شارپرێس:
دوو ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ ئاشكرایانكرد، دەسەڵاتدارانی ئێران سزاى لەسێدارەدانیان بەسەر هاوڵاتییەکی عێراقیدا جێبەجێکردوە، پاشئەوەی بەتۆمەتی سیخوڕی‌کردن بۆ لایەنە پاڵپشتیکراوەکانی سعودیە تاوانبارکرابوو، ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرچاوە ئاگادارەکان جەختدەکەنەوە، ناوبراو تەواوی تۆمەتەکانی گۆشەگیریی‌و سیخوڕیی ڕەتکردوەتەوەو لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا لەناوەندی گرتوخانەکاندا ئەشکەنجەدراوە.
ڕێکخراوی «مافەکانی مرۆڤ لەئێران کە بارەگا سەرەکییەکەی لەئۆسلۆیە ئاشکرایکرد، كه‌سێكى عێراقى بەناوی (ئەیوب محەممەد نەبیل) تەمەن 28 ساڵ لەزیندانی ناوەندیی ڕەشت (ناسراو بەلاکان) لەڕێگەی هەڵواسینەوە لەڕۆژی 11ى ئه‌م مانگه لەسێدارەدراوە.
سه‌رچاوه‌كان باسیان لهوهكردوه، هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لەڕۆژى 26ی ئابی 2025 ناوبراویان لەناوچەی فۆمەن لەپارێزگای گێڵان (باكورى ئێران) دەستگیرکردبوو، نەبیل بەشێوازی یاسایی‌و بەپاسپۆرت چوبوە ناوخاکی ئێران‌و پێش دەستگیرکردنی، وەک پاسەوانی ڤێلایەکی تایبەت کاریدەکرد، لقی یەکەمی دادگای كۆمارى ئیسلامى (شۆڕش) لەڕەشت، سزاكه‌ى بەسەردا سەپاندبوو، لەکاتێکدا سەرچاوەکان دەڵێن، تۆمەتەکان تەنها لەسەر بنەمای ناسنامەی ئاینیی ئەو بوە، چونکە لەژوری پاسەوانییەکەیدا وانەی قورئانی بەمنداڵانی ناوچەکە وتوه‌ته‌وه‌و هیچ بەڵگەیەک لەسەر چالاکیی سیاسیی ئەو لەئارادانەبوە.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی (هەنگاو) له‌وباره‌یه‌وه ڕایگەیاندوە، ئەیوب نەبیل خەڵکی شاری حەدیسەی عێراق بوە، تۆمەتەکەی لەدادگا بەناونیشانی (دوژمنکاریىو شەڕکردن دژ بەدەوڵەت لەڕێگەی سیخوڕی‌کردن بۆ گروپە پاڵپشتیکراوەکانی سعودیە) بوە، پێش جێبەجێکردنی سزاكه‌ش گواستراوەتەوە بۆ ژوری تاکەکەسی‌و ڕوبەڕوی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی‌و دەرونی بوەتەوە.
به‌گوێره‌ى ئامارەکانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لەئێران، ئەیوب نەبیل سێیەمین هاوڵاتیی عێراقی‌و 17یه‌مین کەسە بەگشتیی کە لەماوەی ساڵی 2026دا بەتۆمەتی سیخوڕی‌کردن، لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارە دراون.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، لهسعودیهش ژماره‌یه‌ك هاوڵاتى عێراق ماوه‌ى زیاتر له10 ساڵه ده‌ستبه‌سه‌ركراون به‌تۆمه‌تى سیخوڕیكردن بۆ كۆمارى ئیسلامى ئێران‌و له‌ناو ده‌ستگیركراوه‌كاندا، ئه‌فسه‌رى پلهباڵاشیان تێدایه، سه‌رجه‌میشیان له‌كاتى به‌جێهێنانى فه‌ریزه‌ى حه‌ج یان گه‌شتى عومره له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانى ڕیازه‌وه ده‌ستگیركراون.
