شارپرێس:
مشتومڕەکان سەبارەت بەدۆسیەی شەهیدان، بریندارانو
قەرەبوکردنەوە لەپارێزگاکانی ئەنبارو نەینەوا پەرەیسەندوە، لەکاتێکدا تۆمەتی هەبونی
تۆڕی ساختەکارییو پەکخستنی هەزاران مامەڵە دەخرێتەڕوو، بەرپرسانی خۆجێی ئەو پارێزگایانە
ڕەتیدەکەنەوە تۆمەتەکان بەگشتیی بەسەر هەمواندا ساغبکرێنەوەو ڕێکاری بەکۆمەڵ بەرامبەر
سودمەندان بگیرێتەبەر.
عەدنان کوبەیسی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبارو
سەرۆکی لیژنەی شەهیدانو قەرەبوکردنەوە لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، "لیژنەکەیان
لەوکاتەوەی دەستبەکاربوە، کەوتوەتە شەڕێکی ڕانەگەیەندراو لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدان،
دەسەڵاتی فەرمانگەکانی شەهیدانو خانەنشینی لەناو پارێزگاکە سنوردارەو زۆربەی ڕێکارە
سەرەکییەکان لەبەغدا قۆرخکراون".
کوبەیسی ڕونیکردەوە، دواکەوتنی نوسراوە فەرمییەکان
بۆ چەندین مانگ، بوەتە هۆی پەکخستنی مافی ژمارەیەکی زۆر لەکەسوکاری شەهیدان، لەوانە
شایستە وەزیفیو خانەنشینییەکانیان.
سەبارەت بەدۆسیەی گەندەڵی، کوبەیسی ئاماژەی بەوەکرد،
جیاوازییە داراییە گەورەکان وایکردوە مامەڵەی شەهیدان ببێتە ئامانجی ئەو تۆڕانەی کە
هەندێک فەرمانبەریان لەدامودەزگا جیاوازەکاندا بەکارهێناوە.
ناوبراو چەند بەڵگەنامەو دانپێدانانێکی دادوەریی
خستەڕوو کە لەدادگای تاوانەکانی ئەنبارەوە دەرچونو پەیوەستن بەکەیسی ئەفسەرێکی
ناو دامەزراوەی شەهیدانو تۆڕێکی ساختەکاریی.
بەوتەی کوبەیسی، "یەکێک لەڕێگهکانی ساختەکاریی
بریتی بوە لەفرۆشتنی کۆدی چونەژورەوەی ئەلیکترۆنی (یوزەر)و بارکۆد لەڕێگەی دەڵاڵەکانەوە
بەرامبەر بڕە پارەیەک، ئەمەش بەمەبەستی تێپەڕاندنی مامەڵەی نادروست یان وەهمی بۆ فەرمانگەی
خانەنشینیو وەرگرتنی پارەی کەڵەکەبوو، جەختیشیکردەوە، پێدانی دەسەڵاتە ئەلیکترۆنییەکان
تەنها لەبەغداوە دەکرێت.
لەلایەکی دیكهوه، کوبەیسی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە
کە باس لەهەبونی سێ هەزار بڕوانامەی مردنی ساختە لەئەنبار دەکەنو وتى، "ئەم
بابەتە کراوەتە بیانوو بۆ پەکخستنی مافی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان"، ئاماژەی
بەوەشکرد، "بارودۆخی ئەمنیی نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2007و زەحمەتی هاتوچۆ لەنێوان
شارەکاندا، وای لەدادگا کردبوو لەوکاتەدا دەسەڵات بداتە هەندێک نەخۆشخانە بۆ دەرکردنی
بڕوانامەی مردنو دواتر وردبینییە تەندروستیو دادوەرییەکان ڕاستی ئەو بڕوانامانەیان
سەلماندوە".
سەبارەت بەبرینداران، کوبەیسی ئاشکرایکرد،
"لیژنەیەک زیاتر لەشەش هەزار برینداری پشکنیوە، بەڵام دامەزراوەی شەهیدان ئەنجامەکانی
قبوڵنەکردوەو داوای دوبارە پشکنینەوەی لەبەغدا کردوە، ئەمەش بوەتە هۆی ڕاگرتنی شایستە
داراییەکانیان بۆ ماوەی زیاتر لەساڵو نیوێک، کۆی گشتیی مامەڵە هەڵپەسێردراوەکانی
شەهیدانو برینداران لەئەنبار، دەگاتە نزیکەی 27 هەزار مامەڵە".
قەیرانەکە تەنها ئەنباری نەگرتوەتەوە، بەڵکو بڵاوبونەوەی
زانیارییەک سەبارەت بەهەبونی 12 هەزار چەکداری
داعش لەناو لیستی شەهیدانی نەینەوا کە موچە لەحکومەت وەردەگرن، دەنگدانەوەیەکی گەورەی
لەو پارێزگایە دروستکردوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامهوانى، بەڕێوەبەرایەتی
شەهیدانی نەینەوا ئامادەنەبوە لێدوان لەسەر ئەو ژمارەیە بدات، بەڵام عەبدولقادر دەخیل
پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاندوە، ئەوەی سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدان باسیکردوە جێگەی
بایەخەو وردبینی تێدادەکرێت، هەرچەندە جەختیکردوهتهوه، "داتاکانی پارێزگاکە
بەگشتیی ڕاستو دروستن".
لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد دوبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی
پارێزگای نەینەوا، داوایکردوه، نابێت ژمارەی لەو شێوەیە بەبێ بەڵگە لەمیدیاکاندا
بڵاوبکرێتەوەو هەڕەشەی پەنابردن بۆ دادگای کردوه ئەگەر ئەو تۆمەتانە نەسەلمێنرێن.
لیژنەی شەهیدان لەئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت،
"سەرجەم ئەو 19 هەزار شەهیدەی لەپارێزگاکە تۆمارکراون، دوای لێکۆڵینەوەو وردبینییەکی
وردی ئەنجومەن، دادگاو دامەزراوەی شەهیدان ناویان نوسراوە".
لەدۆسیەیەکی هاوشێوەدا، کوبەیسی ئاشکرایکرد،
"زیاتر لە 80 هەزار مامەڵەی زیانلێکەوتوانی خانوو و موڵک بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە
لەئەنبار هەن، جگە لەگەڕاندنەوەی 26 هەزار مامەڵەی دیکە لەبەغداوە کە بڕەکەیان لە
30 ملیۆن دینار زیاترە بۆ دوبارە لێکۆڵینەوە، ئەمەش وایکردوە دۆسیەی شەهیدانو قەرەبوکردنەوە
بکەوێتە ناو قەیرانێکی ئاڵۆز کە تێیدا گومانەکانی گەندەڵیو ئاستەنگە کارگێڕییەکان
تێکەڵبون".
سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانى عێراق وتویهتى،
"12 هەزار ناوی داعش لەناو لیستى شههیدانى دامهزراوهكهیدا ههیهو كهسوكارهكانیان
مانگانه موچە وەردەگرن"، بۆ ئهمهش بهرپرسانى حكومى پێیانوایه، تۆڕی گەورەی
ساختەکاریی هەن کە "یوزەر"و "کۆدی" چونە ناو سیستمەکەیان کڕیوەو
ناوی وەهمییان تێدا تۆمارکردوە، ههروهك پێیانوایه، لەئەنبار بەڵگەیان دۆزیوەتەوە
(ئەفسەرو فەرمانبەر دەستگیرکراون) کە مامەڵەی ساختەیان کردوە، بۆیە گوماندەکەن لەنەینەواش
هەمان شت ڕویدابێت.
لهبهرامبهر ئهوانهدا، ئەندامانی ئەنجومەنی
پارێزگای نەینەوا دەڵێن، ئەمە تەنها "تۆمەتە"و هیچ بەڵگەیەکی فەرمییان
پشان نەدراوە، دەشڵێن، "کۆی گشتیی شەهیدانی نەینەوا 19 هەزار کەسە، چۆن دەبێت
12 هەزاریان داعشی بن؟ ئەگەروابێت دەبێت سیستمەکە هەموی هەرەس بهێنێت"، ههربۆیه
پارێزگاری نەینەوا تهئكید دهكاتهوه، "وردبینی دەکەین، بەڵام داکۆکی لەوەش
دەکهین کە زۆربەی ناوەکان ڕاستنو نادادییە هەموو خەڵکەکە بەیەک چاو سەیر بکرێت".
