەڵام کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو خێزانە عەرەبانە، بەرپرسی گروپە چەکدارەکانی وەک "عەمشات‌و حەمزات"ن، ئەو گروپانە ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بەتورکیاوە، بۆیە بەتەواوی یاخیبون‌و هیچ گوێیەک بەفەرمان‌و هێزە ئەمنییەکانی عەفرین نادەن.

داواکاری کۆتایی‌و چارەنوسی ناوچەکە
وه‌كو هه‌فتارۆ جه‌ختى له‌سه‌رده‌كاته‌وه‌، "لەئێستادا، خێزانە عەفرینییە زیانمەندەکان لەڕێگەی میدیاکانەوە هاواری هانا دەگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەوان داوای هەنگاوی بەپەلە دەکەن بۆ لابردنی ئاستەنگە یاسایی‌و ئەمنییەکان، گەڕاندنەوەی دەستبەجێی ماف‌و موڵکەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، پاراستنی ئارامی‌و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی لەناوچەکەدا".

چاودێرانی دۆخەکەش کۆکن لەسەرئەوەی، تا کێشەی موڵک‌و خانوبەرەکان بەشێوازێکی دادپەروەرانە چارەسەرنەکرێت، دابینکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام، شکۆمەندانەو بەردەوام بۆ گەلی عەفرین تەنها وەک هیواو دروشمێک دەمێنێتەوە.