شارپرێس:
بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە پرۆسەی دادگایی‌کردنی لاهور شێخ جەنگی‌و گیراوانی دیکەی لالەزار به‌گوێره‌ى مادەی 406 بەڕێوەبچێت، تیمی پارێزەرانیش داوایانکردبوو دانیشتنەکە دوابخرێت‌و باس لەوەشكرابوو، دۆخی تەندروستی بەشێکی گیراوان خراپە، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌تیمى پارێزه‌رانى كه‌یسى لاله‌زار به‌شارپرێس-ى سه‌رباریى ئاشكراكردنى چه‌ند زانیارییه‌كى گرنگ، ئه‌وه‌شى وت، "دادگاییكردنه‌كه دواخراوه".
ڕۆژی 15ى 10ى 2026، پرۆسەی دادگایی‌کردنی لاهور شێخ جەنگی‌و 11 گیراوی دیکەی لالەزار به‌گوێره‌ى مادەی 56 بەڕێوەچوو و سزای جیاواز بۆ هەریەکەیان دەرچوو، بڕیاربوو ئەمڕۆ به‌گوێره‌ى مادەی 406 دادگایی بکرێن، جگە لەو 11 گیراوە، 20 گیراوی دیکەش به‌گوێره‌ى هەمان مادە دادگاییدەکرێن.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌تیمى پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی تایبه‌ت بۆ شارپرێس وتى، داوکارییان پێشکەشکردبوو بۆ ئەوەی پرۆسەکە دوابخرێت، چونکە پەڕاوەکە 989 لاپەڕەیەو ئه‌وانیش بەتەواوەتی نەمانخوێندوه‌تەوە، هەروەها داوامانکردوە ئەو ڕاگیراوانە لەگرتن‌و گواستنەوەبن، نەوەک زیندانیی ئاسایش، تائێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.
وه‌كو سه‌رچاوه‌كه وتى، "لەکۆی 22 کەس کە به‌گوێره‌ى مادەی 406 ڕاگیراون، 20 کەسیان لەزیندانیی ئاسایش ماون، ئێمە سورین لەسەرئەوەی ئەو ڕاگیراوانە به‌گوێره‌ى یاسا دەبێت لەگرتن‌و گواستنەوەبن، نەک زیندانیی ئاسایش، چونکە به‌گوێره‌ى وتەی کەسوکاریان تەندروستی‌و دۆخی دەرونی بەشێکیان جێگیرنییە".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس ڕونیكرده‌وه، "ئەوانەی به‌گوێره‌ى مادەی 56 دەستگیرکراون، براون بۆ چاکسازیی سلێمانی".
مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، پەیوەستە بەبارودۆخی تاوانی کوشتنی بەئەنقەست‌و گیراوانی لالەزار-یش بەو مادەیە دادگاییدەکرێن.
سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس له‌تیمى پارێزه‌رانى كه‌یسى لاهور شێخ جه‌نگى‌و گیراوانى دیكه‌ى لاله‌زار ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه، دوای گەیشتنی دۆسیەی مادە 56 بۆ دادگای پێداچونەوە،
دەستەی سزایی، دۆسیەکە وردبینیدەكات‌و هەریەک لەم دەسەڵاتانەی هەیە:
1ـ پەسەندکردنی حوکمی تاوانبارکردن‌و هەر بڕگەیەکی دیكه‌ى ناو حوکمەکە.
2ـ دەکرێت حوکمی تاوانبارکردنەکە پەسەندبکات، بەڵام سزاکە کەمبکاتەوە به‌گوێره‌ى هەڵسەنگاندنی خۆیان‌و لەمکاتەدا خۆی بڕیاردەدات نەک دادگای تاوانەکان.
3ـ دەکرێت حوکمی تاوانبارکردنەکە پەسەندبکات، بەڵام سزاکەی زیاد بکات لەمکاتەدا دۆسیەکە دێتەوە دادگای تاوانەکان تاکو ئەوان سزاکە زیادبکەن.
4ـ دەسەڵاتی هەیە بڕیاربدات بەهەڵوەشاندنەوەی حوکمی تاوانبارکردن‌و سزاکان‌و بڕیاردانی ئازادکردنی ڕاگیراوان، ئه‌مه‌ش لەکاتێکدا ڕودەدات ئه‌گەر پێیانوابێت بێتاوانن‌و ئەو تاوانەیان ئەنجامنەداوە یاخود بەڵگەی باوەڕهێنەر نییە لەدژیان.
5ـ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی تاوانبارکردن سزاکان‌و گەڕاندنەوەی دۆسیەکە بەمەبەستی ئەنجامدانی دوبارە دادگایکردن لەهەموو دۆسیەکەیا یان بەشێکیان.
6ـ هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە بەهۆکاری ئەوەی دادگاکە تایبەتمەند نەبوە بەبینینی ئەم دۆسیەیەو هەر بینیویەتی.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه وتى، "هه‌ریه‌ك له(لاهور شێخ جه‌نگى، پۆڵاد شێخ جه‌نگى، بۆتان مسته‌فا، ڕێبوار زریان، ڕێبوار قودره‌ت، پێشه‌وا حه‌سه‌ن‌و ڕێبوار حامى حاجى غالى) پێشتر سزاردراون لەدۆسیەی مادەی 56و هه‌ریه‌ك له(عه‌باس ئه‌كبه‌ر، حسێن ڕه‌حیم، دركۆ سابیر، كارزان ئه‌حمه‌د، موسلم عه‌بدولڕه‌حمان، كاروان هیدایه‌ت، محه‌مه‌د ئیبراهیم، كوردۆ محه‌مه‌د، به‌ڵێن حه‌مه‌فه‌ره‌ج، محه‌مه‌د قادر، ئاراس عومه‌ر، مه‌هدى ئه‌حمه‌د، هێرش عومه‌ر، ڕه‌زوان فائیس‌و هه‌ژیر ڕه‌زا) یەکەمجاریانه ده‌برێنه بەردەم دادگا".
ئه‌وه‌شى وت، "50 سکاڵاکار + 14 داواکاری مافی کەسی لەم دۆسیەیەدا هەیە کە ئەمانە کەسوکارو ئەوکەسانەن شەوی شەڕەکە کوژراون‌و برینداربون، واتە لەم دۆسیەیەدا بافڵ تاڵه‌بانى‌و قوباد تاڵابانى سکاڵاکارنین"، سه‌رچاوه‌كه‌ى تیمى پارێزه‌ران ڕونیشیكرده‌وه، "دۆسیەى مادە 406ی یاسای سزادانی عێراقی، سزاکەی دەگاتە لەسێدارەدانیش له‌هه‌ندێك بارودۆخدا".
